»  باران
ژنان لە فەرمانگەكانی كەركوكدا رێژەیەكی كەمیان هەیە
ئا/ هاوار ستار

زۆرجات ژن و پیاو بەهاوشانی یەكتر وەسفكراون و پێیان وتراوە هێزی كار، لە شوێن و ناوەندەكانی كار لەجیهاندا رێژە بۆ كارمەندی نێرو مێ دانراوەو دیاریكراوە بەجۆرێك لە زۆر وڵات رێژەی نیو بە نیو پەیڕەو دەكرێت، بەڵام لە عێراقداو لە شارێكی وەكو كەركوك لە دامودەزگا و فەرمانگە حكومییەكانیدا رێژەی ژن وەكو پێویست نییە و تەنانەت ئەو رێژەیەی وەكو كۆتا لە پەرلەمانی عێراقیشدا دیاری كراوە بەجۆرێك هەر فەرمانگەیەك دەبێت 25%ی لەرەگەزی مێینەبێت، وەكو پێویست پەیڕەو ناكرێت، لەبەرئەوە داوا دەكرێت باڵانسی جێندەری لە فەرمانگەكاندا جێگیربكرێت و یەكسانی لەبوونی ژن و پیاودا پەیڕەو بكرێت.

سرود محەمەد بەرپرسی لقی كەركوكی رێكخراوی كۆمەڵەی هیوای عێراقی لەسەر كەمی رێژەی ژن لە فەرمانگە و دامودەزگا حكومییەكان بۆ (هەواڵ) وتی: "ئەگەر بەراوردی شوێنی كارو فەرمانگەكانی كەركوك بكەین دەبینین بەرێژەیەكی كەم ژنان رۆڵیان تێدا هەیە و كاری تێدا دەكەن یاخود لەدەستەی بەرێوبەرێتیدان، چونكە تا ئێستا ئەوە پەیڕەو نەكراوە كە باڵانسی جێندەر لە فەرمانگەكان پەیڕەو بكرێت یاخود گوێ بە توانا و بڕوانامە و رۆڵی ژن بدرێت هاوشانی پیاو نەوەك رەگەز".
لەگەڵ ئەوەی رێژەی ژنان لەناوەندە حكومییەكان وەكو پێویست نییە و ئاستی یاسایی و یەكسان پەیڕەو ناكرێت بەڵام هەندێك فەرمانگەش ئەو رێچكەیەیان شكاندوە و رۆڵی ژن تێیدا تا ئاستێك بەرەو پێشچونێی بەخۆوە بینیوە هەر لەبەر ئەو هۆیەش ئەم ساڵ و لە بەرێوەچونی كارو چالاكیەكانی هەشتی مارسدا كۆمەڵێك فەرمانگە و ژنانی فەرمانگەكانی كەركوك خەڵات كران كە سیستەمی كۆتا پەیڕە و دەكەن.
وەك ئاماژەی بۆ دەكرێت ئەو خەڵاتكردنە هۆكارێكە تا ببێتە هاندانێك و وانەیەك بۆ حكومەت كە پەرە بە رۆڵ و كاریگەری ژن بدات لە نێو دامودەزگاكانیدا لەسەر ئەو خەڵاتكردنەش سرود محەمەد دەڵێت: "ئێمە خەڵاتی ئەو بەرێوبەرایەتیانەمان كرد كە رۆڵی ژن تیایدا چالاكە و رێژەكەیان باشە و هەروەها خەڵاتی ئەو فەرمانگانەمان كرد كە دەستەی بەرێوبەرایەتییەكەی بەهاوبەشی رۆڵی ژن بێت یاخود ژن كاریگەری بەرچاوی تێدا هەبووبێت"،
هەر لەسەر خەڵاتكردنەكە سرود محەمەد بەرپرسی لقی كەركوكی كۆمەڵەی هیوای عێراقی رایگەیاند: "لەكۆی 24 فەرمانگە و بەرێوبەرایەتی حكومی لەكەركوك 12 یان رێژەی ژنی تێدا ئاستێكی پەسەند كراوە لەروی رێژەی دیاریكراوەوە، بەڵام ئەو رێژەیە لای ئێمە بەس نییە و داوادەكەین زیاتر بكرێن و پەرە بە رۆڵی ژن زیاتر بدرێت لە ناوەندەكانی حكومەتدا"،
بەپێی وتەی سرود محەمەد، "بەشێكی زۆر لە فەرمانگە حكومییەكانی كەركوك نزیكەی 25% ژنیان تێدادەبێت و هەرچەندە ئەو رێژانەش دەكرێت زیاتر بكرێنەوە لەئایندەدا، چونكە حكومەت خۆی كەرێژەی كۆتای دیاری كردوە دەبێت سەرجەم فەرمانگەكان زیاتر لە 25% پەیڕەو بكەن بەڵام بەداخەوە كەوانییە و ئێمە داوادەكەین و داواشمان كردووە نەك چواریەك بەڵكو نیوی سەرجەم فەرمانگەكان بكرێن بە ژن و نیو بە نێوی پیاو باڵانسەكە راگرن".
لەگەڵ ئەوەی رێژەیان وەكو پێویست نییە لەسەر رۆڵ و بەردەوامی ژن سرود محەمەد دەڵێت: "جێگەی دڵخۆشییە كە ژنان بەردەوامن و رۆڵیان هەیە و مایەی سەرفرازییە كە ژن ببێتە هێزی كار بەڵام دەبێت هەوڵی زیاتر بدرێت كە ژن هاوشانی پیاو بكرێتەوە".
بەرپرسێكی ئیداری ژن هۆكاری كەمی ژن لە فەرمانگە و بەرێوبەرایەتییەكان بۆ دوو خاڵی سەرەكی دەگەرێنێتەوە یەكەم حكومەت و پەرلەمان بە یاسا و بە شێوەیەكی جدی كاریان بۆ ئەو پرسە نەكردووە و دووەمیش حزبەكان دەستیان لەو نایەكسانییەدا هەیە.
جوان حەسەن سەرۆكی لیژنەی كاروباری ژنان و مناڵان لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بۆ (هەواڵ) وتی: " لەپەرلەماندا كە كۆتا دیاری كراوە لە شوێنە سەرەكییەكان و ئەنجومەنەكاندا تەنانەت فەرمانگەكانیش كە دەبێت رێژەی 25% ژن كەمتر نەبێت، ئێمە وەكو ئەنجومەن داوامان كرد لە دامودەزگاكاندا ئەو خاڵە جێبەجێ بكەن و ژنان رێژەیان زۆرتر بكرێت بەڵام ئەوان وەڵامیان داینەوە بەوەی رێژەی ژن بە پێی سنوری ئیدارییە و بە پێی لێهاتویی و ساڵی خزمەتە هەر بۆیە دەبێت بەو سیستمە خەڵك دابنرێت".
هەروەها جوان حەسەن وتی: "راستیەكان ئەوە ناخوێنێتەوە و ئەوەی لە واقعدا رودەدات شتێكی ترە بەجۆرێك ئەو رێژەیەی لە نێوان ژن و پیاودا دادەنرێت و دیاری دەكرێت لایەنە سیاسییەكان رۆڵیان هەیە لەو بابەتەدا، چونكە بە داخەوە ئاشكرایە دامودەزگاكان بەرێوبەرایەتییەكەی لە لایەنێكی سیاسییەوە سەرپەرشتی دەكرێت و مامەڵەی پێوەدەكرێت و دیاری كردنی پۆستەكان و بەرێوەبەرە گشتییەكان كە حزبەكان دابەشی دەكەن ئاشكرا دەبینیت یەكەم كادیری پیاو دەبێت و لە ئێستادا چوار پۆستی بەڕێوبەرایەتی گشتی كە لە كەركوكدا هەن و كاریگەرن هیچیان بەژن نەدراون و ژن بەرێوەی نابەن".

 



‌ 527 جار بینراوه‌
5/13/2017 11:18:22 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
هۆشیار مەلا عەبدولڕەحمان
پارێزەر: لوقمان مستەفا ساڵح
راپرسی
پێت وایە دۆخی ئێستای كوردستان بەچی چارەسەر ئەبێت؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved