»  شۆک
لەبەرانبەر ناڕەزایەتی خوێندكاران ئەنجومەنی زانكۆی سلێمانی دەستێكی دەرەكی بەنانەوەی ئاژاوە تۆمەتباردەكات
ئا/ رامان ساڵەیی

لەبەرانبەر ناڕەزایەتی خوێندكارانی بەشە ناوخۆییەكانی زانكۆی سلێمانی، ئەنجومەنی ئەو زانكۆیە دەستێكی دەرەكی بەنانەوەی ئاژاوە تۆمەتباردەكات.


خوێندكارانی زانكۆی سلێمانی جارێكی تر خۆپیشاندانیان دەستپێكردەوەو سەرەرای ژمارەیەك داواكاری بۆ دابینكردنی خزمەتگوزاری بەشە ناوخۆییەكانیان، ناڕەزایەتیان بەرامبەر بەبڕیاری وەرگرتنی 100 هەزار دینار لەبەرانبەر مانەوەیان لەبەشە ناوخۆییەكان دەربڕی و گرژی و ئاڵۆزی لێكەوتەوە، ئەنجومەنی زانكۆی سلێمانیش رایدەگەیەنێت، “دەستێكی دەرەكی لەپشت تێكدانی ئاراستەی خۆپیشاندانەكەو گرژی و ئاڵۆزییەكان بوو”.
لەچەند رۆژی رابردوودا خوێندكارانی كەمپی نوێی سلێمانی رژانەوە سەرشەقام و ئەمجارەیان داواكاریەكانیان جیاوازتر بوو لەرابردوو، بەهۆی سوتانی بەشە ناوخۆییەكەیانەوە كارەباو ئاوویان نەبوو، بەوتەی بەشێكیان، ناتوانن وانەكانیان بخوێنن لەكاتێكدا ئێستا تاقیكردنەوەكانیان دەستی پێكردووە.
لەلێدوانێكیشدا د.  رەزا حەسەن سەرۆكی زانكۆی سلێمانی بەوەكالەت رایگەیاند: “لەهەوڵداین بۆ چارەسەركردنی كێشەكانیان، بەڵام بەهۆی سوتانی بەشە ناوخۆییەكەیانەوە، ناتوانرێت سەرجەم خزمەتگوزارییەكانیان لەماوەیەكی زۆر كەمدا بۆ دابین بكەین.
داواشیكرد، خوێندكاران كارێك نەكەن كە كاریگەری لەسەر تاقیكردنەوەو وانەكانیان لەزانكۆ هەبێت.
ئەنجومەنی زانكۆی سلێمانیش، لەراگەیەندراوێكدا ئەوەی ئاشكراكرد، “ بەناوی كەمی خزمەتگوزاری ئاو وكارەبا و جیبەجێنەكردنی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران، سەبارەت بە وەرگرتنی ١٠٠ هەزار دینار لەخوێندكارانی بەشی ناوخۆی بۆ ماوەی ساڵێك، خۆپیشاندانێكیان رێكخست و توندوتیژی لێكەوتووە و بووە هۆی داخستنی رێگای سەرەكی سلێمانی –كركوك”.
ئەنجومەنی زانكۆی سلێمانی دەستێكی دەرەكیشی تۆمەتباركرد بەدروستكردنی ئاژاوە نانەوەو ئەوەیخستەڕوو: بۆمان دەركەوت كە چەند دەستێكی تێكدەر مولیدەی كارەبای بەشی ناوخۆی خوێندكارانیان كوژاندۆتەوە و قوفڵی ئاویان گرتووتەوەكە ئەمەش هۆكاری سەرەكی تێكچوونی بارودۆخەكە بووە، . دواتریش چەند گروپێك بەناوی خوێندكارانەوە هانی خوێندكارانیان داوە و پشێوی زیاتری لێكەوتووتەوە”.
سەبارەت بەبڕیای وەرگرتنی 100 هەزار دیناریش لەخوێندكارانی بەشە ناوخۆییەكان، ئەنجومەنی زانكۆی سلێمانی روونیكردەوە: “ئەو بڕیارەی ئەنجومەنی وەزیران بۆ وەگرتنی بڕی ١٠٠ هەزار دینار لە خوێندكاران هیچ پەیوەندی بە زانكۆی سلێمانیەوە نییە و لەدەسەڵاتی سەرۆكایەتی و ئەنجومەنی زانكۆ نییە، بەڵكو ئەمە بڕیاری ژمارە ٨٦ی ساڵی  ٢٠١٦ ئەنجومەنی وەزیرانە و لەسەرجەم زانكۆكانی تری هەرێم جێبەجێ كراوە”.
هۆشداریشیدا لەوەی، لیژنەیەك بۆ بەدواداچوون و لێكۆڵینەوەی زیاتر لەو دەستانەی لەپشت گرتنەوەی ئاو و كوژاندنەوەی كارەبای بەشە ناوخۆییەكانەوە هەبووە پێكدەهێندرێت و رێكاری یاساییان بەرامبەر دەگیرێتەبەر”.
ئەوەش لەكاتێكدایە پێشتر عەباس ئەكرەم، وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی حكومەتی هەرێم رایگەیاندبوو: بۆ زیادكردنی داهات و كەمكردنەوەی خەرجی وەزارەتەكان، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم بڕیاریداوە بۆ ئەمساڵی خوێندنی 2016-2017 لەبەرامبەر وەرگرتن و مانەوەیان لەبەشە ناوخۆییەكان بڕی 100 هەزار دینار لەهەر خوێندكارێكی زانكۆو پەیمانگەكان بۆ ماوەی ساڵێكی مانەوە وەربگیرێت.
لەبەرانبەریشدا پەرلەمانتارێكی لیژنەی كاروباری پەروەردەو خوێندنی باڵا نیگەرانی خۆی لەبەرانبەر وەگرتنی پارە لەخوێندكاران دەردەبڕێت و لەلێدوانێكدا بۆ (هەواڵ) دەڵێت: “حكومەتی هەرێم ئەركی سەرشانی خوێندكاران و هاوڵاتیانی هەرێم قورستردەكات، لەكاتێكدا كە قەیرانی دارایی هەیە و نیوە موچە دابەشدەكرێت، لەبری ئەوەی ئەركی سەرشانیان كەمتر بكات، كەچی كرێی لەسەر مانەوەی خوێندكاران لە بەشەناوخۆییەكان داناوە”.
بەوتەی ئەو پەرلەمانتارە، 356 بەشی ناوخۆیی لەسەرتاسەری هەرێمی كوردستان هەیەو نزیكەی 40 هەزار خوێندكار لەخۆدەگرن، بەوەش ساڵانە تەنها لەخوێندكاران حكومەتی هەرێم 400 ملیۆن دینار وەردەگرێت.
لەوبارەیەشەوە، شوكریە شێخانی وتی:” پێویست بوو لەبری وەرگرتنی پارە لەخوێندكارانی بەشە ناوخۆییەكان، لەكاتێكدا كەسوكارەكانیان بەهۆی قەیرانی داراییەوە توشی گرفت بوو، دەبوو پارەی بدایەتە خوێندكاران كە ئێستا سیستمی پاشەكەوتی موچە پەیڕەو دەكات و ڕوبعە موچە دەداتە فەرمانبەران”.

‌ 370 جار بینراوه‌
5/6/2017 10:56:19 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved