»  کاتژمێر یازدە
پرسی كەركوك كێشەیەكی سیاسی و چارەسەرێكی ئابوری
شوان داودی

بنكەی رافیدەین بۆ دیالۆك یەكێكە لەو بنكانەی كە ژمارەیەكی بەرچاو لە دەستەبژێری كۆمەڵگەی عێراقی لە هەموو پێكهاتەكان لەخۆدەگرێت و لەسەر كۆی پرسە سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئابووری و پرسەكانی رۆژ لە عێراقدا قسەی خۆی هەیە، دەرگای گفتوگۆو دیالۆك دەكاتەوە، بە شێوەیەك لە شێوەكان كاریگەری لەسەر رای گشتی و ناوەندی بڕیاریش هەیە، هەر بۆ ئەو مەبەستەش مانگی رابردوو وەفدێكی هەمەڕەنگی ئەو بنكەیە سەردانی بارزانییان كرد بۆ قسەكردن لەسەر كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا... دوای بڕیاری بەرزكردنەوەی ئاڵای كوردستان لە كەركوك، جارێكی تر پرسی كەركوك بوو بە بابەتێكی گەرمی سەرجەم ناوەندە سیاسی و روناكبیرییەكانی عێراق و ناوچەكەو زەخیرەیەكی بە بەرەكەت بوو بۆ دەزگاكانی راگەیاندن.
بنكەی رافیدەین جیا لە ناوەندەكانی ترو كەناڵەكانی راگەیاندن سێ كۆڕی دەنگیی لەسەر گرووپی (واتسئاب) لەژێر ناونیشانی "كەركوك: جوگرافیاو ئایندەی پێكهاتەكانی" لە رۆژانی 12- 13 - 14/4/ 2017 بە ریزبەندی كۆڕەكان بۆ هەر یەك لە (شوان داودی - كورد، تۆرهان موفتی- توركمان، محەمەد تمیم - عەرەب) رێكخست و دواتر لە شێوەی نووسراو دابەشی كردە سەر زیاتر لە 600 كەس لە بەشدارانی بنكەكە.
هەریەكەمان لە دیدگای پێكهاتەكەی خۆیەوە پاڵپشت بە كۆمەڵێك دیكۆمێنت و ئامار بەرگری لە بۆچوونی خۆی دەكرد، بەڵام هەرسێكمان لەسەر ئەوە كۆك بووین كە خاڵی هاوبەشمان زۆرەو پرسی كەركوك دەبێت لەلایەن كەركوكییەكانەوە یەكلایی بكرێتەوەو تاقە رێگەش بۆ چارەسەركردن دانیشتن و گفوگۆكردنە پێكەوە، دەبێت هەموو كێشەكان لە نێوان (كوردو عەرەب، كوردو توركمان، عەرەب و توركمان) كوردو توركمان لەگەڵ عەرەب، یان عەرەب و توركمان لەگەڵ كورد، یان كوردو عەرەب لەگەڵ توركمان دەبێت هەمووی بە یەك پاكێچ و پێكەوە چارەسەربكرێن بەپێچەوانەوە هیچ هەوڵێكی یەك لایەنە یان دوو لایەنە چارەسەر بەرهەم ناهێنێت.
سەبارەت بە دۆزی كەركوك كە دۆزێكی سیاسیە، چی لە پێش بەعس و چی لە دوای نەمانی بەعس هەموو رێگەی ( ئەمنی، سەربازی، دەستوری، قانوونی)یەكان بۆ چارسەركردنی تاقی كراوەتەوە، بەڵام بەداخەوە چونكە بەردەوام دوو لە رەگەزەكانی چارەسەرەكە لە دەرەوەی هاوكێشەكەدا بوونە، هەموو چارەسەرەكانیش كاتی بوونە، بۆیە دواتر كێشەكە سەری هەڵداوەتەوە، بەردەوام ئەم شارە لە دڵەڕاوكێ و ناسەقامگیریدا ئیدارە دراوە، فاكتەری دەرەكیش رۆڵی گەورەی گێڕاوە لەو ناسەقامگیریەداو هۆكارەكەش دەوڵەمەندی شارەكەیە، لەماوەی چواردە ساڵی رابردوودا واتە دوای رووخانی بەعس و دەستپێكردنی پرۆسەی سیاسی عێراق ئەم شارە بۆتە قوربانی لە نێوان حكومەتی فیدراڵ و حكومەتی هەرێم، هەولێرو بەغدا هەردوولایان بەپێی بەرژەوەندییەكانی خۆیان مامەڵەی لەگەڵ دەكەن و هەردوولایان بۆ بەرژەوەندییەكانی خۆیان بانگەشەی خاوەندارێتی دەكەن و لە ئاست بەرژەوەندیەكانی شارەكەو خەڵكەكەیدا خۆیان بە خاوەنی نازانن و خۆیان لە بەرپرسیارێتی دەدزنەوەو دەیدەن بەسەری یەكتریدا، لە راستیدا هەردوولایان سوودمەندبوونە لەو سیاسەتەو بەرپرسیارێتیەكەیان بەسەری كەركوكییەكاندا شكاندۆتەوە.
بەغدا دەستبەرداری زۆرێك لە بەپرسیارێتیەكانی كەركوك بووە لە بەرژەوەندی هەرێم، لە بەرانبەردا هەرێمیش چاوپۆشی لە كەمتەرخەمیبەكانی بەغدا لەئاست كەركوك دەكات و بەردەوام نەوتی كەركوك و سامانی كەركوك بەشێكن لە گفتوگۆو رێككەوتنەكانی هەولێر و بەغدا، بەڵام هیچ كات بەرژەوەندی كەركوك و كەركوكییەكان نەبوونە بەشێك لە ئەجێندای كۆبوونەوەكانی بەغداو هەولێر.
ئێمە وەكو خەڵكی كەركوك گەیشتووینەتە ئەو بڕوایەی كە نە كورد بە راستی كار بۆ گەڕانەوەی كەركوك دەكات بۆ سەر هەرێم و نە حكومەتی عێراق بەراستی دەستی بە كەركوكەوە گرتووە، چونكە نە كورد پرۆژەی هەیە بۆ پێكهاتەكانی تر نە عەرەب پرۆژەی بۆ هێشتنەوەی كەركوك لەگەڵ عێراقدا هەیە. لەم نێوەندەدا توركمانەكان دۆشداماون پرۆژەیەكی جدی نابینن نە لەلای كورد نە لەلای عەرەب تا لە ئایندەیان دڵنیایان بكاتەوە، بۆیە لە هەندێ پرس دەكەونە پاڵ كورد بۆ ئەوەی هەندێك لەو زوڵمانەی لەلایەن عەرەبەوە لێیان كراوە لەپەنای كوردا لەسەریان هەڵبگیرێت و هەندێ جاری تریش دەكەونە پەنای عەرەب نەبادە كورد قووتیان بدات، هەر ئەوەیە وای لێكردوون متمانەیان بە كەس نەبێت و دژی هەر پرۆژەیەكی یەكلایەنە بوەستن و دەست بە توركیاوە بگرن و لەوەش دڵنیان كە توركیا تەنها لە سنووری بەرژەوەندییەكانی خۆیدا بەرگرییان لێدەكات.
تا ئێستا كەركوك لەبەردەم سێ رێگەچارەدا ماوەتەوە:
* مانەوەی بەمشێوەیە لەگەڵ بەغدا كە ئەوە زیاتر خواستی عەرەبەكانە.
* گەڕانەوی بۆ سەر هەرێم كە ئەمەش دروشمی كوردەكانە.
* كردنی بە هەرێمێكی سەربەخۆ كە ئەمەیان داوایەكی توركمانەكانە لە دوای رووخاندنی بەعسەوە.
لە سەرەتاوە كورد دژی بە هەرێمكردنی كەركوك وەستاوەتەوەو مانەوەی كەركوكی لەگەڵ بەغدا پێ باشتر بووە تا دەگەڕێتەوە سەر هەرێم نەوەك هەرێمێكی سەربەخۆ بێت، عەرەبەكان مانەوەی كەركوك لەسەر بەغدا خواستیانە، بەڵام بۆ بەهەرێمكردنیش دژنین و بەچارەسەری دەزانن، توركمانیش بە هەرێمكردنی كەركوك بەمافی خۆیان دەزانن، بەڵام مانەوەی كەركوكیان لەگەڵ بەغدا پێ باشترە لەوەی كەركوك لە ژێر هەژموني هەرێمی كوردستاندا بێت.
كەواتە تا ئێستا تەنها كورد داوای گەڕانەوەی كەركوك بۆ سەر هەرێمی كوردستان دەكات، ئەوەش رای جیاوازی تیا دروستبووە، بۆ بەهەرێمكردنی كەركوك توركمان پێی باشەو عەەرب پێی خراپ نییە، بۆ مانەوە لەگەڵ بەغدا كە خواستی عەرەب بووە، كوردو توركمان (اضعف الأیمان) قبووڵیان بووە تا ئێستا، لە ئێستاوە بەم شێوازە مامەڵەی بەغدا لە لایەن پێكهاتەكانی كەركوكەوە قبووڵناكرێت، واتا دەبێت بە دوای رێگەچارەیەكی نوێدا بگەڕێین، بۆ ئەوەش پێویستمان بە دانیشتن و دیالۆگ هەیە، پێویستە هەردوو حكومەتی بەغداو هەولێر زەمینەسازی بۆ پێكهاتەكانی كەركوك بكەن بۆ لێكنزیككردنەوەو دۆزینەوەی رێگەچارەی تازە كە من پێموایە دەبێت دان بەوەدا بنێین كە چارەسەرە ( ئەمنی و سەربازی و دەستوری و قانوونییەكان) شكستیان هێناوە، نە دەتوانین جوگرافیای تێكدراوی كەركوك راست بكەینەوە نە مێژووی شێوێندراوی كەركوك چارەسەرمان پێ دەبەخشێت بۆ هەموومان باشترین رێگا ئەوەیە كە دەست لە جوگرافیاو مێژوو بەردەین و مامەڵەیەكی دروست لەگەڵ واقعی شارەكەدا بكەین و پێكەوە كار بۆ چارەسەری ئابووری بكەین و كەركوك بكەینە شارێكی ئابووری ئازاد بە دەستورو یاسای تایبەت بە خۆی كە لە خزمەتی كەركوكیەكاندا بێت و لە هەمان كاتدا بۆ هەموو لایەكیش بێت.
بۆ ئەم مەبەستەش سوود لە ئەزموونی شارە ئابورییەكانی جیهان وەربگرین، لە نمونەی نیویۆرك، هۆنگ كۆنگ، دوبەی، كە من پێموایە سەركەوتووترین نمونەی بوژانەوەی ئابوری و خۆشگوزەرانی هاوڵاتیان و سەقامگیری جیهانن.

‌ 1208 جار بینراوه‌
4/22/2017 9:50:27 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
123
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved