»  کاتژمێر یازدە
پرسی ئاڵاو وەفدێكی بێ ئەجێنداو ناونیشان
شوان داودی




 


دوای ئەوەی لە 14ـی ئاداردا پارێزگاری كەركوك داوایەكی ئاراستەی ئەنجومەنی پارێزگا كرد بۆ ئەوەی رەزامەندی بۆ هەڵكردنی ئاڵای كوردستان هاوشانی ئاڵای عێراق لەسەر دامودەزگا فەرمییەكانی حكومەت لە شارەكەدا دەرببڕێت كە جێگەی شانازییە لە 17ـی ئادار وەكو فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەستپێشخەربووین لە پشتگیری كردنی داوای بەرزكردنەوەی ئاڵای پێشمەرگە لە قودسی كوردستان، لە ئێوارەی نەورۆز 20ـی ئادار هاوشانی ئاڵای عێراق ئاڵای كوردستان لەلایەن پارێزگاری كەركوك و نوێنەرانی پێكهاتەكانی شارەكە لەسەر قەڵا دێرینەكەی كەركوك بەرزكرایەوە.
لە 28ـی ئادار ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك دەنگی لەسەر داواكەی پارێزگار دا، هەردوو فراكسیۆنی عەرەبی و توركمانی بایكۆتی كۆبوونەوەكەیان كردو بە تەنها لیستی برایەتی كە زۆرینەیان كوردن دەنگیان بۆدا، لە 29ـی ئادار چووە بواری جێبەجێكردنەوەو لەسەر بینای پاێزگا ئاڵای كوردستان بەرزكرایەوە.
پارێزگای كەركوك كە بە پایتەختی ناوچە جێناكۆكەكان ناسراوە تاقە پارێزگایە لە دەرەوەی سیستمی ئیداری كارپێكراوی پارێزگاكانی عێراق و هەرێمی كوردستان ماوەتەوەو بە "یاسای دەسەڵاتی هاوپەیمانی" واتە بڕیارەكانی پۆل برێمەر حاكمی مەدەنی ئەمریكی لە عێراق كار دەكات و ئەنجومەنەكەی لە ساڵی (2005)ـەوە هەڵبژێردراوە كە لە (41) كەس پێكهاتووە، (26) كەسیان لە لیستی برایەتییە كە زۆرینەیان كوردن، (9) كەسیان لە لیستی توركمان و (6) كەسیان لە لیستی عەرەبن، لە هەردوو هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق، لە ساڵانی 2009 و 2013 بێبەشكراوەو بە تەمەن درێژترین ئەنجومەنی پارێزگا لە مێژووی عێراقدا ئەژمار دەكرێت.
ئاڵای كوردستان بە تەنها ئاڵای هەرێمی كوردستان نییە، ئەم ئاڵایە لە یاسای ژمارە (14)ـی ساڵی 1999،ی پەرلەمانی كوردستاندا بەمشێوەیە پێناسەكراوە (ئاڵای كوردستان ــ عێراق) واتا لە هەر شوێنێكی عێراق كورد هەبێت دەتوانێت داوای بەرزكردنەوەی ئەو ئاڵایە بكات، لە مادەی (3)ـی یاسای ئاڵای عێراق ژمارە (33)ـی ساڵی 1986 باس لەوە دەكات كە نابێت هیچ ئاڵایەك لە ئاڵای عێراق بەرزتر بێت، واتا رێگری لە هیچ ئاڵایەك نەكردووە كە لە پاڵ ئاڵای عێراق بەرزبكرێتەوە، هیچ مادەیەك لە دەستوردا نەهاتووە بۆ رێگەگرتن لە هەڵكردنی هیچ ئاڵایەك لەگەڵ ئاڵای دەوڵەتدا.
ئەم پرسە زیاد لە قەبارەی خۆی گەورەكرا، نێردراوی نەتەوە یەكگرتووەكان خۆی هەڵقورتاندە پرسەكەو بەیاننامەیەكی نێگەتیفی بڵاوكردەوە، پێش هەر لایەنێك توركیا نیگەرانی خۆی لەو بارەیەوە دەربڕی و پلەبەندیی لە ئاستی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوە تا گەیشتە خودی ئەردۆگان قسەیان لەسەری كردو هەڕەشەشیان كرد، لە رۆژی پێنجشەممە 30 ئادار بەرەی توركمانی داوایەكیان بە ئیمزای ژمارەیەك پەرلەمانتارەوە دا بە سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراق و بەدەنگ خرایە ئەجێندای دانیشتنی ئەو رۆژەی پەرلەمان و سەرۆكی پەرلەمان نەیهێشت قسەی زۆری لەسەر بكرێت و گفتوگۆ لەبارەیەوە بۆ رۆژی شەممە 1ـی نیسان دواخست.
لە خشتەی دانیشتنی ژمارە (23) پەرلەمانی عێراق لەخاڵی (6)دا هاتووە ــ بابەتێكی گشتی بۆ گفتوگۆ لەسەر بەرزكردنەوەی ئاڵای كوردستان لە كەركوك ــ زۆر بە خێرایی خاڵەكانی ئەم خشتەیە بەڕێخران بە دواخستنیان و هاتنە سەر خاڵی (6) بێ رێگەپێدان بە گفتوگۆكردن لەسەری یان ئاراستەكردنی بۆ لیژنەی پەیوەندیدار، پڕۆژە بڕیارەكەی كە بەرەی توركمانی ئامادەی كردبوو خرایە دەنگدان، كوردەكان ناڕازی بوون و چەند موداخەلەیەكی كەم كرا بۆ ئەوەی نەخرێتە دەنگدانەوە، بەڵام سەرۆكی پەرلەمان گوێی نەگرت و سوربوو لەسەر تێپەڕاندنی، وەك ناڕەزایی و شكاندنی رێژەی یاسایی دەنگدان هەموو ئەندامە كوردەكانی هەر پێنج فراكسیۆنەكە هۆڵی پەرلەمانیان بەجێهێشت و رێژەی یاساییان شكاند، بەڵام دواتر وەك خۆیان دەڵێن (165) كەس پڕ كراوەتەوەو رێژەكە تەواو بووەو بڕیارەكەیان تێپەڕاندووەو كورد گۆمانی لە رێژەی یاسایی هەبوو و تانەشی لێدا، یەكدەنگی كوردەكان تووشی شۆكی كردن و نەیانتوانی دانیشتنی تری پەرلەمان ئەنجامبدەن.
تا رۆژی دواتر سەرۆكی پەرلەمان سەردانی فراكسیۆنە كوردییەكانی كردو دانی بەوەدا نا كە پەلەیان كردووە لە تێپەڕاندنی ئەو بڕیارە ئەمە لە یەكەم دانیشتنی پەرلەمان رایدەگەیەنێت و داوای ئەوە دەكات تا پێكەوە كاربكەین بۆ ئەوەی بكەینە تەوافوق لەسەر ئەو پرسە، لە دانیشتنی دووشەممە (3)ـی نیسان لە دەستپێكی كۆبوونەوەكە بەڵێنەكەی جێبەجێكردو ئەوەی وت..
هەر بۆ هەمان پرس رۆژی دووشەممە (3)ـی نیسان وەفدێكی فراكسیۆنە كوردستانیەكان كە لە سەرۆكی فراكسیۆنەكان و نوێنەرێكی كەركوك پێكهاتبوون سەردانی نوێنەرایەتی نەتەوە یەكگرتووەكانیان كردو پەیام و گلەیی شەقامی كوردی بەگشتی و كەركوكییەكان بەتایبەت پێراگەیاندن كە نەتەوە یەكگرتووەكان لەم پرسە بێ لایەنانە كاریان نەكردووەو بەیاننامەیان لە لایەن نەیارەكانی كوردەوە دژ بەكورد بەكارهێناوەو دواتر كۆماری ئیسلامی ئێران هاتنە سەرخەت و نیگەرانی خۆیان لەمەڕ بەرزكردنەوەی ئاڵای كوردستان لە كەركوك دەربڕی.    
وەكو جاری جاران هەموو هێزە ناكۆكەكان لەدژی كورد یەكیانگرتەوە عەرەب و توركمان بە سوننەو شیعەیانەوە، ئێران و توركیا، خۆشبەختانە ئەوەی جێگەی ئومێد و دڵخۆشی بوو بۆ كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان ئەو یەكدەنگییەی فراكسیۆنە كوردییەكانی پەرلەمانی عێراق بوو كە هێزو توانایەكی وای پێبەخشین بەوپەڕی متمانە بەخۆبوونمانەوە پێداگری بكەین.
وەلێ راستە هەڵكردنی ئاڵای كوردستان لە لەسەر دامودەزگاكانی حكومەت لە كەركوك ، سەركەوتنێكی مێژوویی ئیرادەی خەڵكی كەركوك و هۆكاری یەكدەنگی كوردو رێكخستنەوەی ناوماڵی پەرتەوازەی كوردیش بوو، بە تایبەتی لە بەغدای چەقی ململانێكان و سەنگەری شەڕی ماف و دەستكەوتە نیشتمانی و نەتەوەییەكان، كە هیواداربووین ئەو هەنگاوەی كوتلە كوردستانییەكان بینای لەسەر بكرێت و ببێتە هۆی لێكنزیكبوونەوەی زیاتری لایەنە سیاسییەكانی هەرێم و كوتلە سیاسییەكانی پەرلەمانی كوردستان و گێڕانەوەی شەرعیەت بۆ دامودەزگاكانی لە رێگەی ئاكتیڤكردنەوەی جومگە سەرەكییەكانی، بەڵام بەداخەوە لە بری ئەوەی بە هەموو لایەك هەوڵی پاراستنی ئەو سەركەوتنەی داستانەكەی 28ی ئاداری كەركوك بدرێت، كەچی ئەوەی جێگەی سەرسوڕمان و نیگەرانییە، وەفدێك كە پێكهاتەیەكی نامۆ و ناهاوسەنگ بە بێ هیچ ئەجێنداو بەرنامەیەكی دیاریكراوو روونەوە، بەناوی سەرۆكایەتی هەرێم و پارتی و یەكێتییەوە، سەردانی بەغدا دەكات، كە پێمانوایە جگە لە لەباربردنی یەكدەنگی و بازدان بەسەر شەرعیەت و عورف و ئیتیكی سیاسی، هیچی تری لێهەڵنایەت.
دەبوایە لەبری ئەو وەفدە كە سیفەت و ناونیشانێكی روونی نییە، وەفدێكی هاوسەنگ و شارەزای هاوبەش لە حكومەتی هەرێم و پەرلەمانی كوردستان بە ئەجێندایەكی نیشتمانی روونەوەو بە هەماهەنگی لەگەڵ كوتلە كوردستانییەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەو سەردانەیان ئەنجام بدایە، یان ئەگەر وەفدەكە حیزبیشە ئەوە دەبوایە بەلای كەمەوە لەمكاتەدا نوێنەری پێنج لایەنەكەی تیادا بوایە، نەوەكو وەفدێكی بەرتەسكی بچووكراوە لە دوو حیزبدا بێن و رێسەكەمان لێبكەنەوە بە خوری و دەرفەتی گەڕانەوەی كەركوك بۆ كوردستان بەرتەسكتر بكاتەوە.


‌ 1999 جار بینراوه‌
4/8/2017 9:49:25 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
123
راپرسی
کێ بەرپرسە لەم دۆخەی ئێستای کوردستان؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved