»  پەڕەموچ
گریانی شەو
شاخى



هەموو شەوێ گریانم دێ‌
كەدەزانم ..تۆ بەشەوان خەوت دەزڕێ‌
بۆیە منیش تا بەیانی نیگەرانم.
هەموو شەوێ گریانم دێ‌
كەدڵنیام .. ئەوڕشپۆشەی دراوسێمان
خەوی نایە..
گەربخەوێش ,خەو بە( ئیڤا ) وە دەبینێ‌
بۆیە منیش بۆ گەڕانەوەی كوڕەكەی چاوەڕوانم.
گریانم دێ‌..
خۆزگە سینەم پەنجەرەیەكی هەبوایە..
لەودەلاقەی برینەوە
سووتانێكم نیشان دەدای,
ئەنفال ..
تەنیا هەڵوەرینی گەڵا مۆرد و
رژانی سۆمای چاوان و ..
لای لایەی ( رەندیخان ) نەبوو.
ئەنفال ..
تیربارانی ( بابە روشە ) و
روخانی ( قەڵای سەڵت ئەحمەد ),
هەڵوەرینی چڵە زیتونی ( تۆبزاوا ) و
گەڵای ( هەنجیرە زەرد )ی
بناری خاڵخاڵان نەبوو.
ئەنفال ..
تەنیا تەپكەو داوی ڕاوكردنی
كەو و سوێسكەو ..
كۆترەباریكەكانی ( قەشقە ) و
ئاسكۆڵەكانی گەرمیان نەبوو.
ئەنفال ..
تەنیا تۆڕی ماسی روح و ..
چنینەوەی خشڵی گەردنی ( روبار ) و
سوتانی دارستان نەبوو.
ئەنفال ..
گریان بوو , گریان.
تاوان بوو , تـاوان.
ئاگردانی كورەی مەرگ و
لاواندنەوەی نیوە شەوی..
دایكەكان بوو.
ئەنفال ..
بۆ من ..ژانی شیعر و..
هەوێنی پەیڤ و داستان بوو.
ئەنفال ..
هێند ئەشكی خوێنینی پێم ڕشتووە.
هێند ئاواتی لەمێژینەمی
بە حەسرەتەوە كوشتووە.
چاڵێكی مەزن مەزنی ..
وەك ( زاخە ) كەی ( قالەداود )
وەك جێگای دەمە ( شۆفەڵ ) ێك
وەك گۆڕستانەكەی ( دووبز ),
وەك ( چاڵەڕەش ) ەكەی ( داعش )
لەناخم دا ..
لە روحمدا .. جێ هێشتووە.




‌ 407 جار بینراوه‌
5/13/2017 11:07:54 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved