»  وتاری هەفتە
پیلانێکی نوێ دژ بە کەرکوک
بورهان حاجی سلێمان



بۆ شارێکی وەکو کەرکوک قۆناغی دوای داعش زۆر لە قۆناغی لوتکەی بەھێزبوونی ئەو رێکخراوە توندڕەوە نێودەوڵەتییە، ھەستیارترو مەترسیدارتر دەبێت و بەتایبەتی دوای پرسی ئاڵای کوردستان و وروژاندنی کەیسی گەڕانەوەی کەرکوک بۆ سەر ھەرێم، پیلانەکان چڕتر دەبنەوەو دوژمەنەکانیش زۆرتر.
ئەگەر لە جەنگی داعشدا تورکیاو عەرەبی سوننە پاڵپشتی ئەو رێکخراوە بووبن، ئەوا بێجگە لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، ئێران و شیعەش ھاوبەشی کورد بوونە لەشەڕی داعش، ھاوکات ھەڕەشەکانی ئەو رێکخراوە چ کورد لە ناوخۆو چ لە ئاستی عێـراق ھێزەکانی لە بەرەیەکدا یەکخستبوو، بەڵام ھێشتا بە تەواوی ھەڕەشەکانی داعش کۆتاییان نەھاتووەو تەنھا چارەنووسە حەتمیەکەی لە ئاسۆ دەرکەوتووە،  زۆربەی دۆستەکانی دوێنێ لە کەرکوک دەبنە نەیارو لە سایەی ئامانجێکی یەکگرتوودا دژبەیەکەکانی وەکو عەرەب و تورکمان، شیعەو سوننە، تورکیاو ئێران، کۆبوونەتەوە، کە دژایەتی کردنی باڵادەستی کوردە لە کەرکوک.
لەو چوارچێوەیەشدا لە پێناو گەیشتن بەو ئەنجامە ھەموو رێگەیەکی دوور لە ئاکار دەگرنەبەر و بە پاساوی جیاواز لە ژێر پەردەی جۆراوجۆردا ھەوڵی جێبەجێکردنی پیلانەکانیان دەدەن، بەتایبەتی کارکردن لەسەر پرسگەلێکی ھەستیاری نەتەوەیی و ئاینی، بە تایبەتی ئەوەی دوایینیان ئێستا دەیانەوێت کاری لەسەر بکەن و ھەڵمەتێکی دژ بە مەسیحیەکان لە مینبەری مزگەوتەکانەوە بەرپا بکەن، بۆ ئەوەی شارەکە بەجێبھێڵن و کێشەیەکی ئاینیش بۆ کێشە کەڵەکبووەکانی زیاد بکەن و ھەوڵی راکێشانی دەستی دەرەکی بۆ ناو شارەکە بدەن.
ھەرچەندە پێشتر شیعە بەعسییەکان لەمینبەرە جیاجیاکانیانەوەو مەسیحییە بەعسیەکان، ھەوڵی تەکفیرکردن و تۆقاندنی مەسیحییەکانی کەرکوکیان داوەو رۆژنامەی ھەواڵ-یش پەردەی لەسەر ئەو پیلانانە لاداوەو سەرەنجام بە ھەوڵی دڵسۆزان و  چاوکراوەیی خەڵکی کەرکوک، نەیانتوانیوە سەرکەوتوبن، بەڵام ئەمجارەیان دەیانەوێت لە (رێگەی ھەندێ مەلای کوردەوە) پیلانەکە جێبەجێ بکەن، ئەوەش لە گوتاری ئەو مەلایانەدا دیارە کە لەسەر ئاوازێکی نامۆ دەخوێنن و دەیانەوێت کێشەیەکی ئایینی لە کەرکوک بنێنەوە.
ئەرکی یەکێتی زانایان و وەقفی سوننی و شیعییە، ئاگاداری مەلاو گوتاربێژەکانیان بن و چاودێری توند بخەنە سەر گوتارەکانیان، بۆ ئەوەی ھیچ کەس و لایەنێک ماڵی خودا بۆ تێکدانی نێوان بەندەکانی خودا بەکارنەھێنێت و رێوشوێنی توند بەرانبەر ئەو مەلایانە بگرنەبەر کە دەیانەوێت مینبەری مزگەوت و حوسەینییەکان بۆ مەرامی سیاسی و زیان گەیاندن بە پێکەوەژیانی کەرکوکییەکان بقۆزنەوە، ئەرکی مامۆستا میانڕەو و نیشتمانپەروەرەکانیش ئەوەیە زیاتر چەمکی لێبووردەیی و پێکەوەژیان لە گوتارەکانیاندا رەنگ بداتەوە، تاکو دەنگی ئاشتی و تەبایی زاڵ بێت بەسەر دەنگی نەشازی توندڕەوی و دەمارگیری، لە سەرووی ئەوانیشەوە ئەرکی سەرەکیش لە ئەستۆی دەزگا ئەمنییەکانی شارەکەیە تاکو رێ لەو حاڵەتە بگرێت بەر لەوەی ببێتە دیاردەو ئەجێندای ناحەزانی کەرکوک جێبەجێ بکرێت، چونکە پیلانەکە بۆ تێکدانی ئەو سەقامگیری و ئاسایشەیە کە بە خوێن و شەونخونی ئەوان و برا پێشمەرگەکان لە کەرکوک بەرقەرارەو چاوی دوژمنانی کوێر کردووە.  


‌ 2681 جار بینراوه‌
4/22/2017 9:49:23 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved