»  بینین
دە ساڵ ، من وهەواڵ
دڵسۆزحەمە




بۆ كەسێك كە لە دووری هەزاران كیلۆمەتر لە كوردستان ژیان بەسەر بەرێت و لەهەمانكاتدا بشیەوێت بەشدار بێت لە ژیانی گشتی ناوەوەی وڵات، بیروڕای هەبێت لە سەر رووداوەكانی رۆژ، بۆ منێك كە ئەگەرچی تاقە رۆژێكی خۆشم لە وڵات نەدیوە، تەنها خەوێكیشم لەوێدا نەهاتۆتەدی، خاوەنی یەك تاقە ژوور نیم لەو وڵاتەو هیچ دەسكەوتێكم نەبووەو نییە، بەڵام عەشقێكی ئەبەدی منی بەو سەرزەمینە دڵڕەقەوە بەستۆتەوە، پەیوەستم بە بست بەبستی كۆڵان و رێگاو بان و ئازارو مەینەتی و بازاڕ و گوفەك و زبڵخانەكانیشی، پەیوەستم بەهەموو جوانی و ناسكی و سروشت و دارودرەختەكانیشی، پەیوەستم بە هەموو ناشرینی و هەروەهاو جوانیەكانیشی، بۆ كەسێكی وەكو كە لە پەیوەندیەكی ئەو شێوەیە بم بە دوورە وڵات و پرسەكانی وڵاتم، نووسین تەنها رێگایەكە كە بەرجەستەی ئەو پەیوەستبونە رۆحی و ئەخلاقیەی من بكات تەنها رێگایەك بۆ بەدیهێنانی خەونی بەردەوامیدان و راگرتنی پەیوەستبوونم بە وڵات و ئازارەكانیەوە و نووسین و بڵاوكردنەوەی بیروڕاكانم بەتایبەتی بۆ ژنێك كە لە دنیای مێدیای ئێمەدا كە دنیایەكی تاسەر ئێسك دنیایەكی پیاوانیە خەونێك بوو كە هەواڵ ئەو خەونەی بۆ هێنامە دی، رۆژنامەی هەواڵ لافی سەربەخۆیی و بێلایەنی و ئەو مۆدێلەی بە ئەهریمەنكردنی ئەوی تر ناكات بە ناوی ئازادی رادەربڕینەوە بەوجۆرەی كە ئێستا لە دنیای مێدیای ئێمەدا باوەو بۆتە مۆدێلێكی خراپ بەڵكو ئەزموونی من لەگەڵ ئەم رۆژنامەیە ئەزمونێكە بە پانوپۆڕی ئازادی و هەموو پانتاییەكانی ئازادی رادەبڕینەوە توانیومە گوزارشت لە هەموو دیدو بۆچونەكانی خۆم بكەم ئەگەر زۆر جاریش تا راددەی بەریەككەوتن و جیاوازی لەگەڵ رۆژنامەكەو لەگەڵ خودی سەرنوسەری رۆژنامەكە جیاواز بوبێت، هیچ كات نە رێگریم لێكراوە نە هیچ سانسۆر بۆسەر وتارەكانم هەبووەو نە هەرگیز سانسۆری قسەكانم كراوە .
 سەرۆكی دەزگای هەواڵ بەڕێز شوان داودی كە ئێستا ئەندامی پارلەمانی عێراقە، بەڵام لە بەر ئەوەی لە بنەڕەتدا بۆ خۆی رۆژنامەنوسەو رۆژنامەنوس بووە، ئێستاش ئەم پیشەیە لە ئادای پارلەمانیشدا رەنگی داوەتەوە، لەو ئەندامە دەگمەنانەی ناو فەزای ژیانی سیاسی پارلەمانە كە بە راشكاوی و راستەوخۆ بەردەوام زانیاری ووردو هەستیار، زانیاری گرنگ دەدات بە خەڵكی لەسەر ئەو پرس و دۆسیە گەرم بابەتە ووروژاوانەی لە ژیانی سیاسی عێراق و كوردستاندا بەردەوام دەكرێنەوە وجێگای مشتومڕی گەرم وهەمیشەیین .مەرج نیە لەگەڵ بیروڕای سیاسی كەسێك كۆك و تەبا بین، بەڵام مەرجە هەمیشە وێنەكان وەكو خۆیان ببینین .
 هیچ پیشەیەك وەكو نوسین بۆ ژنان پیشەیەكی پڕ سەرئێشە نیە، هیچ فەزایەكیش وەكو فەزای نوسین بۆ ژنان لێوانلێوی نابەربەری و غەدر وپەڕاوێزخستن نیە، دنیای نوسین لە دنیای سیاسەت و هەر دنیایەكی تریش زیاتر داخراوە بەسەر ژناندا ! زیاتر پەڕاوێزخستن ونكۆڵیكردن ودەركردن و بەهەندوەرنەگرتنی تێدایە، رەنگە ناوی ژنێك بەسەر وتارێكەوە ئیتر بەس بێت كە زۆرێك لە خوێنەران گرنگی پێنەدەن، ژنان لە پیاوەكان خراپتر ! هاوڕێی ژنەكان نوسین و وتاری یەكتری ناخوێننەوە !!
گۆشەی بینین بەراوورد بەو پانتاییە بەرین و بێشومار و بێسنورەی ئێستای دنیای رۆژنامەوانی كوردی، لەناو زۆری و بەردەستی ئەو هەمو بڵاوكراوەو ماڵپەڕو سۆشیال مێدیا و پەنجەرە زۆرانەی مێدیای كوردیدا رەنگە دڵۆپی دەریایەك بێت، بەڵام رەنگە من یەكەمین ژن بم لە مێژویی مێدیای كوردیدا كە دەساڵ گۆشەیەكی هەفتانەم نوسیبێت بۆ رۆژنامەیەك، جگە لەوەی هەواڵ و ئەم گۆشەیە بەردەوام منیان بەو سەرزەمین و خاكەوە گرێداوەتەوە كە هەمیشە لەگەڵ كێشەو ئازاراەكانیدا دەژیم و ژیاوم، هەربۆیە بەردەوامیم لە نوسین، هەروا نوسینی ئەم گۆشەیە وەڵامێكە بە پێداویستی ناوەوەی خۆم وهەستی بەرپرسیاریم بەرانبەر نیشتمانێك كە لە ویژدانمدا دەژی .
لەم دە ساڵەدا دەیان روداوی گەورە وگرنگ لە جیهان وناوچەكەو عێراق و كوردستاندا روویداوە، لە ژیانی منیشدا هەروا دەیان هەڵبەز ودابەز، ڕۆژانی سەخت و بەرپرساری ژیان و منداڵەكانم بەڵام لە نوسینی گۆشەكەم بەردەوام بووم وەكو بەشێك لە ئەركی ژیانم .
خۆشحاڵم كە دیسان دەتوانم ئەم پەنجەرەیە بكەمەوە وەكو قەڵەم و دەنگی ژنێك لەسەر ژیان و وڵات و پرس و دۆسیەكان قسەم هەیە، لە وڵاتێكدا دەنگی جددی ژنان پەڕاوێز دەخرێت.

‌ 2661 جار بینراوه‌
4/15/2017 10:59:11 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
123
راپرسی
پێت وایە دۆخی ئێستای كوردستان بەچی چارەسەر ئەبێت؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved