»  وتاری هەفتە
 یەكێتی كەی بە ئاگادێتەوە؟!
بورهان حاجی سلێمان



ئەگەرچی راستە چەند لایەنێكی ناوخۆیی و دەرەكی هەن بە بەرنامە كار لەسەر ئەوە دەكەن كێشەی ئیداری و سیاسی و ئابووری و ئەمنی جۆراوجۆر لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی یەكێتی دروست بكەن و بە چڕی هەوڵی تێكشكانی تاكەكانی ئەو ناوچانە دەدەن كە یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەڕێوەی دەبات، بەڵام ئەمە واتای ئەوە ناگەیەنێت ئەو حیزبە بێ بەرییە لەو دۆخە خراپەی كە نەك هەر ناوچەكانی نفوزو ئیدارەی خۆی، بەڵكو تەواوی هەرێمی كوردستانی گرتۆتەوە، چونكە بە كەمتەرخەمی و دابەزینی لە هاوبەشێكی بەهێزەوە بۆ بەشدارێكی شەرمن لە حكومەتەكەی هەرێم، جێی پێیەكانی لە ناوچەكانی ژێر سایەو قەڵەمڕەوی خۆی لەق كردووەو رووبەڕووی چەندین تەحەدیات و مەترسی گەورەش بۆتەوە.
یەكێك لەو مەترسیە گەورانەی لە ئێستادا رووبەڕووی یەكێتی بۆتەوە، دیاردەی ناونووسینی گەنجە گیرفان و دەستبەتاڵەكانی زۆنی سەوزە لە خورماتووەوە تا هەڵەبجە بۆ هێزەكانی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق، خۆ ئەگەر قەیرانی دارایی و راوەستانی دامەزراندن پاساو بن بۆ پشتگوێخستن و لانەكردنەوەی یەكێتی لەو گەنجانە، ئەی بۆچی بەرانبەردا لە بەشە زەردەكەی وڵات، لەسەر بودجەی گشتی دە هەزار چەكداری رۆژئاوای ناسراو بە پێشمەرگەی رۆژ موچەو نان دەدرێن و بۆ وێزەی براكانیان لە رۆژئاوای كوردستان پڕچەك دەكرێن، هەروەها بۆچی لە موچەی پاشەكەوتكراوی مامۆستاو فەرمانبەرانی هەرێم هێز بۆ عەرەبە سوننەكان و كەمە نەتەوایەتی و ئایینیەكانی ناوچەی نەینەواو هەندێ حیزبی كوردی هاوپەیمانی خۆی بە هاوشێوەی سوشیالیست پێكدەهێنێت، كە دوایینیان كردنەوەی دوو فەوجی زێرەڤانی بوو بۆ كۆنە ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتی كە پێش ماوەیەك خوانی گواستەوە سەر سفرەی زەرد؟!
من داوا لە یەكێتی ناكەم پێش لەو هێز دروستكردن و دامەزراندنانەی پارتی بگرێت، چونكە لە لایەك سەرقاڵ بوونی بە كێشە ناوخۆییەكان و نزیكایەتی بەشێك لە سەركردەكانی یەكێتی لە پارتی لە لایەكی دیكەوە، ئێستا خۆی لە پێگەی فەرمان كردن و راگرتنی پرۆسە پاوانخوازییەكانی پارتی نابینێتەوە، بەڵام هەر هیچ نەبێت دەتوانێت ئەو هێزو فەوج كردنەوانە بكاتە پاساو و لەبەرانبەر ئەوە هێزی نوێ پێكبهێنێت و ئەو گەنجانەی ناوچەكانی خۆی  كە خەریكە بۆ پاروویەك نان ئەزموونی فەوجی خەفیفە دووبارە دەكەنەوە دابمەزرێنێت، چونكە دابینكردنی سەرچاوەی بژێوی و هەلی كارو ژیانێكی شایستە چ بۆ گەنجان و چ بۆ مناڵ و پیری ئەو دەڤەرەو دەرهاویشتەكانی جێبەجێنەكردنی ئەو ئەركانە لە ئەستۆی یەكێـتی دایە.. دوا قسەشم بۆ سەركردەكانی حیزبی شەهیدان، وەبیرهێنانەوەی وتەكەی مام جەلالە كە دەڵێت " سەروەریمان، مانەوەمان، گەشەكردنمان بەندە بە یەكێتی نیشتمانی كوردستانەوە"... ئەگەر لەو پەیامەی مام-یش حاڵی نەبن و بەردەوام دەبن لە ناشرینكردنی حیزبەكەتان ئەوە پاشەڕۆژتان لە باشترین حاڵدا هاوشێوەی هاوڕێ دێرینەكەتان ئامر فەوجێكە لەوبەر!
‌ 1447 جار بینراوه‌
5/13/2017 10:09:59 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
123
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved