»  بینین
بە ناوی ژنەوە نا
دڵسۆزحەمە


 
ئەم چركە ساتە مێژوویە مرۆڤایەتی بە گشتی لە بەردەم چركەساتێكی تەواو جیاوازدایە لەگەڵ تەواوی سەردەمەكانی تر، ئەمڕۆ جگە لە ئاڵۆزبونی ژیان و كێشە گەردەونیەكانی وەكو كێشەی ئابوری وجەنگ وتیرۆر ومەترسی نەخۆشی و پیسبونی ژینگە داگیركردنی دنیا لە لایەن چەند كۆمپانیاو دەوڵەت ودامەزراوەی ترسناكی زەبەللاحەوە كە گەشەكردن وماشینەوەی دنیا لەلایەن ئەم كۆمپانیا ودەزگایانەوە بەجۆرێكە كە رۆژ بە رۆژ بەژیانی ئەم جیهانەوە زیاتر دیاری دەدات، ئەگەر سەروەختێك دەزگا ودامەزاروە سیاسیەكان پیادەی پانتایی ئابوری و ژیانی ئابوری و ژیانی گشتیان كردبێت، ئێستا لە سەروەختێكدا دەژین كە تەواو ئەم هاوكێشەیە پێچەوانە بۆتەوە، ئەوە ئابوری وسەرمایەو پارەیە كە ئاراستەی دنیای سیاسەت ودەزگاكانی بڕیاردان دەكات، ئەوە پارە و دەسكەوت وبەرژەوەندی ئابوریە كە وێنای دنیای سیاسەت و هەڵسوكەوتی سیاسی دەكات، تەكنۆلۆژیا وەكو بەشێكی هەرە گرنگ و هەستیار وناوازە و تایبەت، وەكو بەشێكی گرنگ وهەرە بەپیت وبە بازاڕترین كاڵای دنیای ئابوری ئەمڕۆكە هەم بۆتە یەكێك لە پایە گرنگەكانی ئابوری و بازرگانی هەمیش یەكێك لە دیاردە وئامڕاز وناوەندە گرنگەكانی پراكتیك كردنی سیاسەت وزمانێك لە زمانحاڵی جیهانگیری و بەشێكی گرنگ لە ژیانی گشتی وژیانی تاك، تەكنۆلۆژیا ئەو پنتە هەستیار و جومگە بەهێزەیە كە ئابوری و سیاسەت لە یەككاتدا پێكدەگەن و بەهەمان ئاراستە هەژمون لەسەر ژیانی گشتی كۆمەڵگاكان و ژیانی تایبەتی مرۆڤیش دروست دەكەن، ئەم چركەساتەیە كە مانیفێستی ژیانی ئێستا دەكات، مرۆڤ و پاسۆردەكانی، مرۆڤ و مۆبایلەكەی، مرۆڤ و جیهان و هاوڕێ و پەیوەندیە دیجیتاڵی و ئەلیكترۆنی دۆستە وەهمیەكانی كە تەنها بە ناو ئەپیر و ئۆربیتاڵ و كایە ئەلیكترۆنیەكاندا پەیوەستە لەگەڵیان .
دەبو ئەم دەسپێكە بنوسم هەتا لێرەوە بگەمە ئەو جێگایەی كە مەبەستمە، تەكنۆلۆژیا و شۆڕشی پەیوەندیەكان و سۆشیال مێدیا و لایڤ وكەوتنی ئینسانی ئێمە بەسەر ئەم دەسكەوتە سەرنجڕاكێش و بێسنور ئاوەڵاو بێ مەودا ئازاد و بەربڵاوەدا چۆن رەنگی داوەتەوە لەسەر ئاستی دەربڕین ومانیفێستكردنی خود و نمایشكردنی خۆمان بە جوانی وناشرینەكانمانەوە، بە ئازار و خۆشبەختیەكانمانەوە، بە شكست ودەسكەوتەكانمانەوە، ئەگەر ئەو هەموو تەلەفزیۆنە ئاسمانیانە یەكێك بن لە یەقكردنەوەیەكەی دیجیتاڵی جڤاتی ئێمە بریتی بێت لە نیشاندانێكی هێستری مێدیایی ئێمە بە دنیای دەرەوە وناوەوەدا ئەوا ئێستا لەبەردەم جۆرێكی تر لە نمایشكردن ویەقدانەوەداین كە ئەویش بڵاوبونەوەی دیاردەی لایڤ وبڵاوكردنەوەی ڤیدیۆ و بیروڕای فێرباڵە لەسەر دیاردەكانی جڤاتی ئێمەو بگرە لەسەر پرس و دیاردە و چیرۆكی شەخسیش!
تەكنۆلۆژیای دیجیتاڵ، ناوەندە ئەلەكترۆنی و دەسكەوتەكانی فەزای قسەكردن و خۆنمایشكردن و گوزارشتكردن و دەنگهەڵبڕین و هەواڵ دروستكردنی لەدەزگا مێدیاییە رەسمیەكانی سەندەوەو ئەو چانسەی بۆ هەموو تاكێكی ئەم سەر زەمینە فەراهەم كردوە بە مەرجێك دەستی بە نێتدا بگات، چەپ و راست، سەلەفی و میانڕەو، شۆڤێنی و ئومەمی، بانگخواز و بەدڕەوشت، نەزان و فەیلەسوف، خوێنەوار و بێسەواد، ژیاندۆست و قین لە دڵ...هتد هەموان ئەو مینبەرەیان بۆ فەراهەم بووە كە دەنگە دەنگە و بیروڕا و قسەكانیان هەڵڕژنە ناو كۆمەڵگاوە، بێ سانسۆر و لێپرسینەوە، لە گفتۆگۆیەكی تاكلایەنەو پڕ هەیمەنەدا ئەم قسانە دەڕژێنە ناو فەزای گشتیەوە، جڤاتی كوردی بۆ خۆی جڤاتێكە لێوانلێوی دەنگە دەنگ و فەوزای دەرونی و رۆحی، خۆی جڤاتێكە بەدەست زۆری قسەی بێمانا و بێبەرهەمەوە دەناڵێنێت بە جۆرێك قسەكردن لەم كۆمەڵگایەدا ئەوەندەی وەكو ئاكتێكی بێبەرهەم تەماشا دەكرێت هێندە وەكو بەرهەمێكی ئینسانی وپێداویستیەك بۆ گەشەكردن وبەرهەمهێنان تەماشا ناكرێت، ئێستاش قسە ولایڤ وفەوزایەكی تری دەنگیی دەڕژێتە ئەم جڤاتەوە!
لەبەر ئەوەی ژنان و كێشەی ژنان یەكێكە لە ئاسانترین وبێبەهاترین ئەو كێشانەی كە هەموو چالاكوان وقسەكەر و مافپەروەر و كادر و ئینتیهازی و ئەوەش كە تەماعی لە پۆستێكی سیاسی و دەسكەوتی ماددی و سیاسی هەیە بەسانایی خۆی بەم پرسە ئینسانیەدا هەڵدەواسێت و بەناوی پرسی چەوساندنەوەی ژنانەوە بەوشێوەیە گێرە دەكات كە دڵی خۆی دەیخوازێت!
دەشێت لە هەموو ئەو كێشانەی كە جێگای ململانێ  و كێشمەكێشمی كۆمەڵایەتی وسیاسی و مێژوویین تەوژم و خوێندنەوەی جیاوازیش سەرهەڵبدات، دەشێت كەسێك بەناوی بەرگریكردن لە كوردبونەوە ببێتە كەسێكی شۆڤێنی، هەمان شتیش بۆ كێشەی ژنان هەروایە، ڕەنگە بەناوی بەرگریكردن لە ژنان دەیان تەوژم و دیدو دنیابینی توندڕەو، هەرزە، هەڵەشە، نازانستیش خۆی نمایش بكات، رەنگە مۆدێلی وا بەرهەم بێت كە رێك سەرقاڵی گۆڕینەوەی جێگا مێژوییەكەی بێت لەگەڵ پیاودا، رەنگە بەر مۆدێلێك بكەوین كە پێێ وابێت داماڵینی جلەكان یاخیبونەو بەشێكە لە خەباتی ژنان بۆ ئازادی، دنیای دیجیتاڵ بەریەككەوتنی ئێمەی بەم هەموو كایانە بە جۆرێك ئاسان كردووە كە بۆ جڤاتی ئێمە وەكو كەسێك وایە سەرنشینی (سكە الموت) بێت و بەردەوام توشی ترس و راچەنین بێت، وەختێك بەر ئەو فەزا پڕ هەرزەیی و دەنگە دەنگ و نابەرپرسیارانە دەبینەوە دەبێت بڵێێن بە ناوی ئێمەوە نا، بەناوی ژنانەوە نا!

‌ 132 جار بینراوه‌
5/13/2017 10:41:58 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
123
راپرسی
کێ بەرپرسە لەم دۆخەی ئێستای کوردستان؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved