»  شەکری تاڵ
 تیرۆر لە سەردەشتەوە بۆ محەمەد یونس




1
لە یۆتەبۆری دارێك بە ناوی سەردەشت عوسمانەوە نراوە، دارێك كە هیوادارم هەمیشە لەو شوێنە بمێنێتەوەو رۆژێكیش لە دامێنیدا بنوسرێ‌ داری سەردەشت عوسمان، دەكرێ‌ بەشێك لە كێلی گۆڕەكەی بەرنە ئەوێ‌، سەردەشت لە ویژدانی خاوەن ویژدانێكا زندووە، زندووە لەبەر ئەوەی شەهیدەكانی قەڵەم بەس كەس و كارو نەتەوەكەی خۆیان خاوەنی نین، ئەوان هەموو ئازادیخوازانی دنیا خاوەنیانن، جارێكیان ستەیسی م باریۆس بەرپرسی پەیوەندیە گشتیەكانی ئەمەریكا لە كەركوك پێی وتم سۆران شەهیدی دیموكراتیزە كردن و ئازادی بیرو رایە بۆیە هەمیشە لە یادماندا دەمێنێتەوە، سەردەشتیش شەهیدی ئازادی بیرو را دەربڕین بوو، ئەو بیروڕا دەربڕینەی بە گوللە وەڵام درایەوە، دوای شەهید بوونەكەش هەبوون داكۆكیان لە كوشتنەكە دەكرد كوشتنی سەردەشت و وەدات و سۆران و كاوە و دكتۆر ستار كوشتنی بە بەرنامەو رێكخراون، لەم كوشتنانەدا هەمیشە كەسانی هەستیا و دەزگای شارەزا بە كوشتن هەن، بۆیە ئێستاو تاهەتایە خوێنی ئەوان لە ئەستۆی ئەو دەسەڵاتەیە كە دۆسیەكان دەخاتە ژێر لێوەوەو بە توندیش وەڵامی هەر كەسێك دەداتەوە كە دەڵێ‌ نادادی و ستەم هەیە.
2
لەسەرو بەندی یادكردنەوەی سەردەشتدا یەك دوو رۆژپێشتر محەمەد یونس جێگری بەڕێوەبەری كۆمپانیای گازی باكورو پاسەوانەكەی لە خاڵێكی پشكنینی یەكی حوزەیران تیرۆر كران، محەمەد یونس پیاوێكی ئیشكەرو دڵسۆزی شاری كەركوك و وەرزشی ئەو شارە بوو، سەرۆكی یانەی وەرزشی گازی باكور بوو، لە كوشتنی ئەویشدا دیسان باسی بی ئێمەكە هاتەوە گۆڕێ‌، ئەو بی ئێمەی كاتی خۆی سۆرانی شەهید كردوئیدی بووبە مەلی عەنقا، تۆ بڵێی ئەمە هەمان بی ئێم بێت، یان بی ئێمێكی تر، ئایە كۆمپانیای بی ئێم بەوە رازیە بە داهێنراوی ئەو رۆژنامەنووس و سەرۆكی یانەی وەرزشی و فەرمانبەر تیرۆر بكرێت، هەقە كوردانی ئەڵمانیاو بە تایبەت كوردە كەركوكیەكان ئەو بابەتە لە تەك ئەو كۆمپانیایەدا باس بكەن، ئەوەشی بۆ باس بكەن كە ئۆتۆمبێلی هەمان كۆمپانیا لە كەركوك لە رۆژی هاتنەكەی داعشا بوبە هۆی رزگاركردنی زۆر كەس، تیرۆری محەمەد یونس پێویستی بە بەدوادا چوون وكاری وردە نەك وەك ئەوەی سۆران و تیرۆرەكانی دیكە بخرێتە سەر رەفەو تۆزی لەسەر بنیشێ‌.
3
سێ‌ ساڵە داوا دەكەم دایكانی كاوەو سەردەشت و سۆران كۆبكەنەوەو كارێكیان لە تەكا بكەن ئەمەم بە نوسن نوسیوەو داوام لە كەی ئێن ئێن و پەیامیش كرد، دەی ئێستا دایكی وەداتیش هەیە، با دەسەڵاتی كوردی گوێ‌ لەو دایكانە بگرێت، بەرپرسی لقی كەركوكی پارتی بۆ بە دواداچون و سەرەخۆشی سەبارەت “ محەمەد یونس “ بە كوردستان تیڤی گوت “والی شار” مەبەستی دكتۆر نەجمەدین بوو، ئەو گوتی والی نەیگوت پارێزگار سەردانی كردین، خۆزگە بە قەولی بەرپرسی لق وتەنی والیەكانی دهۆك و هەولێرو سلێمانی و خۆبەڕێوەبەری گەرمیانیش سەردانی ئەو دایكانەیان دەكرد.

ئیمزا
لەتیف فاتیح فەرەج

‌ 1430 جار بینراوه‌
5/6/2017 11:03:08 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
راپرسی
کێ بەرپرسە لەم دۆخەی ئێستای کوردستان؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved