»  چاوپێکەوتن
ئەڵماس فازڵ: جگە لەیەك حیزب سەرجەم حزبە توركمانییەكان لەگەڵ ئێمەدان بۆ گەڕانەوەی كەركوك بۆ سەر هەرێمی كوردستان
ئا/ رامان ساڵەیی



لەبارەی پرسەكانی هەڵكردنی ئاڵای كوردستان و ریفراندۆم و مەلەفی نەوت، ئەڵماس فازڵ بڕیاردەری ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لەدیدارێكدا لەگەڵ (هەواڵ) باس لەكاریگەریی و كاردانەوەكانی هەڵكردنی ئاڵاو ئەنجامدانی ریفراندۆم دەكات و داوای دەربڕینی دوا هەڵوێست لەحكومەتی هەرێم دەكات، راشیدەگەیەنێت: “گلەییمان لەحكومەتی هەرێم زۆرە، بەڵام لەبەرئەوەی حكومەتی خۆمانە گلەییەكانمان دەشارینەوە”.


*بۆچی بڕیارتاندا ئاڵای كوردستان لەكەركوك هەڵبكەن؟
ــ ماوەیەكی زۆر بوو بیرمان لەوەكردبۆوە ئاڵای كوردستان هەڵبكەین كە داواكاریەكی نیشتمانیی لەمێژینەی هاوڵاتیانە، چاوەڕوان بووین حكومەتی ناوەندی خۆی بڕگەكانی مادەی 140 جێبەجێبكات، بەڵام دوای هاتنی داعش و ژمارەیەكی زۆر قوربانی لەهێزەكانی پێشمەرگە لەسەر بەرگریكردن لەكەركوك، ئاڵا بوو بەئەمری واقع لەسەنگەرەكانەوە بەخوێن نەخشرا، ماوەی چەند مانگێك بوو چاوەڕوانی دەرفەتێكمان دەكرد، بەڵام كۆمەڵێك كێشە هاتنە پێشەوە، دواجاریش ئەوەبوو كە دكتۆر نەجمەدین كەریم پێشنیازی كرد ئاڵای كوردستان هەڵبكرێت، هەرچەندە لە 2003ەوە ئاڵای كوردستان هەڵكراوە لەكەركوك، بەڵام وەك فەرمی لەئەنجومەنی پارێزگا نەبووە، بۆیە ئێمە بەپشت بەستن بەدەستورو یاسا بڕیارماندا ئاڵای كوردستان لەسەرجەم دامودەزگاكان هاوشانی ئاڵای عێراق هەڵبكرێت.

*تاچەند لایەنە كوردییەكان یەكڕیزی و یەكدەنگبوون لەسەر پرسی ئاڵای كوردستان؟
ــ ئێمە لەكەركوك تەبایی و یەكڕیزی سەرجەم لایەنە سیاسییە كوردیەكانمان پێویستە، ئاڵا هەڵكردن هەنگاوێك بوو بۆئەوەی جارێكی تر ناوماڵی كورد یەكبخرێتەوەو لایەنەكان بەخۆیاندا بچنەوە، هۆكارێك بوو تا بەرچاومان روون بێت ئەو نەیارانەی ئێمە لەكاتێكدا لەهەرێمی كوردستان خزمەت دەكرێن بەوشێوازە لەسەر هەڵكردنی ئاڵایەك هەڵسوكەوتمان لەگەڵ دەكەن، بیریان بێتەوە ئەوانە ماڵیان لەهەولێرە و خزمەت دەكرێن لەوێوە بەردمان بۆ تێدەگرن، بۆیە هیچ شتێك دەرفەتمان نادات جگە لەیەكڕیزی خۆمان نەبێت.

*كاردانەوەكان كاریگەریان لەسەر ئەوە دەبێت، ئاڵای كوردستان دابگرن و لەبڕیارەكەتان پاشگەز ببنەوە؟
ــ زیاتر لە 11 پارتی توركمانی پشتیوانیان لەهەڵكردنی ئاڵای كوردستان لەكەركوك كردووە، تەنها یەك پارتی سیاسی توركمانییە دژایەتی بۆ هەڵكردنی ئاڵای دەربڕیووە، مافی خۆیانە تێبینیان هەبێت، بەڵام بەو شێوە ناتەندروستە رەخنەو تێبینیەكانیان زەق بكرێتەوە كارێكی تەندروست نییە، لەسەرەتاوە ئێمە هەوڵماندا لەگەڵیان گفتوگۆ بكرێت بەڵام دوو لایەنی عەرەبی و جەبهەی توركمانی تەنانەت ئامادەی گفتوگۆش نەبوونە لەسەر ئەو بابەتە، بۆیە تەنها حزبێكی وەك جەبهەی توركمانیش ناتوانێت وەك نوێنەری هەموو توركمانەكان قسە بكات و بەشێكی كەمینەن و كاریگەریان نابێت لەسەر هەڵكردنی ئاڵا.

*دەوترێت هەڵكردنی ئاڵا كێشە بۆ كەركوك دروستدەكات، تاچەند لەگەڵ ئەو بۆچوونەدایت؟
ــ من دەپرسم كەركوك چەند كێشەی هەیە، كوا بودجەو فڕۆكەخانەو پاڵاوتگەمان كوا پارەی پترۆدۆلار پشكمان لەدامەزراندنەكان، كەركوك لەوەتەی هەیە لەناو كێشەو ململانێدا بووە، حكومەتی ناوەندی نەك بەگوێرەی پێویست ئاوڕی لێی نەداوەتەوە بەڵكو هەندێكجار دژایەتیشی كردووە بەتایبەت لەرووی دروستكردنی پاڵاوتگەو فڕۆكەخانەیەكەوە، هەڵكردنی ئاڵاش كاردانەوەی ئەو كێشانەیە كە حكومەتی عێراق بەشێوەیەكی تەندروست مامەڵەی لەگەڵمان نەكردووە، بۆچی كەس ناپرسێت بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان شمولی كەركوك ناكات، مافی رەوای خەڵكی كەركوك نییە نوێنەری خۆی هەڵبژێرێت.

*لەبری ئەوەی ئاڵای كوردستانتان هەڵبكردایە بۆچی نەچوون ئەو كێشانە چارەسەر بكەن؟
ــ چەندین نوسراوو وەفدمان رەوانەی بەغدا كردووە، تەنانەت چەندین كۆبونەوە كراون بۆ دابەشكردنی دەسەڵاتەكان بۆ پارێزگاكان بەڵام ئەنجامێكی ئەوتۆیان نەبووە، لەساڵی 2005 لەماڵی بەڕێز مام جەلال كۆبونەوەیەكمان كرد هەر ئەوكات سەردانی لایەنە سیاسیەكانی عێراق و سەركردە باڵاكانمان كرد بۆ جێبەجێكردنی داواكاریەكانی كەركوك، بەڵام هیچ كام لەكێشەكانمان چارەسەر نەكراون و كێشەكان بەكەڵەكەبووی ماونەتەوە.

*كەی بەرەسمی لیژنەیەك بۆ هەڵكردنی ئاڵای كوردستان پێكدەهێنن و بودجەی تایبەتی بەچ میكانیزمێك بۆ دیاریدەكرێت؟
ــ هەر بەپێی بڕیارەكەی ئەنجومەنی پارێزگا كە لە 28ی ئادار دەرچوو، ئەو رۆژە بەرۆژی نیشتمانیی ناسێندرا، لەسەر بودجەی پارێزگاش بڕە پارەیەك دیاریدەكرێت بۆئەوەی یەك جۆر ئاڵا لەسەرجەم دامودەزگاكان هەڵبكرێت و هەنگاوەكانی جێبەجێكردنەكەشی لەلایەن پارێزگاەوە دەستپێدەكرێت.
*ئێوە لەژێر هیچ فشارێكدا ئاڵای كوردستان دادەگرن، بەتایبەت فشاری وڵاتانی دەرەوەو لەناویشیاندا توركیا؟
ــ ئێمە بەهیچ جۆرێك پەشیمان نابینەوە، ئەگەر حكومەتی عێراق حكومەت بێت، نابێت بەهیچ جۆرێك ئەو فشارانە قبوڵ بكات و دەبێت لەڕێگەی وەزارەتی دەرەوە وەڵامی هەبێت، لام سەیرە خەڵكی دەرەكی سەغڵەت بووەو لەئەمنی قەومی خۆی دەترسێت، حكومەتی عێراقی ئەگەر سیادەی هەبێت چۆن قبوڵ دەكات دەستی دەرەكی تەداخول لەكاروباری ناوخۆی بكات، ئەوەش پرسیارێكەو دەبێت حكومەت خۆی وەڵامی بداتەوە.

*داوای ئەنجامدانی ریفراندۆمتان كرد لەئەنجومەنی پارێزگا، ئایا ریفراندۆم لەكەركوك دەكرێت؟
ــ ئێمە داوای ریفراندۆممان كردوەو دەبێت حكومەتی هەرێم وەڵامی ئەو پرسیارە بداتەوە لەكەركوك دەكرێت یان نا، ئایا حكومەتی هەرێم لەهەنگاوەكانی دێتە پێشەوە، چاوەڕوان دەبین بزانین بەرەو كوێ دەڕوات چونكە ئێمە داوای هاوكاری و ریفراندۆممان لەهەرێم كردووەو ئەركی سەرشانیشیەتی جێبەجێی بكات بەرلەوەی ئێمە داوا بكەین، دەبێت هەنگاوی خێراترو یەكلاكەرەوە بنێن، ئەوەی ئێستا لەكەركوك داواكراوە لەچوارچێوەی مادەی 140دایە، ئێمە ئاڵای كوردستانمان هەڵكردو ئیعترافمان بەكوردستانی بوونی خۆمان كرد، چاوەڕوانی هەنگاوی حكومەتی هەرێمیش لەو رووەوە دەكەین و ئێمەش پشتیوانیان دەبین.

*دەوترێت ئەگەر بەغدا ریفراندۆم لەكەركوك ئەنجام نەكات، حكومەتی هەرێم دەتوانێت ئەنجامی بدات، ئایا پێت وایە هەرێم بچێتە ژێر ئەو بەرپرسیارێتیەو ریفراندۆم لەكەركوك ئەنجامبدات؟
ــ پارت و دەسەڵاتە سیاسییەكانی هەرێم كە خۆیان بەخاوەنی ئەم شارە دەزانن بەتایبەت یەكێتی كە قوربانی و خوێنی زۆری لەپێناو كەركوك بەخشیووە بەهیچ جۆرێك سازش لەسەر كەركوك ناكات، بڕواش ناكەم لایەنەكانی تر كارێكی لەو جۆرە بكەن و كەركوك بەتەنها بەجێبهێڵن.
*ئەگەر ریفراندۆم لەكەركوك بكرێت خەڵكی شارەكە بۆ سەربەخۆیی یان گەڕانەوە بۆسەر هەرێم یان مانەوە لەگەڵ عێراق دەنگ دەدەن؟
ــ ئەوانەی ئیمانیان بەكوردستانی بوونی كەركوكە دەنگ نادەن بەچوونە سەر بەبەغدا، لەگەڵئەوەشدا بۆچوونێك هەیە كە كەركوك بكرێتە هەرێمێكی سەربەخۆ، بەڵام ئەو بۆچوونە قسەی لەسەر نەكراوە، ئەوەی ئێمە لەلامان یەكلابۆتەوە كەركوك كوردستانیەو هەمیشەش بەكوردستانی دەمێنێتەوەو خەبات و هەڵبژاردن و بریارەكانیشمان لەو چوارچێوەیەدا بوونە.

*دەوترێت لایەنی كوردیش هەیە لەگەڵ گەڕانەوەی كەركوك نییە بۆسەر كوردستان ئایا ئەمە تاچەند راستە؟
ــ ئەگەر لەگەڵ ئەوە نەبووبێتن بگەڕێتەوە سەر هەرێم دەبوو هەموو لایەنە سیاسییەكان كۆك نەبوونایە لەسەر هەڵكردنی ئاڵای كوردستان، پێم وایە لەبەرئەوەی مەسەلەیەكی نیشتمانییە دواجار ئەگەر بۆچوونی جیاوازیش هەبێت، لەهەر چوارچێوەیەك بێت حزب و لایەنەكان دەبێت كۆك بن لەسەری، بەڵام ئەوەی كە بڕوام پێیەتی سازش لەسەر كەركوك ناكرێت، هەرچەند ئالیەتی ریفراندۆمەكە لەبەرچاوم روون نییەو وردەكاری و میكانیزمەكەی یەكلا نەبۆتەوە.

*گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە عەرەبی و توركمانییەكان و كەمە نەتەوەكان دەكەن بۆئەوەی لەكاتی ئەنجامدانی ریفراندۆم نەبنە رێگر لەبەردەمتان بۆ گەڕانەوە بۆسەر هەرێم؟
ــ كلدان و مەسیحییەكان هەڵوێستیان زۆر روون و ئاشكرابووەو پشتیوانیش لەگەڕانەوە بۆسەر هەرێم دەكەن، تەنها یەك پارتی سیاسی توركمانی لەگەڵماندا نیین و سەرجەم پارتە توركمانییەكانی تر لەگەڵ ئێمەدان بۆ گەڕانەوەی كەركوك بۆسەر كوردستان.

*مانگانە 10 ملیۆن دۆلار وەك پارەی پترۆدۆلار رەوانەی كەركوك دەكرێت، بەڵام ئەو پارەیە بەراورد بەو نەوتەی هەناردە دەكرێت كەمە، چی دەكرێت بۆ ئەو گرفتە؟
ــ ئەو بڕە پارەیە پارەی پترۆدۆلاری تەواوی ئەو نەوتە نییە كە هەناردە دەكرێت، بەڵام لەبەرئەوەی هەرێمی كوردستان ئێستا لەقەیراندایە، ئەو پارەیەی ئێمەشی لەلا دەمێنێتەوە وەك قەرز، هەركاتێك دۆخی هەرێم ئاسایی بكرێتەوە موستەحقاتی شاری كەركوك بەتەواوی دەبێت بدرێتەوە.

*ژمارەیەكی زۆر كێڵگەو بیرە نەوت لەكەركوك هەیە، وەك دەوترێت تەنها نەهامەتیەكەی بۆ كەركوكییەكانە، ئێوە چی دەكەن بۆئەوەی ئەو نەوتە بخەنە خزمەت هاوڵاتیانەوە؟
ــ ئێمە تا پارەی پترۆدۆلارەكە بۆمان دەهات سودمەندبووین لێی، هەر لەو پارەیە نزیكەی 7 هەزار كەس دامەزرابوون و مانگانە موچەیان پێدەدرا ، ئێستاش ئەگەر جێبەجێكردنی ژمارەیەكی كەم لەپرۆژەكان ببینرێن لەو بڕە پارەیە كە لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە وەك پارەی پترۆدۆلار دەنێردرێت، جگە لەوەش مانگانە ملیۆنێك دۆلار بۆ مامۆستایان تەرخانكراوە تا خوێندن پەكی نەكەوێت.

*ئەو رێكەوتنانەی لەنێوان هەرێم و بەغدا لەسەر كەركوك دەكرێن نوێنەری كەركوكیان تێدا نییە، قسەتان لەسەر ئەوە چیە؟
ــ دەیانجار داوامانكردوە لەئەنجومەنی پارێزگا كە نوێنەری كەركوك لەو دانوستانانە هەبن و هەماهەنگی زیاتر هەبێت لەو مەسەلانەدا.

*پێتوانیە ئەمە پەراوێزخستنی رۆڵی كەركوكیەكانە لەبڕیاردان؟
ــ ئێمە گلەییمان لەحكومەتی هەرێم زۆرە، بەڵام لەبەرئەوەی حكومەتی خۆمانە گلەییەكانمان دەشارینەوە، كە حكومەتی ناوەند پشتگوێمان دەخات دەبێت هەرێم رێگە بەوەنەدات پارێزگاری كەركوك ئەندامی مەكتەبی سیاسی حزبێكە بەشداربیت یاخود نوێنەری ئەنجومەنی پارێزگا پێویستە بەشداریان پێبكرێت نەك ئێمە لەڕێگەی راگەیاندنەكانەوە لەرێكەوتنەكان لەسەر كەركوك ئاگاداربكرێینەوە.
*یەكێتی هەوڵیدا بۆئەوەی رێكەوتنەكەی ئیدارەی كەركوك و وەزارەتی نەوت جێبەجێبكرێت، ئایا هەوڵەكان بەكوێ گەیشتن؟
ــ لەئەنجومەنی پارێزگاوە داوامانكردووە لەرێگەی لیژنەی نەوتەوە نوسراوێكی تر بۆ وەزارەتی نەوت بكرێت تا رێكەوتنەكە جێبەجێبكەن، بۆیە ئێمە پشتیوانی ئەو رێكەوتنە دەكەین و پێویستە بەزووترینكات پاڵاوتگەیەك دروستبكرێت، بەغدا بیانووی ئەوەیان هێناوەتەوە دواكەوتنی پاڵاوتگە بۆ كێشەی هونەری دەگەڕێتەوە، بەڵام ئێستا كێشەكان كۆتاییان هاتووەو هیچ گرفتێكی هونەری نەماوە.


‌ 2530 جار بینراوه‌
4/15/2017 10:53:28 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
راپرسی
کێ بەرپرسە لەم دۆخەی ئێستای کوردستان؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved