»  شەکری تاڵ
ئەردۆغان و هەڵكردنی ئاڵای كوردستان



بڕیاری هەڵكردنی ئاڵای كوردستان لەسەر فەرمانگەكانی كەركوك، كە بە دەنگدانی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگاو بڕیاری ئیدارەو پشتیوانی سەرجەم پێكهاتەكانی كەركوك چووە بواری جێبەجێكردنەوە، چ لەسەر ئاستی ناوخۆ و چ لەسەر ئاستی ئیقلیمی و جیهانی كاردانەوەو رەنگدانەوەی جۆراو جۆری لێكەوتەوە.
هەرچەندە ئاڵای كوردستان، لە دوای پرۆسەی ئازادی و روخانی رژێمی بەعس لە ساڵی 2003ەوە لەم شارە لە زۆربەی دامودەزگا ناڕەسمییەكان هەڵكراوەو لەدوای پەلامارەكانی داعش بۆ سەر باشور و باشوری رۆژئاوای كەركوك، لە سایەی ئەو ئاڵایەدا هێزەكانی پێشمەرگە، بەرەنگاری تیرۆرستان بوونەوەو هەمو ئەو ناوچانەشی كە لە چنگی داعش، ئازاد كران ئاڵای كوردستانیان تێدا هەڵكراو تائێستاش سنوورەكانی خوارووی كەركوك بەو ئاڵایە نەخشێنراوەو بەئازادیی دەشەكێتەوە، بەڵام هەڵكردنی لەسەر فەرمانگە حكومییەكانی شارەكە، هەندێ لایەنی عەرەبی و توركمانی شۆڤێنی و تۆرانی جێبەجێكارانی ئەجێندە ئیقلیمییەكانی قەڵس كردو كەوتنە هەڵاو دوژمنكاریكردن.
حكومەتی توركیای نەژاد پەرست و جینۆسایدكاری كورد بەدرێژایی مێژوو، زۆرترین لێدوان و توندترین و دوژمنانەترین هەڵوێست و كاردانەوەی لەو بارەیەوە پیشانداوە.
نوێترین هەڵوێست و لێدوانی توركیا، لێدوانەكەی رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی ئەو وڵاتەیە، كە داوایكردووە كورد ئاڵای كوردستان لە كەركوك هەڵنەكات و هەڕەشەی ئەوەشی كردووەكە، ئەگەر كورد ئاڵاكەی لە كەركوك دانەگرێت باجێكی قورس دەدات”.
ئەردۆغان كە لە نێوەندەكانی ئەوروپاو ناوچەكەش بە یەكەم پشتیوانیكار و بەرگریكاری تیرۆرستان و وێرانكاری باكوری كوردستان و سوریا ناسراوەو هەر لەیەكەم رۆژی پەلامارەكانی داعش بۆسەر خۆرئاواو باشوری كوردستان، هاواری كەوتنی كۆبانی و داگیركردنی خۆرئاوای كوردستانی دەكرد، رۆژانە لە وڵاتەكەی خۆیدا مافەكانی مرۆڤ پێشێل دەكات و هیچ بەهایەكی بۆ دەستوور و یاسای وڵاتەكەی نەهێشتووەتەوە، هەزاران ئەندام و دەیان سەركردەی هەدەپەو دەبەپە و ئازادیخوازانی توركیای لە زیندان توندكردوەو سزای قەرەقۆشی بەسەردا سەپاندوون، باكوری كوردستانی شەڵاڵی خوێن كردووە.
توركیای ئاك پارتی و ئەردۆغان، كە ماوەی چەندین ساڵە، سەدان سەربازی لە باشوری كوردستان جێگیركردووەو سەدان سیخوڕی لە عێراق و كوردستان بڵاوەپێكردووە، باسی پێشێلكردنی دەستووری عێراق لەلایەن كوردەوە دەكات و فرمێسكی تمساح بۆ یەكپارچەیی خاكی عێراق هەڵدەڕێژێت.
ئەردۆغان و ئاك پارتی، داگیركەری باكوری كوردستان و بكوژی هەزاران ئازادیخوازی كورد و تورك و پێكهاتەكانی دیكەی توركیا، كاتێك كە توركمانەكانی تەلەعفەرو بەشیری خوراووی كەركوك و ناوچەكانی دیكەی موسڵ، كەوتنە بەر شاڵاوی داعشەكان، نەك فزەی لەدەم نەهاتەدەر، بەڵكو هاوكاریكردنی تیرۆرستانی دەكرد بۆ قەتلوعام كردنیان، كەچی ئێستا، سنگی بەرگریكردن لە توركمانەكانی كەركوك دەردەپەڕێنێت.
هەر كەسێك كە تۆزێك خاوەنی بیركردنەوەی تەندروست و هەستی مرۆیی بێت، ئەو پرسیارە لە ئەردۆغان دەكات، ئاخۆ بۆ دەبێت، ئازادی و سەرفرازیی كورد، ببێتە هۆی تێكدانی دۆخی ئەمنی و ئاژاوە لەناوچەكە، بەڵام جینۆسایدكردن و كیمیابارانكردن و كۆیلەكردنی مایەی ئارامیی و سەقامیگری ناوچەكە بێت؟
هەمو كەسێكی هوشیار و خاوەن ئەقڵی سەلیم ئەوە باش دەزانێت، كە ئەردۆغان و دارودەستەكەی نە خەمی توركمان و نە خەمی یەكپارچەیی خاك و یاساو دەستووری عێراقیان نیە، بەڵكو خەمی سەرەكی و گرنگی ئەوان تەنها، بەرژەوەندییە تاكە كەسیی و حزبییە داگیركارییەكانی خۆیانەو ئەوە سیاسەتی شۆڤێنیستانەو دژی مرۆڤانەیانە، كە بەهۆی دەركەوتنی ئاماژەیەك بۆ سەربەخۆیی كورد، هەراسانی كردوون.
پێشنیاریش دەكەم بەرانبەر بە هەڕەشەكانی سوڵتان، هەموو هاوڵاتیانی كەركوك، لەسەرجەم پێكهاتەكان، ئاڵای كوردستان لەسەر سنگیان بدەن.
ئیمزا
ئومێد مەحمود

‌ 2050 جار بینراوه‌
4/8/2017 11:23:56 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
راپرسی
پێت وایە دۆخی ئێستای كوردستان بەچی چارەسەر ئەبێت؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved