»  چاوپێکەوتن
كوێستان محەمەد؛ ئەندامی جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان: هەر كاتێك كاك نەوشیروان بگەڕێتەوە موعجیزە دەخوڵقێنێت
ئا/ هەواڵ

كوێستان محەمەد؛ ئەندامی جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان، لەم دیدارەی (هەواڵ)ـدا، ئاماژە بەوە دەدات، كە بەشێك لە هەوڵی لایەنە سیاسییەكان بۆ چارەسەری كێشەكانی هەرێم نا واقیعی و نا مەنتقین و هاوكات پێیوایە؛ پارتی بە پلەی یەكەم و یەكێتی بە پلەی دووەم، هۆكارن بۆ كێشەكانی ئیدارەی پارێزگای سلێمانی و ئەوەش رادەگەیەنێت:”رێفراندۆم وەك كارتێك بەرانبەر ناوەند و وڵاتانی دەوروبەر بەكاریدەهێنن بۆ ئیمتیاز و پشكی حیزبی بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان نەك بۆ سەربەخۆیی”.


* لەئێستا جارێكی تر لایەنەكان هەوڵەكانیان بە ئاراستەی چارەسەری كێشەكان دەستپێكردووە، ئایا ئەم هەوڵانە بۆ چارەسەرن یان كات كوشتن؟
ــ پێموایە هەندێك لەو هەوڵانە جدی نین و هەندێكیشیان رێگاچارەو پێشنیازی نا مەعقولی تییدایە، بۆ نمونە، پەیامەكەی كاك مەسعود بۆ گۆڕانكاری لە هەرسێ سەرۆكایەتیەكە، زۆربەمان پێمانوابوو كاك مەسعود بە راستی نییە، هەر بۆیە لایەنەكان كە پێشوازیان لێكرد، پارتی و مەسعود بارزانی پەشیمانبوونەوە، هەندێك هەوڵی تریش نەگونجاو و ناواقعین، بۆ نمونە تازەترین هەوڵی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بریتیە لە كاراكردنەوەی پەرلەمان بەبێ یوسف محەمەد، كە پێموایە مەنتقی نییەو ناكرێت مەسعود بارزانی وادەكەی بەسەرچووبێت و داوای گۆڕینی نەكەی و سەرۆكی حكومەت قەیرانی دروستكردووە و بۆتە هۆی بەرزبونەوەی رێژەی هەژاری و بێكاری بەشێوەیەك بەرچاو و تۆش داوای گۆڕینی نەكەی و بێیت داوای گۆڕینی سەرۆكی پەرلەمان بكەیت كە بەشەرعی وادەی خۆی ماوە، كەسێك بووە سەركەوتوو بووە و لە گەندەڵی تێوەنەگلاوە، بۆیە پێموایە هەوڵەكان جدی نین و تا بەم ئاراستەیە كار بكرێت، دۆخەكە وەك خۆی دەمێنێتەوە.
* پێتوایە چارەسەر چییە بۆ ئەو قەیران و كێشانەی دروستبوونە؟
ــ چارەسەر ئەوەیە پێنج لایەنە سەرەكیەكە، كە زۆرینەی پەرلەمان و حكومەتیان پێكهێناوە كۆببنەوە یان وەك پەیامەكەی كاك مەسعود هەرسێ سەرۆكایەتیەكەی بگۆڕدرێت یان پەرلەمان بە سەرۆكایەتی كاك یوسف كارابكرێتەوە و هەوڵبدرێت لە رێگەی پەرلەمانەوە قەیرانە دارایی و ئابوری و سیاسیەكان چارەسەر بكرێن.
* دەوترێت پارتی كەللەڕەقەو گۆڕانیش عینادە، ئایا ئەگەر پارتی بەو جۆرەیە، بۆچی گۆڕانیش عینادی دەكات؟
ــ گۆڕان عینادی لەچی كردووە؟ گۆڕان لەگەڵ سەروەری یاسا و دەستاودەستی ئاشتیانەی دەسەڵات و چاكسازی و شەفافیەتی داهات و خۆشگوزەرانی و دادپەروەری كۆمەڵایەتی و ئازادی رادەربڕین و هەموو جۆرە ئازادیەكدایە، لەگەڵ یەكسانی و مافی مرۆڤدایە، ئەگەر ئەمانە عینادی بن، ئێمە پێمان خۆشە عیناد بین.
* تاچەند پارتی هۆكارە بۆ ئەو كێشانەی لە سلێمانی رووبەرووی یەكێتی و گۆڕان بونەتەوە؟
ــ بە تەنها پارتی هۆكار نییە بەڵكو یەكێتیش هۆكارە، پارتی هۆكارە بەوەی جیاوازی لە نێوان شارەكان و بودجە و پرۆژەكان دەكات، چەندین پرۆژە لە هەولێر و دهۆك جێبەجێ دەكرێت و بێكاری نییە وەك ئەوەی لە سلێمانی هەیە، ئەو داواكارییانەی پارێزگار هەیبووە جێبەجێ نەكراوە لەلایەن حكومەتەوە، كە داوای چارەسەری كێشەكانی سلێمانی و مامۆستایان و وەڵامدانەوەی شەقام و لامەركەزیەتی كردووە، یەكێتیش لە بەرانبەردا لە سلێمانی هەوڵدەدات كۆمەڵێك دەسەڵات بەكاربهێنێت كە دەسەڵاتی پارێزگارن، بۆ نمونە ئاسایش بەكاردەهێنێت بۆ دەستگیركردنی خەڵك و لە خۆپیشاندەران دەدەن و پارێزگار ئاكاداریان نییە، بۆیە بە پلەی یەكەم پارتی هۆكارە و یەكێتیش پشكی بەردەكەوێت لەوەی كە كاك سەردار نەتوانێت كارەكانی وەك خۆی جێبەجێ بكات.
* رێككەوتنی یەكێتی و گۆڕان بۆچی جێبەجێنەكرا و لێرەو لەوێش دەوترێت پێویستە كۆتایی بەو رێككەوتنە بهێندرێت، چونكە سودێكی ئەوتۆی نەبوو؟
ــ هۆكاری جێبەجێ نەكردنەكەی یەكێتیە و پێویستە ئەو پرسیارە رووبەڕووی ئەوان بكرێتەوە، لەكاتێكدا ئەو رێككەوتنە تەنها لە بەرژەوەندی خەڵكە و هیچ بەرژەوەندییەكی حیزبی و شەخسی تێیدا نییە، لە كاتێكدا ئەو رێكەوتنە جێبەجێ بكرێت، یەكێتی و گۆڕان دەبنە هۆكار بۆ خۆشگوزەرانی خەڵك و سەقامگیری و زۆر شت لە هەرێم، زۆرجار كێشەكانی ناوخۆی یەكێتی بە هۆكار بۆ جێبەجێ نەكردنی دەهێنرێتەوە.
* ئەندامێكی سەركردایەتی پارتی دەڵێت:”یەكێتی و گۆڕان ناتوانن ئیدارەی سلێمانی بدەن”، ئایا دەست لەكاركێشانەوەی سەردار قادر كێشەكانی سلێمانی زیاتر قوڵ ناكاتەوە؟
ــ بێگومان كێشە دروست دەبێت، بەڵام بەو زمانەی پارتی نا، چونكە سەرچاوەی هەموو كێشەكان نەك تەنها لە سلێمانی بەڵكو لە هەولێر و دهۆكیش پارتیە، بە تایبەت بنەماڵەی بارزانی و بەتایبەتتریش كاك مەسعودە، بۆیە كێشەكان سەرچاوەكەی پەیوەندی بە كورسیی سەرۆكایەتی هەرێمەوە هەیە، بۆیە ئەوەی سلێمانی دواخستووە و بودجەی ناداتێ و وەڵامی داواكاری خەڵك ناداتەوە حكومەتە حزبیەكەی پارتیە، رەنگە كێشەی ئیداری دروست بێت، بەڵام ئەوەی روودەدات لە هەرێم پارتی لێی بەرپرسە، چونكە سەرجەم جومگە سەرەكییەكان بە دەست ئەوانەوەیە و هیچ حیزبێكیش دەسەڵاتی لەم هەرێمەدا نییە.
* رێككەوتنەكەی یەكێتی و گۆڕان بەرەو كاڵبوونەوە دەچێت یان بەرەو تۆخكردنەوە و جێبەجێكردنی؟
ــ پێموایە لەم هەفتەیەدا یەكێتی و گۆڕان لەسەر ئەو پرسە كۆدەبنەوە بۆ چارەسەری ئەو كێشانە، ئەگەر كۆبونەوەكە ئیستجابەی نەبێت، جڤاتی نیشتمانی و جڤاتی گشتی كۆدەبنەوە بۆ تاوتوێكردنی بابەتی كشانەوە لە حكومەتی خۆجێیی سلێمانی.
* دوو بۆچوون دروستبوونە، بەشێكیان گەنجەكانن داوای كشانەوە دەكەن و بەشێكی تریشیان داوای مانەوەی دۆخەكە بەمشێوەیە دەكەن، ئەمە تاچەند راستە؟
ــ ئەو دەنگۆیانە قسەی پارتین، لەلای ئێمە شتێك نییە بەناوی گەنجان و پیرەكان، بەڵام راستە دوو بۆچون هەیە بۆچوونێك پێیوایە بمێنینەوە و بۆچوونێكیشی لەگەڵ كشانەوەیە، هەردوو بۆچوونەكەش گەنج و پیریان تێدایە.
* تۆ لەگەڵ كشانەوەدایت لە حكومەتی خۆجێی سلێمانی یان مانەوە؟
ــ من لەگەڵ كشانەوەدام.
* قسەیەكی زۆر لەسەر گەڕانەوەی نەوشیروان مستەفا دەكرێت، ئایا بە گەڕانەوەی دۆخەكە یەكلادەكرێتەوە یان وەك خۆی دەمێنێتەوە و چارەسەری پێ نییە؟
ــ كاك نەوشیروان هەر كاتێك قەیران دروستبووبێت و شكست و نوشستی دروستبووبێت فریاد رەس بووە، بۆ نمونە لە دوای ئاشبەتاڵ كە شۆڕشی نوێ دروستبوو لە نەمساوە گەڕایەوە و بووە سكرتێری كۆمەڵە و زۆرترین قورسایی ئەو كاتەی شۆرشِ كەوتۆتە سەرشانی، لە دوای ئەنفال فریادڕەس بووە و بۆتە هۆی ئەوەی كۆمەڵێك مەفرەزە بنێرێت بۆ ناوچە دابڕاوەكان تا ئومێد بە خەڵك ببەخشنەوە، دواتر بوو بە ئەندازیاری راپەڕین و راپەڕین لەسەر دەستی ئەو دروستبوو، دوای ئەوەش لە سەردەمی دوای راپەڕین لە چەند وێستگەیەكی گرنگدا رۆڵی گرنگی بۆ هەرێم و یەكێتیش بینیووە، سەرباری ئەوەی هەرێم كەوتە دۆخێكی چەقبەستووی گەندەڵی زۆر خراپەوە، كاك نەوشیروان بزوتنەوەی گۆڕانی دروستكرد و ئۆپۆزسیۆنی دروستكرد و ئومێدی بەخشیەوە بە خەڵك، دواجاریش كە ئەو قەیرانانە دروستبوو لە لەندەنەوە گەڕایەوە رێككەوتنێكی لەگەڵ یەكێتی واژۆكرد، كە ئەگەر جێبەجێبكرایە، زۆر كێشەی چارەسەر دەكرد، بۆیە وای دەبینم كە هەر كاتێك كاك نەوشیروان بگەڕێتەوە موعجیزە دەخوڵقێنێت.
* حیزبەكان بە تایبەتیش پارتی كە باس لە ریفراندۆم دەكەن، تاچەند بە بۆچوونی تۆ واقعین؟
ــ وەك بزوتنەوەی گۆڕان كە منیش هاوڕام لەگەڵ راگەیەندراوەكەیدا، ئەگەر ریفراندۆم هەر ریفراندۆمەكەی ساڵی (2005) بێت و لە سەدا (98)ـی خەڵك لەگەڵ سەربەخۆیی بوون، بۆیە پێویست ناكات ریفراندۆم هەر بۆ ناو بكرێت، ئەگەر بۆ بەكارهێنانیەتی بەرامبەر حكومەتی عێراق و هەندێك دەستكەوتی حیزبی حەق نییە ریفراندۆم بكرێت، ئەگەر بۆ دەوڵەتی سەربەخۆی كوردیە بە ناوچە دابڕێندراوەكانی كەركوك و شنگالیشەوە هەموومان لەگەڵیداین، بەڵام پێموایە پارتی بۆ دوو شت داوای ریفراندۆم دەكات، یەكەمیان؛ بۆ شاردنەوەی شكستی (25) ساڵەی خۆیان و داپۆشینی ئەو تاڵانی و پارەیەیە كە بردویانە، دووەمیان؛ وەك كارتێكە بەرانبەر ناوەند و وڵاتانی دەوروبەر بەكاریدەهێنن بۆ ئیمتیاز و پشكی حیزبی بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان.

‌ 738 جار بینراوه‌
5/6/2017 10:19:53 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved