»  باران
هیچ سانسۆرێك بۆ ڕێگری لەپەخشی دراما دۆبلاژكراوەكان نییە دراما دۆبلاژكراوەكان كێشە خێزانییەكان و لاساییكردنەوە زیاد دەكەن
ئا/ رامان ساڵەیی

كەناڵە كوردییەكان دراما دۆبلاژكراوەكان و نیشاندانی دیمەنی سۆزداری و بابەتە خێزانییەكان دەكەنە پردێكی لەبار بۆ ڕاكێشان و كۆكردنەوەی زۆرترین بینەر لەدەوری خۆیان و توێژەرانیش پێیان وایە، ئەوانەی زیاتر بەدەوری ئەو كەناڵانەوەن و بوونەتە هۆگری دراما بیانییەكان بەتایبەت توركییەكان ژنانن و كاریگەری خراپی لەسەر دروستكردون، وەزیری رۆشنبیریش لەوبارەیەوە هۆشداریدەدات و رایدەگەیەنێت، " ئیجرائات بەرانبەر هەر كەناڵێك دەكەین كە لەرێگای دراماو بەرنامەكانیەوە ئاشتەوایی خێزانی بخاتە ژێر مەترسییە".

بەگوێرەی مادەی 10 لەیاسای چاپەمەنی كە لەساڵی 1993 لەپەرلەمانی كوردستان دەرچووە، هیچ سانسۆرێك بۆسەر كاری میدیای لەهەرێمی كوردستان نییە، هەر ئەو یاسایەش وایكردووە، كەناڵە كوردییەكان بەبێ ڕەچاوكردنی رێنمایی و كلتوری كۆمەڵگە، چەندین جۆر دراماو فیلم بەبێ بوونی هیچ فلتەرێك پەخش بكەن، كە بەوتەی توێژەرانی بواری كۆمەڵایەتی، هۆكاری ڕاكێشانی سەرنجی بینەری كورد لەڕێگەی دراماكانەوە بۆ پەخشكردنی ئەو درامایانە دەگەڕێتەوە كە كاریگەری لەسەر سۆزو عاتیفە دروست دەكەن.
شادان رەحمان تەمەن 32 ساڵ كە پیشەی مامۆستایە، پێی وایە، بەشێكی زۆر لەو درامایانەی لەكەناڵە كوردییەكانەوە پەخشدەكرێن، دەبنە هۆكارێك بۆ زیادبوونی بیری تۆڵەكردنەوەو زۆربوونی توندوتیژییە خێزانییەكان و دەشڵێت: "ناكرێت بەو ئاسانییە ڕێگە بەكەناڵەكان بدرێت بەویستی خۆیان و بەبێ رەچاوكردنی هیچ پێوەرو بنەمایەك ئەو درامایانە پەخش بكەن، لەكاتێكدا خودی بەشێك لەدراماكان بەتایبەت توركییەكان دەبنە هۆی دروستبوونی توندوتیژی خێزانی و بەشێكیشیان بەئاشكرا پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤیان تێدا ئاسایی كراوە".
شلێر ئاكۆ خوێندكاری قۆناغی چوارەمی بەشی زانستە مرۆڤایەتیەكانە، ئەگەرچی وەك خۆی باسی دەكات بینەری بەشی زۆری ئەو درامایانەیە كە كە لەكەناڵەكانەوە پەخشدەكرێن، دەشڵێت: "كاریگەری لەسەر خێزان هەیەو هیچ سودێكی لەرووی كۆمەڵایەتی و كلتورییەوە نییە بۆ كۆمەڵگەی كوردی و تەنها بۆ كات بەسەر بردن تەماشای دەكات".
ئەو خوێندكارەی زانكۆ ئاماژە بەوەشدەكات، رووداوەكانی نێو ئەو درامایانە لەگەڵ بەها كۆمەڵایەتییەكانی كۆمەڵگەو خێزانی كوردی یەكناگرنەوەو زۆرجاریش دەبنە هۆكار بۆ دروستبوونی كێشە خێزانییەكان بەتایبەتیش بۆ ژنان.
وتیشی: " ئەو درامایانە نەیانتوانیوە بەدیوێكی باش كار لەسەر بیركردنەوەی تاكی كوردی بكەن، هەرچەند گەنجان دەیانەوێت هاوشێوەی رووداوەكانی نێو ئەو درامایانە مومارەسەی بابەتە سۆزدارییەكان بكەن و وەك لاسایكردنەوەیەك، كە ئەمەش كاریگەری خراپی لەسەریان دەبێت".نیاز جەمال تەمەن 30 ساڵ كە پیشەی فەرمانبەرە لەوبارەیەوە پێی وایە، نیشاندانی خیانەت و كێشەی خێزانی بەردەوام لەڕێگەی دراما دۆبلاژكراوە توركییەكانەوە هۆكارێك بووە بۆ دروستبونی چاولێكەری لەناو خێزانە كوردییەكان و ئەوەشدەخاتەڕوو: "نەبوونی سانسۆر لەسەر كاری میدیای لەهەرێمی كوردستاندا یەكێكە لەو گرفتانەی وایكردووە هەندێك لەكەناڵەكان بەبێ رەچاوكردنێكی پێوەرە كۆمەڵایەتیەكان دراماكان پەخش بكەن، كە ئەمەش كاریگەری لەسەر دەروونی تاك و خێزانەكان دروستدەكات".
وتیشی: "بەهۆی ئەوەی زۆربەی زۆری كەناڵەكان بەبەردەوامی دراما توركییەكان دۆبلاژ دەكەن و بەبینەری كورد دەیفرۆشنەوە، بۆ دووربوون لەسیاسەت ناچارین كە تەماشایان بكەین، بەڵام گرنگە هۆشیاریەك هەبێت كە لاساییكردنەوە روونەدات یاخود نەبنە هۆكارێك بۆ وەرگرتنی تەقالیدو كلتوریان و گواستنەوەیان بۆ ژیانی رۆژانەمان".
سامان محەمەد توێژەری كۆمەڵایەتی لەوبارەیەوە هۆشداریدەدات و ئاماژە بەوەدەكات، "دراما دۆبلاژكراوەكان كاریگەری زۆریان لەسەر كەسایەتی و جۆری بیركردنەوەی تاكی كورد دروستكردووە".
ئەوەشیخستەڕوو: " زۆرێك لەو دیمەن و ڕوداوانەی نێو دراماكان لەلای تاكی كورد خەریكە دەبنە واقع و زۆرجاریش لەحاڵەتەكانی جیابوونەوەی هاوسەران یاخود پەنابردن بۆ خۆكوشتن یان تۆڵەكردنەوە، كاریگەری دراماكان بەدی كراون".
ئەو توێژەرە ڕاشیگەیاند: "جگە لەوەی دراماكان كاریگەریان لەسەر خێزان و ژن بەتایبەت هەیە، هاوكات كاریگەری خراپیان لەسەر منداڵانیش بەگشتی هەیەو پێویستە خێزانەكان بەهۆشیاریەوە مامەڵە لەگەڵ درامای ئەو كەناڵانەدا بكەن كە بەبێ هیچ فلتەرێكی كلتوری و بەرژەوەندی گشتی دیمەنەكان دەگوازنەوە".
خالید دۆسكی وەزیری ڕۆشنبیری و لاوانی حكومەتی هەرێم لەلێدوانێكی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندووە: "بەپێی یاسای چاپەمەنی سانسۆر لەهەرێمی كوردستان نییە بۆ سەر كەناڵەكانی راگەیاندن، هەرچەندە ئەو یاسایەش تارادەیەك رێگر بووە بۆ كارەكانی ئێمە، بەڵام ئێمە هەر دەستەوەستان نەوەستاوین و لەهەموو حاڵەتێكدا كار دەكەین بۆ ڕێگرتن لەو سەرپێچییانە كەناڵەكانی راگەیاندن ئەنجامی دەدەن".
ئەوەشی خستۆتەڕوو: لەڕێگەی سەندیكای ڕۆژنامەنوسان و دادوەری گشتیەوە هەوڵی كۆنترۆڵكردنی كەناڵەكان دەدەین، دواتریش لەڕێگەی سیستمی مۆنتێرینەوە چاودێری كەناڵەكان دەكەین و ڕێوشوێنیان بەرامبەر بەهەر كەناڵێك دەگرینەبەر كە لەڕێگەی دراما و بەرنامەكانیەوە ئاشتەوایی خێزانی و كۆمەڵایەتی بخاتە ژێر مەترسییە ".

‌ 270 جار بینراوه‌
5/13/2017 11:17:48 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
راپرسی
کێ بەرپرسە لەم دۆخەی ئێستای کوردستان؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved