»  وتاری هەفتە
كەركوك لە دوای شەنگال، بەڵام بەچەكێكی جیاواز
بورهان حاجی سلێمان



رەنگە هەموو جیهان لە مەبەستی هێرشە ئاسمانییەكەی رژێمی توركیا لە 25ی نیسان بۆ سەر شەنگال و چیاكەی كە تیایدا خوێنی پێشمەرگەو گەریلاو خەڵكی سڤیل تێكەڵ بوو، بزانێت چییە، كورد خۆی نەبێت، هەمووانیش وەكو نەریتێكی سیاسی ئیدانەی دەكەن یان بێدەنگییان هەڵبژاردووە، لەمەشیان هەر تەنیا كورد نەبێت كە هەڵوێستێكی یەكگرتووی نییەو لایەنە سیاسییە كوردییەكان لەوپەڕی دژایەتیكردن بۆ ئەوپەڕی پشتگیریكردن (لە رێگەی پاساو هێنانەوە بۆ تاوانەكە) دابەشبوونەو سەنگەریان لە یەكتری گرتووەو دوور لە رەهەندە نیشتمانی و نەتەواییەتییەكان هەموو تاوانەكەیان لە پرسی لایەنگیریكردنی پەكەكەو دژایەتیكردنی قەتیس كردووە.
من بڕوام بە ئەردۆغان هەیە كەدەڵێت زلهێزەكانی دونیای لە هێرشەكە ئاگاداركردۆتەوە، چاوەڕێی بارزانیشین سەرۆكی توركیا بە درۆبخاتەوە یان ئەویش بێدەنگی هەڵبژێرێت بەرانبەر بە لێدوانەكەی ئەردۆغان سەبارەت بەوەی بەر لە تاوانەكە ئاگاداری كردۆتەوە، چونكە لە پاش نزیك بوونەوەی ئەنقەرە – تاران – دیمەشق لەسەر بنەمای دژایەتی كوردو بەرژەوەندی و ئاواتەكانی، ئاساییە ئەگەر ئەنقەرە تەنانەت تاران-یشی لە هێرشەكە ئاگادار كردبێتەوە، چونكە لەئاستی دژایەتیكردنی كورد، ئەو دوو دوژمنە مێژووییەی یەكتری دەبنە دوو هاوپەیمانی دڵسۆز.
ئامانجەكانی توركیا لە باشور زۆر لە بۆردومانكردنی قەندیل و شەنگال گەورەترەو دەیەوێت دەستی تاوانەكانی لەوە درێژتر بكاتەوە تا دەگاتە كەركوك، ئەو كەركوكەی مێژوو و جوگرافیاو دیفاكتۆ دەڵێت خاكێكی كوردستانییە، بەڵام سەرجەم وڵاتانی ناوچەكە بە تایبەتی توركیا بەو راستییە تووشی هێستریا دەبن و هەمیشە لە پیلان داڕشتندان، بۆیە ئەگەرێكی چاوەڕوانكراوە سیناریۆی شەنگال لە كەركوك دووبارە بێتەوە، بەڵام بە چەك و ئامرازیگەلێكی دیكە، چونكە بوونی چاوساغ و جێبەجێكارانی ئەجێنداكانیان لە شارەكە وا دەكات پێویستی بەوە نەبێت فڕۆكە بنێرێتەسەر كەركوك، بەڵكو نانەوەی ئاشوبی نەتەوەیی و ئایینی و رادەستكردنی بە داعش، پیلان و ستراتیژی توركە بەرانبەر بە كەركوك.
توركیا چاوەڕوانی ئەوەبوو لە حوزیرانی 2014 و دواتر لە 31ی كانونی دووەمی 2015 هاوشێوەی شەنگال، كەركوكیش بكەوێتە دەستی داعش، ئێستاش ئەو ئاواتەی هەیە كە لە كۆتا رۆژی تەمەنی داعشدا بێت، كەركوك داگیربكات تاكو دواتر واقعێكی نوێی تیادا بخوڵقێنێت، بەڵام تەنها هیوای لەسەر ئەوە هەڵنەچنیوە، بەڵكو هەوڵەكانی چڕكردۆتەوە تا لە رێگەی نۆكەرەكانییەوە، لە رێگەی شانە ئاژاوەچییەكانیەوە ئاشوبی نەتەوەیی و ئایینی لە كەركوك بنێتەوەو كاری تێكدەرانەوە تاوانەكانی كوشتن و رفاندن ئەنجام بدەن و لە رێگەی هاوشێوەی ئەرشەد ساڵحی و خالید مەفرەجی-یەوە، هەڵمەتی پڕوپاگەندەو شێواندنی راستییەكان و گەورەكردنەوەی رووداوەكانەوە، كەركوك وەك دۆزەخێك پیشان بدەن، چونكە زۆریان پێخۆشترە وەكو تەلەعفەر لەكەركوكیش داعش ژن و كچیان بە كەنیز ببردنایە، نەك كەركوك لە دەستی كورد بێت!
بۆیە جارێكی دیكە چاوەڕوانین پێشمەرگەو دژە تیرۆر و هێزە ئەمنییەكانی شارەكە ئەم خەونەی توركیش لەگۆڕ بنێن، ئەوەش بە چاوكراوەیی زیاترو خوێندنەوەی وردترو پلانی تۆكمەترو جوڵەی خیرَاو هاوكاری هاوڵاتیان و لایەنە سیاسییە دڵسۆزەكان دەكرێت.


‌ 2173 جار بینراوه‌
4/29/2017 9:57:35 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
راپرسی
کێ بەرپرسە لەم دۆخەی ئێستای کوردستان؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved