»  شەکری تاڵ
 ئایندەی هەرێمی كوردستان




بە ئەزمونی ئێستای سیاسی باشوری كوردستان دەردەكەوێت، خەمساردی و كەمتەرخەمی لەو میللەتە نەبووە لە گیانفیداكردن و بەرەنگاری بەرانبەر بە دوژمن و داگیركەران، ئەوەی هەموو جار بۆتە كێشە بوونی كەسایەتی لاوازو خۆسەپێن و لەبارنەبوو لە ئاستی قۆناغی خەبات و بەڕێوەبردنی بزووتنەوەی رزگاریخوازی نیشتمانی كوردستان.
باشوری كوردستان لە ساڵی 2013وە كەوتۆتە ناو تونلێكی قەیرانی ئابوری، ئەگەرچی كەوتنە ناو ئەو تونێلە بەدەستی هەرێم خۆی بوو، لە پێناو ئامانجێكی نیشتمانیش نەبووە، بەڵكو لە پێناو هەندێ ئامانجی كەسی و وڵاتانی هەرێمی بووە، ئەم قەیرانی ئابوریە بۆماوەی چوار ساڵی رێكە هیچ دەرەتان و ئاسۆیەكی بۆ نەدۆزراوەتەوە كەوا سوودی بۆ ئەم میللەت و وڵاتە هەبێ‌، كەواتە ئەمە نیشانەی خۆسەپێنی و هیچ لەبار نەبووی نیشتمانی ئەو كەسانەیە، ئەگەرنا لە هیچ كونجێكی دونیادا نیە، وڵاتێك چوار ساڵ لەناو قەیرانێكدابێت و چارەسەی بۆ نەدۆزێتەوە و ئەو دەسەڵاتەی بەڕێوەشی دەبات هەر وەك خۆی بمێنتەوە، بەردەوامیش بێت لەو سیاسەتەی كە گرتویەتیەبەر، قەیرانی دووەم قەیرانێكی گەورەی سیاسی و قانوونیە كە خوڵقێنراوە، ئەم قەیرانە بۆتە هۆكاری تەواو ئیفلیج بوونی پڕۆسەی سیاسی و قانوونی لە هەرێمی كوردستان، ماوەی دوو ساڵی رێكە لە كوردستان بۆشایەكی قانوونی تەواو هەیە، دەنگی خەڵك سوكایەتی پێكراوە، سیستەم و دیمۆكراسی ئەتك كراوە، كەچی بەردەوامیشن لەسەر ئەو رێڕەوەی كە دەبێ جارێكی تر پڕۆسەی سیاسی و سیستەمی سیاسی لەسەر ئەم چوارچێوەیە دابمەزرێتەوە كە خۆیان دەیانەوێ‌، لە دەوروبەری هەرێم كۆمەڵێك هاوكێشەی سیاسی و سەربازی گرنگ و گەورە روودەدات، كورد لە باشور نەك نەیتوانیوە ببێتە هاوكێشە و ژمارەیەكی سەنگین بەڵكو لە هیچ مژارێك پرسی پێناكرێ‌، وەك كارتێكی فشار جارجار بەكارهاتووە، لە ئێستادا لە دژی كوردی توركیا چۆتە ژێرباری ئێران و روسیا، باشوری كوردستان پێیوایە ئەمە زیانی نابێ بۆ ئەو، هیچ چوونە ژێر بارێكی توركیا و ئێران و عێراق وائاسان نیە ئەگەر لە ئەنجامدا دەستكەوتێكیان نەبێ‌، بۆیە ئایندەی هەرێمی كوردستان و بزووتنەوەی سیاسی كورد زۆر نادیار و ناڕۆشنە، دەوروبەری كوردستان هەمووی دەجوڵێ بە ئاراستەی پایمكردنی خۆیان، بەڵام باشوری كوردستان هەتاكو ئێستا لەناو بازنەیەكی بۆش دەخوڵێتەوە بۆ ویستە كەسی و حزبیە بچوكەكان، هیچ ئاسۆیەكی روونیش نابینرێ‌ بۆ چارەسەر، بەدڵنیاییەوە لە داهاتوێكی نزیك چەند رووداوێكی كاریگەر دینە پێشەوە و كاریگەریان لەسەر باشور دەبێ، ئەوەندی كاریگەرەكەش بەخراپ دەبێ زەحمەتە بە باش بێت.

ئیمزا
شادمان مەلا حەسەن

‌ 296 جار بینراوه‌
5/13/2017 11:19:56 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
123
راپرسی
پێت وایە دۆخی ئێستای كوردستان بەچی چارەسەر ئەبێت؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved