»  بینین
رۆژنامەو بەرپرسیاری
دڵسۆزحەمە



 ئەمڕۆ یەكێكە لە رۆژە هەرە گرنگ و مانادارەكانی مێژووی ئێمە، رۆژی رۆژنامەگەری كوردی ناكرێت وەكو هەریەك لەو بۆنەو یادو رۆژو جەژنە زۆرانەی تر تەماشا بكرێت كە لە ژیانی گشتی كوردستاندا بۆتە دیاردە، بەڵكو جەختكردنەوە لەسە رۆژی رۆژنامەگەری كوردی جەختكردنەوەیە لەسەر یەكێك لە زیندووترین و گرنگترین وەرچەرخانی مێژویی و رۆشنبیری و شارستانی لە ژیانی ئەم كۆمەڵگایەدا كە دەركەوتنی یەكەمین رۆژنامەیەو سەرهەڵدانی قۆناغێكی نوێیە لە ژیانی شارستانی و گفتوگۆی كۆمەڵگا لەگەڵ خۆی .
ئەگەر سەرهەڵدانی رۆژنامەگەری لە كوردستاندا تەنها تەمەنی یەك سەدەیەكەو ئەمەش بەراورد بە دنیای دەرەوەی خۆمان تەنانەت بە تورك وعەرەبەكانیش مێژوویەكی درێژ نییە، بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی سیاسی كوردستان مێژووی ناسەقامگیرو پڕ كارەسات و بێخاوەنی و دۆخی بندەستی وجەورو سستەمێك ئەم جڤاتە روبەڕوی بۆتەوە ئەوە ئەو سەد ساڵەش خاڵێكی پرشنگدارو هێمایەكی تێكۆشان و بەرخوردان و زیندوویی ئەم جڤاتەیە نەك مایەی نیگەرانی و بەخۆداشكانەوە .
هەمیشە ئازادی بەپیتترین زەمیەنەیە بۆ گەشەكردن و باڵاكردنی ژیانی سیاسی و كۆمەڵایەتی و شارستانی و روناكبیری، هەربۆیە ئەو گەشەكردنی ژیانی رۆژنامەوانی لە كوردستاندا لە چارەكە سەدەی دوای راپەڕین بەهەموو ئەو سەرنج وتێبینی و كەموكورتیانەی كە لەسەر رۆژنامە هەیە هێشتا پێشكەوتنێكی زۆر خێراو گرنگ و پڕبەرهەم بوون لە رووی چەندێتی وچۆنایەتیەوە، هەربۆیە ئەوەندەی رۆژنامەگەری بۆ خۆی ئامڕازێكە بۆ خەباتكردن لە پێناوی ئازادیدا هاوكاتیش ئازادی زەمینەیەكە بۆ گەشەكردنی ژیانی رۆژنامەوانی و نزیككردنەوەی لە ویژدانی خەڵك وژیانی گشتی و گەیاندانی مەهام و ئەركەكانی لە نێوان خەڵك و دەسەڵات و دەزگاو دامەزاروەكاندا بە شێوەیەكی ئەخلاقی و پیشەیی .
وەختێك باس لە فەراهەمكردنی ئازادی دەكەم پاش راپەڕین بێگومان مەبەستم لە ئازادی تەنها تا ئەو جێگایەیە كە دامودەزگای داپڵۆسێنەرەكانی رژێمی داگیركەرو زەبرەزەنگی سەر زمان و وجودی مرۆڤی ئێمە بوو، ئەگینا ئازادی بەمانا جەوهەری و زانستی و یاسایی و ئەخلاقی، بەمانایانەو بەو ئاستەی كە بۆ بەرهەمهێنانی ئازادی رۆژنامەگەری بەرپرسیار پێویستە، كە بۆ جوڵەی ئازادانەی رۆژنامەنوس پێویستە نەك فەراهەم نییە بەڵكو مەترسیداریشە هەر بۆیە لەم چارەكە سەدەی حوكمی خۆماڵیدا دەیان رۆژنامەنوس بونەتە قوربانی بە بەكارهێنانی زیندانیكردن و لێدان و فڕاندن و ناوزڕاندن و تیرۆركردنیش !
لەم چركەساتە مێژووییەی كوردستان تێیدا دەژی كە دامودەزگا كارگێڕی و یاسایی و تەنانەت حیزبەكانایش تێیدا ئیفلیج بوونە، كە خەڵك دڕدۆنگ و لە دڵەڕواكێ و نائارامیدا رۆژەكان بەڕێدەكات، كە زۆربەی دامودەزگا خزمەتگوزارییەكان پەكیانكەوتووە، دۆخی ئابوری خراپەو داهاتوو ناڕوونە، لەهەمووی كارەساتبارتر لە ئاستی گشتیدا، لە كۆنەستی گشتیدا مەرجەعێكی سیاسی و ئیداری نییە كە لەمساتەوەختە دژوارەدا كۆی كۆمەڵگا بگەڕێنەوە بۆی تا هیچ نەبێت ئەو هێزە ناوكۆیی و كۆمەڵایەتی و مەعنەویە بەردەوامبێت كە بتوانێت بەرگە بگرێت و بەردەوام بێت لە تێكۆشان و بەرخوردان و ململانێ، بەڵام ئەوەی كە دەتوانێت لەم دۆخەدا هاوسەنگی رابگرێت، پیادەی كۆمەڵگا بكات، بەرچاوڕۆشنی بدات، مۆبێلیزەو كۆیان كاتەوە، زانیاریەكانیان بۆ بگوێزێتەوەو رای گشتی دروست بكات، ئەوەی دەتوانێت كە هێزی جەماوەر و ووزەی ناوەكی خەڵك كۆكاتەوە دنیای مێدیاو ناوەندەكانی راگەیاندنن، هیچ بەلامانەوە سەیر نەبێت ئەگەر بڵێین لەمساتەوەخەتدا تەنها ناوەندێك ئاهێكی تێدا مابێت، قسەیەكەی مابێت بۆ گوتن، خەڵك رووی تێ بكەن، بتوانێت تەكانێك بە دۆخی چەقبەستوی ژیانی گشتی بدات پانتایی رۆژنامەوانی ئێمەیە، ئەگەر لە پێش شۆڕشی پەیوەندیەكاندا رۆژنامەوانی دەسەڵاتی چوارەم بوبێت ئەوا ئەمڕۆ رۆژنامەگەری دەتوانێت دەسەڵاتی یەكەم وبگرە فشارو كاریگەری ئەم ناوەندە لە سەردەمی سۆشیال میدیاو گەیاندنی خێرادا دەتوانێت ببێتە ركابەرێك بۆ دەسەڵات و دەسەڵاتدارەكانیش، مەترسیەك بۆ سەر دەسەڵات و پاشەڕۆژی دەسەڵات .
بە هەموو ئەو پۆخڵەوات و كەموكورت و قۆرغكاریە، دەزگا و دامەزراوە گومانلێكراو و بەرسێبەر بن سێبەرو ئەو دەزگایانەی كە بە پارەوپولی گشتی بەرپرس و دەستڕۆیشتوەكانی حیزبەكان وەكو مێدیایی شەخسی بۆ خۆیان و ئاماجی خۆیان دایانمەزراندووە، سەرەڕای ئەو هەموو دیاردە خراپ و هەڵسوكەوتە نابەرپرسیارانەیەی كە بەردەوام لە رۆژنامەوانی كوردیدا دووبارە دەبێتەوە، سەرەڕای بوونی دیاردەی توندڕەوی و بە ئەهریمەنكردنی ئەوانی ترو بڵاوكردنەوەی زانیاری وڕاپۆرت و پەیام كە زۆرجار بە زیانی گەورە بۆ ئاسایشی كۆمەڵایەتی و ئاسایشی نەتەوەیی شكاوەتەوە، سەرەڕای هەموو ناشرینی و كەموكورتیەكانی ئەم پانتاییە، دەتوانین بڵێین رۆژنامەوانی كوردی لەم ساتەوەختە مێژووییەشدا رۆڵی گرنگ و پێشەنگی بینیوە لە كردنەوەی دۆسیەی گرنگ، هۆشیاركردنەوەی خەڵك، ریسواكردنی بەرپرسانی گەندەڵ و نیشاندانی كەموكورتەكانی دەسەڵات، دروستكردنی هیوایەكی ناوكۆیی بۆ داهاتوو، دروستكردنی پانتاییەك كە هیچ نەبێت خەڵك چاوەڕوانی نوێی لێدەكات لە دۆخێكدا هێندە چەقی بەستووە بۆگەن لە دامودەزگاو كۆبونەوەكانیشەوە دێت .
پیرۆزە رۆژی رۆژنامەوانی كوردی لەهەموو دەزگاو رۆژنامەنوس و مێدیاكارو بەشدارێك كە بە گیانی بەرپرسیاری و ئەخلاقی پیشەیی كاردەكات .
‌ 2565 جار بینراوه‌
4/22/2017 10:16:55 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
123
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved