»  راپۆرت
حكومەت جیاوازی لە نێوان نوێنەرایەتیەكانی دەكات ئەو نوێنەرایەتیانەی لە پشكی یەكێتین، ماوەی شەش مانگە بودجەیان بۆ سەرف نەكراوە
ئا / هێمن حەسیب

هاوشێوەی زۆربەی جومگەكانی تر، قەیرانی دارایی كاریگەری كردۆتە سەر نوێنەرایەتیەكانی حكومەتی هەرێم لە وڵاتانی دەرەوە، بە جۆرێك بەشێك لە نوێنەرایەتیەكانی لە كارخستووە.

لەئێستادا حكومەتی هەرێم (14) نوێنەرایەتی لە وڵاتانی (ئەمریكا و بەریتانیا و سویسرا و ئەڵمانیا و رووسیا و پۆڵەندا و فەڕەنسا و سوید و ئوسترالیا و ئەسپانیا و ئیتاڵیا و نەمسا و یەكێتی ئەوروپا و ئێران) هەیە، كە رۆڵی باڵوێزخانە و قونسڵخانە دەبینن.
بەپێی زانیارییەكانی (هەواڵ)، بەهۆی خەرجنەكردنی بودجە بۆ نوێنەرایەتیەكان بە پاساوی قەیرانی دارایی و بێتوانایی حكومەت، بەشێكی زۆر لە نوێنەرایەتیەكان كەوتونەتە ژێر قەرزێكی زۆرەوە، بە جۆرێك هەندێك لە نوێنەرایەتیەكان ماوەی شەش مانگە بودجەیان بۆ خەرج نەكراوە.
دواخستنی خەرجكردنی بودجە بۆ نوێنەرایەتیەكان لە كاتێكدایە، زۆرێك لە نوێنەرایەتیەكان لە وڵاتان وەك نوسینگەی بازرگانی مۆڵەتی كاركردنیان وەرگرتووە نەك وەك ناوەندێكی دیبلۆماتی.
پەروا عەلی حمە، ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەكان و رەوەندی كوردستانی لە پەرلەمانی كوردستان، تایبەت بەم راپۆرتەی (هەواڵ)، رایگەیاند:”قەیرانی دارایی بە شێوەی گشتی كاریگەری كردۆتە سەر نوێنەرایەتیەكانی حكومەتی هەرێم لە وڵاتان”.
هاوكات لەگەڵ كێشەی خەرجنەكردنی بودجە بۆ نوێنەرایەتیەكان بە شێوەیەكی گشتی، حكومەتی هەرێم و فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە جیاوازی لە نێوان نوێنەرایەتیەكان لە مامەڵە و خەرجكردنی بودجە دەكەن، بە جۆرێك ئەو نوێنەرایەتیانەی پشكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، بە شێوەیەكی كەمتر گرنگیان پێ دەدرێت.
بەپێی زانیارییەكانی (هەواڵ)، چەند نوێنەرایەتیەك لە پشكی یەكێتی ماوەی شەش مانگ زیاترە بودجە و موچەیان بۆ سەرف نەكراوە، لەكاتێكدایە نوێنەرایەتیەكان لە پشكی پارتی دیموكراتی كوردستان، كەمتر كێشەی دواكەوتنی بودجە و مووچەیان هەیە.
پەروا عەلی حمە، ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەكان و رەوەندی كوردستانی لە پەرلەمانی كوردستان، نایشارێتەوە؛ كە جیاوازی لە نێوان نوێنەرایەتیەكانی حكومەتی هەرێم لە وڵاتان دەكرێت، بۆ ئەو مەبەستە ناوبراو، نوێنەرایەتی هەرێم لە رووسیا وەك نموونە دەهێنێتەوە و دەڵێت:”نوێنەرایەتی رووسیا كە پشكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و بەڕێز (دكتۆر ئاسۆ شێخ جەنگی) سەرپەرشتی دەكات، بودجەیان بۆ خەرج ناكرێت و كەوتونەتە ژێر قەرزێكی زۆرەوە و بەهۆیەوە ئێستا بینای نوێنەرایەتی تەنها لە ژوورێكدایە”، روونیشیكردەوە:”هەمان كێشەی لە نوێنەرایەتی هەرێم لە وڵاتی ئێرانیش هەیە”.
هاوكات ئەو ئەندامەی لیژنە پەیوەندییەكانی پەرلەمانی كوردستان، ئاشكرایدەكات:”زانیاریمان هەیە، ئەو نوێنەرایەتیانەی پشكی پارتی دیموكراتی كوردستان، كەمتر كێشەی داراییان هەیە و بەشێوەیەكی باشتر بودجەیان بۆ خەرج دەكرێت”.
بە وتەی پەرلەمانتار پەروا عەلی حمە؛ بەهۆی لە كارخستنی پەرلەمان لەئێستادا هیچ بەداواچوونێك بۆ كارەكانی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە ناكرێت و ئاماژە بەوەدەدات:”پێشتر لەكارخستنی پەرلەمان، پڕۆژە یاسایەك تایبەت بە فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە ئامادەكرا، تا بخرێتە ژێر چاودێری پەرلەمان، بەڵام داخستنی پەرلەمان پڕۆژە یاساكەی لە ناوبرد”.
پێشتریش نوێنەرایەتی هەرێم لە وڵاتی فەرنسا لە پشكی بزوتنەوەی گۆڕان بوو، بەڵام بەهۆی تێكچوونی پەیوەندییەكانی نێوان پارتی و بزوتنەوەی گۆڕان، پارتی ئەو نوێنەرایەتیەی لە گۆڕان وەرگرتووە.
جێی وتنە، فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە راستەوخۆ لە ژێر چاودێری سەرۆكایەتی هەرێمە و بەپێی وتەی ئەو پەرلەمانتارە؛ لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستانەوە قۆرخكراوە و لە كۆی (10) بەڕێوەبەرایەتی نێو فەرمانگە، تەنها دوو بەڕێوەبەرایەتی لە دەستی یەكێتیدایە و (8) بەڕێوەبەرایەتی و سەرۆكی فەرمانگەكە، لە پشكی پارتین.

‌ 448 جار بینراوه‌
5/13/2017 10:41:16 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved