»  وتاری هەفتە
كۆنگرەی توركمان.. واقعبینی و خەیاڵپڵاوی
بورهان حاجی سلێمان



چوارشەممەی رابردوو 17 / 5 / 2017 بە چاودێری سەرۆك پەرلەمانی عێراق و هەماهەنگی نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان (یۆنامی) كە هەمیشە كارو پلانەكانی جێگەی پرسیار بووە، بەرەی توركمانی و حیزب و لایەنە توركمانییە سوننی و شیعییەكان كۆنگرەی (پاشەڕۆژی توركمان لە عێراقێكی یەكگرتوودا) لە هوتێل رەشید-ی شاری بەغدا سازكرد.
هەرچەندە گوتاری بەرەی توركمانی هەمیشە هاوتەریب بووە لەگەڵ گوتاری ئەنقەرە، بەڵام (جاڕنامەی توركمان) كە وەكو بەیاننامەی كۆتایی كۆنگرەكە دەریانكردووە، بەگشتی داواكاری واقعی تێدایە، كە پێش خۆیان كورد بەگشتی و یەكێتی بەتایبەتی، شەڕی بۆ كردوون وەك گێڕانەوەی زەوی و زاری توركمان كە بەعس زەوتیكردبوون و مافی كلتوری و بەشداریپێكردنیان لە ئیدارەدان و یەكسانی و ئاوەدانكردنەوەی ناوچەكان كە بوونی هەیە... هتد، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بە فشاری ئەوانەی كە هێندەی دژایەتی كوردیان كردۆتە پیشە، نیو ئەوندە كار بۆ مافەكانی توركمان ناكەن، چەند داواكاری خەیاڵی و ناڕەواو دژ بە كوردی تیا دەبینرێتەوە لەوانە:
* لە بڕگەی (داواكارییەكانیان لە دەسەڵاتی یاساداندان)دا، لە كۆی چوار خاڵدا، خاڵێكیان وەكو ژەهر تێكردووە كە ئەوەنەی سوكایەتیكردنە بە توركمان سوكایەتی نییە بە یاساو رێساكان، چونكە توركمانی وەك رەوەندێكی نامۆ و بێگانە ناساندووەو داوای یاسای تایبەتی بۆ دەكات لە كاتێكدا مافەكانی هاوڵاتیبوون بۆ هەمووان گشتگیرو یەكسانن.
* لە بڕگەی (داواكارییەكانیان لە دەسەڵاتی جێبەجێكار)یش لە كۆی 11 خاڵدا نۆیان ئاسایین، بەڵام لەخاڵی شەشدا داوای پێكهێنانی مورتەزیقە لەدەرەوەی دامەزراوە سەربازییەكان دەكات تا لە بری حكومەت ئەو ناوچانەی كە گوایە توركمانین، حوكم بكات، هەروەها داوای بەهێزكردنی حەشدی شەعبی توركمانی دەكەن تا لە ژێر سایەی ئەو هێزە میلیشیاییەدا شەڕی كورد بكەن! خاڵی دەیەمیش هیچ پەیوەندی بە مافی توركمانەوە نییە، بەڵكو مەبەست دژایەتیكردنی كوردە، چونكە داوای هەڵكرنی ئاڵایەكی توركمانی ناكات، بەڵكو داوای داگرتنی ئاڵای كوردستان دەكات، ئەمەش ئەو خاڵەیە كە هاوڵاتی سادەی توركمان هەر بیریشی لێناكاتەوەو تەنها بۆ رازیكردنی ئەنقەرەیە!
* لەبەشی (توركمان و جوگرافیاكەیان)یشدا، تەواو رێگە بە عەقڵی دۆگماو دژە كوردو وابەستە بە ئەجێندای دەرەكی دراوەو تاخاڵەكانی دایبڕێژیت و بێشەرمانەو دوور لە هەر بەهایەكی ئینسانی دادپەروەرانە داوای ئاوارەكردنەوەی ئاوارەكانی كەركوك و نەگەڕانەوەی سنوورە ئیدارییە راستەقینەكەی پارێزگاكە دەكات، لە خاڵێكی دیكەشدا داوای بە پارێزگاكردنی خورماتوو و تەلەعفەر دەكات، كەیەكەمیان وەكو ناوچەیەكی ململانێ لەسەر، نابێت گۆڕانكاری ئیداری تێدا بكرێت و لە بنەچەشدا قەزایەكی دێرینی سەر بە پارێزگای كەركوكە، دووەمیشیان كە هێشتا بە دەستی داعشەوەیە، هیچ بنەمایەكی بە پارێزگابوونی تێدا نییە!
لە دوای پرۆسەی  ئازادیەوە ئەمە یەكەمجارە توركمانی سوونەو شیعە پێكەوە پرۆژەیان هەبێت، ئەمەش واتای ئەوەیە تیشكی سەوزی ئەنقەرەو تاران، لە بەغدا كۆببنەوەو یەك دیدیان هەبێت، كوردیش ئەوەی پێخۆشە تا مامەڵە لەگەڵ یەك ڕوئیا بكات، بەڵام رئیایەك مافە رەواكانی توركمان ببینێت نەك دژایەتی نەتەوەیەكی دیكەی پێوە دیاربێت.. بەگشتی كۆنگرەكە خاڵی ئەرێنی پێوە دیارە، بەڵام ئەگەر بەرەی توركمانی دەیەوێت مافی توركمان دەستەبەر بكات، دەبێت پشت و هاوسۆز بۆ خۆیان دەستەبەر بكەن نەك دوژمن، باشترین داكۆكیكاریش لە توركمان كوردە، چونكە تائێستا بە فەرمانی بابولعالی جارێك لەگەڵ سوننەو جارێكیش لەگەڵ شیعەدا هاوپەیمان بوونە، كەچی هەر دەستخەڕۆكراون و بەهۆیەوە مافی توركمانەكانیش پشتگوێخراوە، لەبەرانبەریشدا وێرای دژایەتیكردنیان بۆ كورد، بەڵام هێشتا كورد لەگەڵ مافە رەواكانیاندایە! بەڵام هێشتا دەنگێكی بەرز لەناو توركماندا پەیدانەبووە تا بە سەرانی بەرە بڵێت بۆچی سەودامان پێوەدەكەن؟!

‌ 2666 جار بینراوه‌
5/20/2017 9:49:06 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved