»  کاتژمێر یازدە
كوردو روخساری دوای داعش
شوان داودی



لەگەڵ نزیكبوونەوەی كۆتایی داعش لە عێراق، روخساری قۆناغی دوای ئەو رێكخراوە تیرۆریستیە روونتر دەردەكەوێت، كۆنگرەی ئەستەنبوڵ كە چوارچێوەیەكی سیاسی بۆ رابەرایەتی سوننەكان لە دوای داعش دانا، تیایدا بە رەزامەندی هەموو لایەنە بەشداربووەكانی سوننەو تەوافوقی پێنج دەوڵەتە پشتیوانەكەیان و موبارەكەی ئێران، بەشێك لە سەركردە تەقلیدییەكانی سوننە كە لە لایەن سەركردە گەنجەكانیانەوە بە دایناسۆرەكان ناسراون نمونەی (ئوسامە نوجێفی، ساڵەح موتڵەگ، رافع عیساوی، تەنانەت خەمیس خەنجەریش) وەلاوەنران، دیارترین دەركەوتەكانی قۆناغی ئایندەن، كۆنگرەی ئەستەنبوڵ سەرەتا لەلایەن هەندێك هێزە شیعەكانەوە كاری لەسەركراو تەنانەت بەخیانەت ناویان بردو ئیمزاشیان لەسەركۆكردەوەو داوایان لە داواكاری گشتی كرد كە سكاڵا لە دژی بەشداربووانی ئەو كۆنگرەیە بجوڵێنێت و بەتایبەت ئەندام پەرلەمان و پارێزگارە بەشداربووەكان راپێچی دادگا بكەن.
چەندین جار هەواڵی بەشداریكردنی سەلیم جبوری لەو كۆنگرەیە بڵاودەكرایەوەو دواتر رەتدەكرایەوە، چەندین جار د.سەلیم هەوڵیداوە بڕواتە توركیاو بەڵام پەشیمان كراوەتەوەو لە فڕۆكەخانە گەڕێندراوەتەوە، پێش فڕینی بۆ ئەستەنبوڵ لەبەغدا چاوی بەئێرانییەكان كەوتووە، دواجار بۆ كۆتایی كۆنگرەكە دەگاتە توركیاو بە زۆرینەی دەنگ دەكرێتە سەرۆكی ئەو چوارچێوە تازەیەی بۆ كۆكردنەوەی سوننەكان دروستكراوە.
دوای دزەپێكردنی بڕیارەكانی كۆنگرەكەو بڵاوكردنەوەی ناوەكان بۆ سەركردایەتیكردنی ئەو قەوارە سیاسیە تازەیە، هاشوهووشەكانی سەر كۆنگرەكە نەماو ئەوانەی خۆیان گیڤ دەكردەوە دەنگیان نەما.
بەپێی قسەو باسەكان نوێنەرانی هەر یەك لە (عەرەبستانی سعودی، قەتەڕ، ئوردن، ئیمارات، توركیا) لە كۆنگرەكە ئامادەگییان هەبووەو رێگە بە هیچ كام لە بەشداربووان نەدراوە مۆبایل و تەنانەت قەڵەم و كاغەزیش ببەنە ناو كۆنگرەكەوە.
لەلایەكی ترەوە حەسەن عەلەوی ناوەڕۆكی نامەیەكی حیزبی بەعسی بۆ ئێران ئاشكراكرد كە عیزەت دووری لە رێگەی ئەوەوە بە رێگەی حیزبوڵای لوبنایدا ناردوویەتی و دواتر لە بەیاننامەیەكی سەڵاح موختاری سەركردە لە بەعس جەخت لەسەر راستی نامەكە كرایەوە كە تیایدا نیازی بەعس بۆ قۆناغی دوای داعش سەبارت بە چەك دانان خراوەتەڕوو، لە هەمانكاتدا بەشێكی بەرچاوی سەركردە گەنجەكانی سوننەی بەشدار لە پرۆسەی سیاسی حزبێكی تازەیان راگەیان بەناوی (حزب الاتحاد القوی الوطنیە)، ئەم گۆڕانكاریانە روخساری سەركردایەتی سوننەكانن دوای داعش.
وەك دەردەكەوێ لە گوتارو بەیاننامەكانیاندا كار بۆ ئەوە دەكەن خۆیان لەسنووری پارێزگانی خۆیاندا بەڕێوەببەن و واتا زیاتر لە هەرێمێكیان هەبێت، كاری سەرەكییان ئاوەدانكردنەوەی ناوچەكانیانەوە گەڕاندنەوەی خەڵكەكانیانە بۆ رێوشوێنی خۆیان.
چونكە ئامادەكاری بۆ ئاوەدانكردنەوەی ئەو ناوچانە واتا ناوچە كارەساتبارە سوننیەكان كراوەو ئەركەكانیش بەپێی زانیارییە دزەپێكراوەكان دابەشكراون، ئەركی ئاوەدانكردنەوەی هەر یەك لە پارێزگای ئەنبارو دەوروبەری خراوەتە ئەستۆی (سعودیەو ئیماراتی عەرەبی)، پارێزگای نەینەواو دەوروبەری خراوەتە ئەستۆی (توركیاو قەتەر)، پارێزگاری سەڵاحەدین و دەوروبەری دراوە بە (ئیمارات و قەتەرو كوێت)، هەریەك لەناوچە زیان لێكەوتووەكانی هەردوو پارێزگای دیالەو كەركوك لە ئەستۆی (ئیمارات و قەتەرو كوێت)ـدا دەبن، هەموو ئەو وڵاتانەو خودی سوننەكانیش لەسەر ئەوە تەباو كۆكن ئوردن بكرێتە ناوەندی سەرەكی كارەكانیان و چاودێرو دەمڕاستیشیان بێت و كۆنگرەی ئایندەشیان لە عەمان بەڕێوەبچێت.
شیعەكان دوای داعش ئەو ناوچانەی بۆ پاراستنی پێگەی خۆیان پێویستیان پێیەتی و مسۆگەركردنی پایتەختی دەسەڵاتەكەیان كە بەغدایە هەر لە پشتێنەی بەغداو پارێزگای دیالەو هەندێ ناوچەی پارێزگای سەڵاحەدین دەستی پێوە دەگرن، ناوچەكانی تر لە سەڵاحەدین و نەینەواو ئەنبار بۆ دەسەڵاتی خۆجێیی سوننەكان جێدێڵن.
ئەوەی ناڕوونە پرسی كوردە چ وەك هەرێمی كوردستان و چی وەك ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم، هەرێمی كوردستان لەنێوخۆدا تووشی كۆمەڵێك قەیران بووە، جیاوازییە سیاسییەكان قووڵبوونەتەوەو بەشێوەیەك مەترسی لەسەر قەوارەی سیاسی هەرێمەكە دروستكردووە، سەرباری كێشەكانی ناوخۆی، پرسە سیاسییە چارەنووسسازەكانی لەگەڵ دەوڵەتی عێراقدا بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوەو بگرە ئاڵۆزتربووە، لەگەڵ ئەمانەشدا نەیتوانیوە لەگەڵ پێكهاتەكانی كوردستاندا لە توركمان و مەسیحییەكان بگاتە لێكتێگەیشتن، لەسەرووی هەموویانەوە پرسی كوردانی ئێزدی شەنگال و پارتی كرێكاران و كوردانی رۆژئاوا، گەورەترین كارەساتیش بەرژەوەندییە گرێدراوەكانی پارتی دیموكراتی كوردستانە بە دەوڵەتی توركیاوە، تەنها ئەوەی روون و ئاشكرایە لە پرسی كورد، ئەو دەوڵەتانەی كە سەرقاڵی یەكخستنی ماڵی سوننەو ئاوەدانكردنەوەی ناوچە كارەساتبارەكانی سوننەن، لە هەمان كاتدا كار لەسەر قوڵ كردنەوەی جیاوازییەكانی ناو ماڵی كوردو كاولكرنی كوردستان و كۆتاییهێنانی ئەزموونی حوكمڕانی كوردی بەدەستی كورد دەكەن.
دوای داعش شیعەكان بەهێزتر لەجاران پەیڕەوی دەسەڵات دەكەن و هەژموونی خۆیان دەسەپێنن، سوننەكانیش پەندیان لە رابردوو وەرگرتووەو ناوچەكانی خۆیان بەڕێوەدەبەن و ئاوەدانی دەكەنەوەو دەبنە هاوبەشێكی ئەرێنی لە دەسەڵاتی عێراقدا، دۆزی كورد بەم دۆخەی كوردستانەوە گەشبینمان ناكات و لەم كاتە ناسكەدا كە ناوچەكە بە گۆڕانكاری گەورەدا گوزەردەكات و خەڵكان خەریكی رێكخستنەوەی ماڵی خۆیانن و ئێمەش درێژە بە پەرپووتی خۆمان دەدەین و وا خەریكە دەمانكەنە كەرەستەی شەڕێكی بە وەكالەت  لە دژی خۆمان بۆ كاولكردنی ماڵی خۆمان، بەمەش دەردەكەوێت گەورەترین دوژمنی كورد خۆمانین.


‌ 2333 جار بینراوه‌
3/17/2017 11:32:38 PM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
123
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved