»  شۆک
ئالان جەبار: لەنێو كورددا دیجیتاڵ ئارت هێشتا ساوایە و پێوسیتی بە چەندین زانكۆ و پەیمانگە و كەسانی لێهاتوو هەیە
ئا/ هاوار ستار

لەم دیمانەیەی (هەواڵ)دا گەنجێك دەدوێنین كە لە بواری (هونەری دیجیتاڵی) كار دەكات و پیشەی ئەو دیزاین كردنی كاری وێنەیی و ڤیدیۆیە بە كۆمپیوتەر و كەرەستە تایبەتەكانی تەكنەلۆژیا، كارەكانی ئەو جێگەی سەرنجی بەكارهێنەرانی تۆڕەكۆمەڵایەتی و ماڵپەرەكانی تایبەت بەو بوارەیە، ئەو گەنجە، ئالان جەبار-ی تەمەن 27 ساڵە، بەبۆچونی ئالان هونەری دیجیتاڵی لەناو كوردا بەكارهێنانی سستە و وەك خۆی دەڵێت: “ كورد سودی لێ بینیوە، بەڵام بە رێژەیەكی زۆر كەم، چونكە هونەرەكە زۆر تازەیە”، رونیشیدەكاتەوە، “لە كوردستان لەم ساڵانەی دوایدا زۆربەی كۆمپانیاكان بەدوای گرافیك دیزاینەری باشدا دەگەڕێن ئیدی لە هەر بوارێكدا بێت”.

* ئالان كێیە ؟
- ئالان جەبار لە دایكبووی 1990 شاری سلێمانییم و دانیشتوی ئەو شارەم، دەرچووی پەیمانگای كۆمپیوتەری سلێمانیم بۆ ساڵی 2011/2012 ماوەی 10 ساڵە لە بواری (دیجیتاڵ ئارت) كاردەكەم، وەك گرافیك دیزاینەر و لەم ساڵانەی دوایش وەكو (سریدی ئارتیست) كارم كردووە، چەند ساڵێكە لە كۆمپانیای بۆكس (بۆكس كۆمپانی) كە بۆ ریكلامی بارزگانی و كاری هونەری دیجیتاڵی دامەزراوە دەستم بەكاركردوە تا ئەم ساتەش بەردەوامم، بۆئەوەی زیاتر پەرە بەبوارەكەی خۆم بدەم كەوەك پێشتر باسم كردو لەناو كوردا ئەگەر هەشبێت كەمەو وەك پێویست كاری لەسەر نەكراوە.
* ئەو بوارەی تۆ كاری تێدا دەكەیت چییە و كەی سەری هەڵداوە ؟
- دیجیتاڵ ئارت هونەرێكی جیاوازە و لە ساڵانی حەفتاكان و سەرەتای دروستكردنی كۆمپیوتەرەوە سەری هەڵداوە خۆی لە چەندین بواردا دەبینێتەوە كە بریتین لە (typography, graphics, imagery,motion and web)
* كاری گرافیك چییە ؟
- كاری گرافیك دیزاین، خۆی دەبینێتەوە لە (Printing, logo Design, Interface Design, web design, typography…..) بەگشتی بوارێكی زۆر فراوانە، چەندین لقی جیاوازی لێدەبێتەوە، زۆر ئەستەمە كەسێك بتوانێت لە هەموو بوارەكانیدا سەركەووتو بێت، بەڵام بە گشتی بوارێكی خۆشە و ئەگەر كارەكەت خۆشبوی ئەوا بە دڵنیایەوە ئاسان و خۆشتر دەبێت و تێیدا سەركەوتو دەبیت و ئەوەی مەبەستە هەوڵی بۆ بدەیت پێم وایە قورس نابێت، هەڵبەت كاركردن لەهەموو بوارێكی تریش چوون یەكە و بەهەوڵدان بەدەستێت.
* بەشداری چیت كردوە و لەچیدا سەركەوتنت بەدەست هێناوە؟
- من زیاتر كارەكانم لە تۆڕە كۆمەڵایەتیكان بڵاو دەكەمەوە لەگەڵ هەژماری تایبەتیم لە ماڵپەڕی (بیهانس) كە پێشانگەیەكی تایبەتیە بۆ بڵاوكردنەوەی كاری هونەری كۆمپانیای (ئەدۆب)، زۆربەی كارەكانم لە بواری (سری دی لاندسكەیپ) لە ماڵپاری كۆمپانیای (ڤی یو ئی) بڵاوكراونەتەوە، لە نێوان چەندین كاردا كە رۆژانە دا ئەنرێت، چەندین باجم لە ماڵپەركانی بواری (دیجیتاڵ ئارت) وەرگرتووە.
جگە لەوانەش چەند فێركاریەكم هەیە هەندێكیان لە ماڵپەرە بەناوبانگەكانی بواری (دیجیتاڵ ئارت) بڵاوكراونەتەوەو لەهەموو جیهانەوە بینەریان هەبووە، هاوكات بەشداری چەند پێشبڕكێیەكی كۆمپانیای (ڤی یو ئی)م كردووە، كە خاوەنی پرۆگرامی (ڤی یو ئی)یە بۆ هونەری دیجیتاڵی و یەكجار پلەی یەكەمم بەدەست هێناوە.
* لەپاڵ كاری گرافیك چ كارێكی تر دەكەیت ؟
- كاری فۆتۆش دەكەم، راستی وەكو كاری لاوەكی دەیكەم و زیاتر پەرە بە بوارە هونەریەكە دەدەم وەك زیاتر لە مادیەكەی بۆیە كەم كەم فۆتۆگرافی دەكەم و وەك پیشەی سەرەی تەماشام نەكردووە، بەڵكو ئەوەی كاری سەرەكی من و ئەولەویەتی كارەكانمە دیجیتاڵ هونەرە.
* گرافیك دیزاین لەئەمرۆدا پشتی پێ بەستراوە ؟
- بەڵی، تا ڕادەیەكی زۆر باشیش، بە تایبەت لەكوردستان لەم ساڵانەی دوایدا زۆربەی كۆمپانیاكان بەدوای گرافیك دیزاینەری باشدا دەگەرێن ئیدی لە هەر بوارێكدا بێت تا كارەكانیان بە باشترین و جوانترین جۆر پیشانبدرێت، چونكە پێم وایە لەگەڵ پێشكەوتنی كۆمەڵگەو تەكنەلۆژیا، پێویست بەوە دەكات سەرجەم شوێنە بازرگانییەكان ئەگەر دوكانێكی بچوكیش بێت ریكلام بۆ كاڵاكانی بكات تا زۆرترین فرۆشیان هەبێت.
* ئایا گرافیك دیزاین دەتوانرێت بكرێتە پیشە و داهاتێكی لەبەرامبەردا پێ پەیدا بكرێت ؟
- بە دڵنیایەوە، لە ئێستادا بودجەی گرافیك دیزاینەری باش لە دنیادا هاوشانی دكتۆر و ئەندازیار و پیشە بەرزەكانی دیكەیە، لە كوردستانیش بە هەمان شێوەیە هەرچەند بەگوێرەی پێویست نەبووەو ناتوانرێت بوترێت بەهەمانشێوەی وڵاتانی جیهان گرنگی بەو بوارە دراوە.
* گەنجان بەردەوام گلەییان لەوە هەیە كار نییە و ناتوانن بەردەوامی بدەن ؟ ئایا پێویستە گەنج چاوەرێی حكومەت بكات ؟ یان خۆی دەتوانێت پەرەبەخۆی و بیرۆكەو پرۆژەكانی خۆی بدات ؟
- حكومەت ئەوەی لەسەریەتی دابین كردنی ژینگەیەكی تەندروستە بۆ هاوڵاتیان، لەگەڵ ئەوەشدا دروست كردنی هەلی كارە بۆ گەنجان، بەڵام بە داخەوە هیچیانی نەكردوە، لەگەڵ ئەوەی كە حكومەت كەمتەرخەمە ناكرێت ئیدی گەنج تا پیر دەبێت چاوەروانی دەستی حكومەت بكات كە كارێكی بۆ بكات یاخود هەلێكی بۆ بڕەخسێنێت تا پرۆژەو بیرۆكەكانی تێدا بخاتەگەڕو جێبەجێیان بكات و شتێكتیان بۆ بكات، دەبێت خۆمان بسەلمێنین و بەراستی بەو جۆرە پێشدەكەوێن نەك هەمیشە دابنیشین و چاومان لەدەستی بەرامبەر بێت و بەرامبەریش بەو جۆرە كەمتەرخەمییە لەبوارو رۆڵی ئێمە لەكۆمەڵگە بڕوانێت.
لە ئێستادا لە كوردستان كۆمەڵێكی زۆر گەنجانی بەهرەمەند هەیە لە زۆربەی بوارەكاندا و بژێویەكی باشیشیان هەیە، هەموو كەس دەتوانێت لە بوارێكدا كە خۆی مەبەستیەتی فێر بێت و پەرەی پێ بدات، بۆیە دانیشتن بەبیانووی نەبوونی هەلی كار یاخود رەخساندنی بوارو دەستگیرۆیی پێم وایە كارێكی دروست نییەو هەڵەیە.
* تا چەند رازیت لەو گرافیكەی لەئەمرۆی كوردستاندا بەكاردەهێنرێت ئایا كەسانی كوردی بەتوانامان هەن ؟ یان زۆربەی كۆمپانیا و كەناڵەكان، گەنج و كەسانی بیانی گرافیكیان بۆ دەكەن ؟
- تا رادەیەكی زۆر رازیم و خۆمان گەنجانی بەتوانامان هەیە، لەگەڵئەوەشدا راستە زۆربەی كۆمپانیا و كەناڵەكان گەنجی بیانی گرافیكیان بۆ دەكەن، ئەوەش حاڵەتێكی ئاساییەو هەر دەبێت كە كۆمپانیایەك كەسانی بیانی بهێنێت و كارەكانی بۆ بكات ئەوەی گرنگە ئێمە زیاتر خۆمان بسەلمێنین بۆئەوەی ئەو كارەش نەهێڵین، بەڵام لەهەموو بارێكیشدا دەكرێت سودیان لێ ببینین و سود لە كارەكانی ئەوان وەربگرین و بیكەینە ئەزمونێك بۆ كاری داهاتووی خۆمان و دوای وەرگرتنی ئەزمونێكی باش خۆمان بتوانین كاری كۆمپانیاو كەناڵە ناوخۆییەكانمان بكەین و چیتر پێویستمان بە كەسانی بیانی نەبێت، بەهیوام ئەوەش لەداهاتوودا بێتەدەی.
* كورد سودی لە دیجیتاڵ ئارت بینیوە ؟
- بەڵێ بەدڵنیاییەوە، بەڵام بە رێژەیەكی زۆر كەم و بەشێوەیەكی بەرفراوان نەبووە تا ئێستا، چونكە هونەرەكە زۆر تازەیە و لە سەرەتای 2000 ەكانەوە كورد بەم كارە هێواش هێواش ئاشنا بووەو نەبۆتە هونەرێكی كۆن تا ئەزمونێكی زۆری لەسەر پەیدا بكات .
* داهاتوی گرافیك و كاری سەردەمی لە نێو كوردا چۆن دەبینیت ؟
- بە هیوام لە ئایندەدا كەسانی بەتوانا و باش لە كوردستاندا دروست ببن و خزمەت بە بوارەكە بكەن، هەرچەندە ئێستاش كەسانی باشمان زۆرە بەڵام بوارەكە هێشتا ساوایە و پێوسیتی بە چەندین زانكۆ و پەیمانگە و كەسانی لێهاتوو هەیە تا پەرەی پێ بدەن، چونكە خوێندنی ئەكادیمی زیاتر دەبێتە هاندەرێك بۆئەوەی هونەرەكە پێشكەوتنی بەرچاو بەخۆوە ببینێت.
* چیت هەیە بۆ گەنجان بەگشتی ؟
- پێوسیتە گەنجەكانمان خۆیان بسەلمێنن لە هەر بوارێكدا بێت، دەبێت بەخت و چارەنوسی خۆیان، بەدەستی خۆیان دروستی بكەن، بۆیە پەیامم بۆ هەموو گەنجێك ئەوەیە كە تەنها پشت بەخۆت ببەستە و هیوا و ئامانجێكی گەورەت هەبێت، دڵنیام بەدەست هێنانی هەموو ئاوات و هیواو مەبەستەكانت ئەستەم نابێت و نییە، پێم وایە گەنجانی ئێمەش هیچیان كەمتر نیە لە چاو گەنجانی وڵاتانی دیكەدا، تەنها فەراهەم كردنی ژینگەیەكی لەبار نەبێت، بە هیوام لە ئایندەدا باشتر ببێت و ژینگەیەكی لەبار بۆ گەنجانی ئێمەش دروست ببێت تا هیچ نەبێت وەك گەنجانی وڵاتانی جیهان بتوانین لەژینگەیەكی تەندروست و بارودۆخێكی ئارامدا پەرە بەبوارو هونەرو پرۆژەكانمان بدەین.



‌ 432 جار بینراوه‌
5/13/2017 11:13:39 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved