»  شەکری تاڵ
 سوڵتانێكی تینوو بە خوێنی كورد كوردێكی سەرسام بە دڕندەیی سوڵتان




سوڵتانی مەچەك بە خوێن، دیسانەوە دەستەكانی بە خوێنی ئینسانی كورد سوور كرد، بەڵام ئەمجارە خوێنی پێشمەرگە و شەڕڤانی تێكەڵ بەیەك كردو بەو پەڕی راشكاوییەوە ئاشكرای كرد، كە جیاوازی لە نێوان هیچ كوردێك و كوردێكی دیكە ناكات، لەكوێ كورد هەبێت ئەو تینووە بە خوێنی، وەك خۆشی پێش چەند ساڵێك رایگەیاند، كورد ئەگەر لە ئەرجەنتینش بێت ئەو دوژمنكاریی دەكات.
بۆردومانكردنی شەنگاڵ لە باشوورو دێرك و چیای قەرەچوخ لە خۆرئاوای كوردستان، پەیامێكی روونی سوڵتان ئەردۆغان بو، كە ئەو پیلانە قێزەونەی داعشەكان نەیانتوانی جێبەجێی بكەن، ئێستا راستەوخۆ خۆی و بە سوپاو هێزە ئاسمانییە دڕندەكەی دەیەوێت بە قۆستنەوەی هەڵوێستی شەرمنانەی حكومەتەكەی پارتی بەئەنجامی بگەیەنێت.
شكستی ئەردۆغان لە پیلانی داگیركردنی شەنگال و موسڵ و كۆبانێ‌ و عەفرین، كە بە داعش و میلشیاو تیرۆرستەكانی قەڵغان فوراتی راسپاردبوو، بێ‌ ئومێدی كردوەو ئێستا بە ناچاری راستەوخۆ بە بیانووی بوونی گەریلاكانی پەكەكە، شەنگال شەڵاڵی خوێن دەكات.
ئێستا لای ، هەموو تاكێكی كورد (جگە لە هەنێك مێشك دۆگما نەبێت) لە مناڵێكی 6 ساڵانەوە بۆ بەساڵاچووییەكی 80 ساڵانە، ئەوە روونە، ئەردۆغان تەنها دوژمنی گەریلاو شەڕڤان نییە، ئەو دوژمنی هەموو كورد و ئازادیخوازێكە نەك هەر لە كوردستان و توركیا، بەڵكو لە هەموو جیهان،
ئەم لووتبەرزی و لەخۆبایبوونەی ئەردۆغان، لە ئاست و رادەیەكە، كە ئینسانی ئازادیخواز تووشی ئەوپەڕی توڕەیی و بێزاری لەم (گرگن)ە دەكا، گرگن بە (مانا سیاسییەكەی).
ئەردۆغان، سەدان چەكداری خۆی لە ناوچەی باشیك جێگیركردوەو دەیان بارەگاو بنكەی سیخوڕی لە كوردستان چاندوە، وەك ئەوەی هەموو كوردستان موڵكی ماڵی باوكی بێت، هەموو دونیا داوا دەكەن، ئەو چەكدارانەی لە كوردستان بكشێنێتەوە، هەر خۆشی شێلوو ناكات، كەچی داوای دەركردنی چەند گەریلایەك لە شەنگاڵ دەكات، ئەو گەریلایەی لە كاتی هەڵاتنی هێزەكانی پارتی هەزاران هەزار ئیزدی لە شاڵاو و كۆمەڵكوژیی داعش رزگار كردو پاراستنی.
هەمو كورد و جیهان لای ئاشكرایە كە ئەم پەلامارە دڕندانەیەی ئەردۆغان بۆسەر شەنگال و دێرەك و قەرەچوخ، هۆكاری سەرەكی، هەراسانبوونی سوڵتانە، لە سەركەوتن و پێشڕەوییەكانی شەڕڤانانی هەسەدە لە خۆرئاوای كوردستان، كە زۆریان نەماوە، مژدەی ئازادكردنی رەققە رابگەییەنن.
بیانووی بوونی گەریلاش لە شەنگال، تەنها بیانووییەكی پووچ و بێ‌ مانایە بۆ پاساوكردنی تاوانەكانی، ئەگەرش سوڵتان، ئەم تاوانەی بۆ بچێتە سەر، نەك كەركوك، بەڵكو بەغداش داگیر دەكات بۆیە ئەركی ئینسانی و نەتەوەیی هەموو كورد و دنیای ئازادیخوازە، رێگە لە سوڵتان بگرن، سنوور بۆ تاوانەكانی دابنێن.
هاوپەیمانیی نێودەڵتیش لە پێش هەمویانشەوە، ئەمریكا دەبێت، بۆ ئەوەی شەریك نەبوونی لە تاوانەكانی ئەردۆغان بسەلمێنێت، دەبێت، توركیا وەك ئەندامێكی ناتۆ، دوور بكاتەوە لە ئەنجامدانی تاوانی دیكەی كورد و ئازادیخوازانی توركیا.
ئیمزا
ئومێد مەحمود

‌ 1512 جار بینراوه‌
4/29/2017 11:06:34 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
راپرسی
پێت وایە دۆخی ئێستای كوردستان بەچی چارەسەر ئەبێت؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved