»  بینین
ریفراندۆم لە لایەك، دەوڵەت لە لایەك
دڵسۆزحەمە




پارتی كە عەررابی دەوڵەتی كوردی و خۆی پێ خاوەنی پڕۆژەی دەوڵەتەكەیە، بە تەنها وبێ حیسابكردن بۆ هیچ كەس وهێز ولایەنێكی تر، بێ گەڕانەوە بۆ هیچ مەرجەعێكی تری وەكو پارلەمان و دەزگای لەوجۆرە بۆ خۆی پاپۆڕەكە تاكلایەنە دەئاژوێت، تاكلایەنی وجیاوازی ئەم هێزە گەشتۆتە ئەو ئاستەی كە لە روداوێكی وەكو دەستدرێژی توركیا بۆ سەر خاكی كوردستان، لە دیدی پارتیدا زۆر جیاواز بێت لە دیدی تێكڕای هێزە گەورە وبچوكەكانی ئەم وڵاتە، پارتی بە ئەمری واقیع دەستڕۆیشتوترین هێزی سیاسی ئەم هەرێمەیە، جومگە ئابوری وسیاسی ودبلۆماسیەكانی هەرێم لە ژێر دەست وهەژمونی خۆیدایە هەربۆیە بڕیاری پارتی بڕیارێكی بەهێزە، دیدی ئێمە بۆ پارتی هەرچۆنێك بێت ئەمە هیچ لەو راستیە ناگۆڕێت كە ئەم هێزە رێكخراوترین ستراكتۆری سیاسی و رێكخراوەیی هەیە لە چاو هەموو هێزە سیاسیەكانی تری كوردستاندا، هەروا خاوەنی مەرجەعیەتی سیاسی ومەعنەوی بەهێزن كە سەنتەری بڕیاری تێدا چربۆتەوە هەربۆیە لە هەموو ئەو دۆخە نائارام و ناسەقامگیری كوردستان و ناوچەكەدا ئەم هێزە ستراكتۆری رێكخراوەیی خۆی پاراستووە، ئەگەر لە پێناوی ئەوخۆپارێزیەدا هێز وهەژمون ترس ودیسپلین وتەنانەت داپلۆسین و سەركوتیشی بەكارهێناوە وەكو هەموو هێزێكی تۆتالیتاری تری ناوچەكە!
یەكێتی كە بەڕووی دەرەوەدا هێزێكی زەبەلاح ولەناوەوە هەلاهەلا، هێزێك كە لەسەر سەرمایەگوزاری بە داستانەكانی رابردوو، بە سەروەریەكانی رابوردووی هەوڵی بێوچان دەدات رۆژەڕەشی ئێستای بشارێتەوە، هێزێك كە هیچ مەرجەعێكی بەهێزی نەماوە، ئەو چەند باڵ ولایەنە بەهێزەی سەرەوە خەریكی لاوازكردنی یەكترن، ئەم هێزە لە نێوان فشاری پارتی و چڕنوكی گۆڕان و ژانەسكی ناوخۆ دا تەواو شەكەت و ماندووە، بە رەنگ و قەبارە سێبەری گەورە و زەبەلاحە، بەڵام لە واقیعدا هەژموونی هێندەی ئەو قەبارەیە نیە، هیچ كێشەیەك وەكو دوبەرەكی و تەكەتول و خۆخۆری هێز و گروپێك لاواز ناكات، یەكێتی هەموو ئەودەردانەی هەیە وبەم هەموو دەردو كێشانەوە و پارتی دەیداتە پێش خۆی بۆ بەرپرسیاری دەوڵەت و ریفراندۆم!
پارتی چەندە دژایەتی پارتی كرێكاران و كوردانی رۆژئاوا دەكات و نزیكە لە خیتابی توركیاوە یەكێتی رێك پێچەوانەی پارتی بانگەشەی ئەوەی دەكات لەبەرەی پارتی كرێكاران و قەندیل وكوردی رۆژئاوادا بێت!
گۆڕان لە بچوكترین فرسەت دەگەڕێت پارتی تێدا رسوا بكات، یەكێتی تێدا تاوانبار بكات، لەهەر پایتەختێكی دنیا چاویان بە دنیای دەرەوە بكەوێت راستەوخۆ ئازاری داخستنی پارلەمان دێتەگۆڕی و یەكێتی وپارتی رسوا دەكرێن، هەڵوەشانەوەی پارلەمان وەكو تاكە دەسكەوتێكی گۆڕان لە ژیانی سیاسی خۆیاندا برینێكی هێندە سەختی كردۆتە جەستەی سیاسی گۆڕان كە ئەگەر لەسەر مەلاعەلی كەڵەك و فاڵچی و كێشەی ژن و مێردیش پرسیاریان لێبكەن دەیبەنەوە بۆ داخستنی دەرگای پارلەمان و بێكاركردنی زیاتری پارلەمانتارە بێكارەكان! وەكو ئەوەی سەردەمانی كارابونی پارلەمان كێشەكان وەكو ئێستا نەبوبن!
ئابەم دۆخە كارەساتبار و پەرشوبڵاوە، بەم پاشاگەردانیە سیاسیە، بەم دۆخەی كە هیچ خیتابێكی سیاسی هاوبەش، پڕۆژەی هاوبەش و زمانی هاوبەشمان نییە پارتی بانگەشەی دەوڵەتی كوردی و ریفراندۆم دەكات!
هەرچەندە ئەزمونێكی لەوەوبەرتریشمان هەیە لەسەر ریفراندۆمی دەوڵەتی كوردی و هەمووشمان دەزانین كە زۆرینەی رەها دەنگ بۆ ئەو دەوڵەتە دەدات، بەڵام دەوڵەتی كوردی كە خەونی گەورەی هەموو كوردێكە جگە لە ریفراندۆم پێویستی بە هێزی سیاسی بەرپرسیار و خیتابی هاوبەش و پڕۆژەی هاوبەش و سەركردەی مێژوویی وحەكیم و دەسپاك هەیە.. نەك تەنها ریفراندۆم..


‌ 2745 جار بینراوه‌
4/29/2017 10:24:56 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
123
راپرسی
پێت وایە دۆخی ئێستای كوردستان بەچی چارەسەر ئەبێت؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved