»  شۆک
ئێمەی گەنج بەترسەوە رەنج دەدەین
ساكار بەختیار


پێگەیاندن و گەشەسەندنی هەر وڵاتێك هەرگیز لەسەر توانا و زیرەكی گەنج نەوەستاوە! كەبینیمان هەر وڵاتێك لەوپەڕی شارستانیەت و پێشكەوتندایە دەبێت بیرمان بۆ ئەوە بچێت كە بەرپرس و كارمەندانی ئەو وڵاتە لێوانلێون لە دڵسۆزی و نیەتپاكی و هەوڵی راستەقینەیان بۆ سەركەوتنی وڵات .. هەموو ئەمانە دەزانین بەڵام ...!
ئەوانەی ئاگاداری فێستیڤاڵە شعرییەكەی 27/4/2017ی كەركوك بوون پێشبڕكێیەك بوو بۆ خوێندكاران بۆ شعری كوردی كە پێویست بوو ناونیشانی "پێشبڕكێی شعری كوردی "بوایە .. من دەمەوێت هەركەس لە فكری خۆیدا مانای "پێشبركێ " لێكبداتەوە..
ئێمە دەزانین پێشبڕكێ چەند جۆرێكی هەیە بۆ نموونە ئێمە ساڵانە لە تاقیكردنەوەكانی قوتابخانەماندا پێشبڕكێی بەرزترین نمرە دەكەین كە هەموو قوتابیان تێیدا بەشدارن دەتوانین بڵێین پێشبڕكێ لێرەدا لە چوارچێوەی بەرنامەیەكدایە دەتوانین ناوی بنێین "پێشبڕكێی بەرنامەداری چوارچێوەدار"، چونكە هەمووان لەسەر هەمان بابەت پێشبڕكێ دەكەن..بەڵام كە پێشبڕكێیەك ساڵی جارێك ئەنجام بدرێت و تەنیا كەسانێكی خاوەن توانا دەتوانن بەشداری تێدابكەن، ئایا وشەی پێشبڕكێ لە باسی یەكەمدا هەمان واتای هەیە لە باسی دووەمدا؟!
ئایا تاكو ئێستا بیستوتانە پێشبڕكێ لەسەر زیرەكی و توانای بەشداربووان نەوەستابێت؟ ئایا من دەكرێ لە پێشبڕكێیەكی راكردن بە قاچەكانی كەسیكی تر ڕابكەم و بەشداری بكەم؟ ئایا لەسەر چ بنەمایەك هەڵسەنگاندن بۆ بەشداربوان دەكرێت لە جۆرەكانی پێشبڕكێدا؟ بۆ نموونە لە ڤێسیڤاڵێكی شیعریدا ئاخۆ دەبێت من شیعری شاعیرێكی تر بهێنم؟!
ئایا دەشێت من لەسەر هەوڵ و ماندووبوونی كەسێكی تر خەڵات وەربگرم؟!
من دەڵێم خۆزگە هەر لەسەرەتاوە ناوی ڤێستیڤاڵەكەیان بنایا پێشبڕكێی، جوانترین خوێندنەوە بۆ شیعر، بەمشیوەیە نە ئێمە پرسیارمان لا دروست دەبوو نە ئێوەش دەكەوتنە ژێر پرسیارەوە، بەڵام ئێمە بەم ئەنجام و بەڕێوبردنە نیگەران نین بەڵكو بۆ داهاتووی خۆمان نیگەرانین كە توانا و زیرەكی گەنجەكانمان لە هیچ بوارێكدا بایەخی نییە لە بەرچاوی كۆمەڵە كەسانێك كە فكر و توانای گەنجەكانمان ناخوێننەوە كە بێهیوامان دەكەن لە هەوڵدان بۆ پێشكەوتن و پێشكەشكردنی خزمەت بە وڵات بێهیوامان دەكەن لە دۆزینەوەی بیرۆكەو رێگای باشتر بۆ خزمەتكردنی وڵات. وامان لێدەكەن كە هیچ هەوڵێكی جیاواز نەدەین تەنیا ئەوەنەی بژێین بەس بێ !!!
گەنج لێرە هیچ كات ناتوانێ ئامانجەكانی بپێكێت، ناتوانن وڵات لە دواكەوتویی تەنانەت یەك بست پێشبەرن لەبەر ئەوەی هیچ دادپەرەوەرییەك بەرانبەر كارەكانیان نییە... گەنج لێرە لە نێوان چەندین پرسیار و گوماندا دەژی، بۆیە قسە دەكەین تاكو بزانن كۆمەڵێ گەنج هەن توانای وردبونەوە و پرسیاركردنیان هەیە توانای جیاكردنەوەی باش و خراپیان هەیە، توانای ئەوەیان هەیە بەرپرسیار بن و لە داهاتوودا دەتوانن دڵسۆزبن، بە نادادپەروەری نیگەران و بە دادپەروەری خۆشحاڵ بن.. تاكو وڵاتەكەی بزانێ ئەم گەنجانە هەن، بەڵام ئەگەر بەرپرسان ئاگادار نەبن ئەوا هەموو توانای ئەم گەنجانە دەكوژن هەوڵەكانیان لەناودەبەن و بێ هۆ بەفیڕۆی دەدەن، لەگەڵ ئەمانەشدا داهاتووی وڵاتیش لەناودەبەن.
گەنجە بەتواناكان نایانەوێ كە ئەمڕۆ زمانیان گرت سبەی بچنە سەر تەختی شانۆ بەڵكو ئەوان بە رەنج و ماندوبونی خۆیان دەیانەوێ داهاتوویەكی رووناكتر بۆ خۆیان و وڵات بهێننە بوون..

‌ 713 جار بینراوه‌
5/6/2017 10:58:57 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
هۆشیار مەلا عەبدولڕەحمان
پارێزەر: لوقمان مستەفا ساڵح
راپرسی
کێ بەرپرسە لەم دۆخەی ئێستای کوردستان؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved