»  شەکری تاڵ
جەنابی سەرۆك.. ئەی هاوڵاتیانی ئامەدو دێرسیم ـ ش مرۆڤ نین ؟!
ئومێد مەحمود



كیمیابارانكردنی شارۆچكەی خان شیخۆنی سەربە شاری ئیدلب ـ ی سوریا، كە ژمارەیەك زۆر هاوڵاتی مەدەنی بوونە قوربانی، وەك ئاژانسەكانی هەواڵیش بڵاویان كردەوە، زۆربەی ئەو قوربانیانەش ژن و مناڵ بوون، هەرچەندە تائێستا هیچ لایەنێكی سەربەخۆو بێلایەن، نەیسەلماندووە و ساغیش نەكراوەتەوە، كە ئاخۆ رژێمی سوریا یان تاقمە تیرۆرستییەكان ئەو تاوانەیان ئەنجامداوە، چونكە هەردوولا یەكتر بە ئەنجامدانی تاوانەكە تۆمەتبار دەكەن هەردوولا-ش لێیاندەوەشێتەوە.
ئەوەی جێی سەرنجی هەموو جیهان بوو، وەڵام و هاتنەدەستی خێراو بە پەلەی ئیدارەو سەرۆكی ئەمریكا بوو، كە وەك خۆیان رایانگەیاند، بۆ (تۆڵەسەندنەوە) لەو تاوانە، دوای كەمتر لە 72 سەعات، بە نزیكەی 60 موشەكی تۆماهۆك كەلە دەریاوە ئاراستەی كردن، فڕۆكەخانەی شعێراتی سوریای موشەكباران كردو زیانێكی زۆری گیانی و ماددی لێكەوتەوە.
ئەو بڕیارەی ـ دۆناڵد ترامپ ـ ی سەرۆكی ئەمریكا، بۆ تەمبێكردنی رژێمە خوێنریِژەكەی سوریا، وەك خۆی رایگەیاند، جێی ئەوپەڕی شادی و رێز بوو، ئەگەر تۆزێك راستیی تێدابوایە.
هاوڵاتییەكی كوردی باكورو خۆرئاوای كوردستان چۆن بڕوا بەو بانگەشەو فرمێسك رشتنەی ترامپ بۆ بەرگریی و داكۆكیركردن لە مافەكانی مرۆڤ بكات، كاتێك دەبینێت، ماوەی نزیكەی دوو ساڵە رژێمە فاشیست و مەچەك بەخوێنەكەی ئاكپارتی و ئەردۆگان، بە بەرچاوی ئەمریكاو ئەوروپاو هەموو جیهانەوە، وەك سەگی هار پەلاماری هاوڵاتیان لە گوندو شارو شارۆچكەكانی كوردستان دەدات و رۆژانە بەدەیان ژن و مناڵ و پیرو پەككەوتە شەڵاڵی خوێن دەكەن و گوندو شار بەتەواوی خاپورو وێران دەكەن، كەچی ترامپ و ئیدارەكەی هەستی مرۆییان ناجوڵێت، نەك هەر فڕۆكەخانەو بنكە سەربازییەكانی توركیا، بۆردومان ناكەن، بەڵكو نوزەیەكی ناڕەزاییشیان لێوە نایەت!
زیاتر لە دوو ساڵە ئەردۆگان و سوپا دڕندەكەی پەلاماری خۆرئاوای كوردستان دەدات و مناڵ و ژنی گوندەكانی عفرین و كۆبانێ‌ تۆپباران و موشەكباران دەكات هاوڵاتیانی مەدەنی ئەو ناوچانە دەكوژێت، كەچی ترامپ هەر بۆ (مجامەلە)ی دونیای مرۆڤدۆست و ئازادیخواز، سەرزەنشتێكی سوڵتان ناكات!
چەندین ساڵە ئەنكەرەی پایتەختی خوێن و تاوان، بە بیانووی بوونی گەریلا، بۆردومانی گوندو هاوڵاتیانی باشوری كوردستان دەكات، كەچی ترامپ خەوی لێكەوتووەو ئەو هەموو تاوانانەی سوڵتان و سوپا جەلادەكەی نابینێت، وەك ئەوەی مناڵ و ژن و پیرو پەككەوتەی كورد، (گیانداری كێوی یان مێرووی زیانبەخش) بن، نەك مرۆڤ!
داخی قووڵ و خەمی تاڵش، ئەوەیە كە زۆربەی زۆری راگەیاندنەكانی كوردستان، زۆر بەپەلە هەموو ئەو ریكلام و پڕوپاگەندانەی سی ئای ئەی و پنتاگۆن بڵاودەكەنەوەو هەوڵدەدەن تاكی كورد بڕوا پێبهێنن كە گورزەكەی ئەمریكا لە رژێمەكەی سوریا بە ئامانجی داكۆكیركردن لە مافی مرۆڤی سوریا بووە !
 داوا لە دۆناڵد ترامپ دەكەم بۆ ئەوەی بۆ كوردو هەموو جیهانی بسەلمێنێت كە بە حەققەت داكۆكیكارو بەرگریكاری مافەكانی مرۆڤە، با سنوورێك بۆ تاوانەكانی ئەردۆگان دابنێت و دەستی سوڵتان لە كۆمەڵكوژكردنی كورد ببڕێت، وەك چۆن دەیەوێت ئەسەدی خوێنڕێژ تەمبێ‌ بكات، با ئەردۆگانش تەمبێ‌ بكات.
هەرچەندە دڵنیاو بێگومانم بەرژەوەندییە سیاسی و ئابورییە ستراتیژییەكانی ئەمریكا لەگەڵ توركیا، بەری چاوی ترامپ و ئیدارەكەی گرتووەو لە ئاست هەموو تاوانێكی سوڵتان نابیناو كەڕی كردوون، ئەگەر رۆژانە سوڵتان، نەك دەیان ژن و مناڵی كورد بكوژێت، بەڵكو هەموو باكورو باشورو خۆرئاوای كوردستانش خاپورو سوتماك بكات، بۆ چركەساتێكش هەستی ناسكی (پەپولەو گوڵئاسا)ی مرۆڤایەتیان ناجوڵێت!
ئیمزا
ئومێد مەحمود

‌ 1926 جار بینراوه‌
4/15/2017 12:04:51 PM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
راپرسی
کێ بەرپرسە لەم دۆخەی ئێستای کوردستان؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved