»  وتاری هەفتە
دووەمین جیابوونەوەی كاك نەوشیروان
بورهان حاجی سلێمان



ئەگەر جیابوونەوەی رەوانشاد كاك نەوشیروان مستەفا لە ساڵی 2009دا باڵانسی هێزی لە هەرێمی كوردستان و لەناو ریزەكانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان تێكدابێت، ئەوە بە دووەمین جیابوونەوەو مەرگی ناوادەی، نەك هەر باڵانسی هەرێمی كوردستان و یەكێتی، بەڵكو باڵانسی هێزی لەناو خودی بزووتنەوەی گۆڕان تێكدا.
سەرەڕای ئەوەی جیابوونەوەی یەكەمی كاك نەوشیروان گورزێكی گەورە بوو لە یەكێتی و نەخشەی سیاسی هەرێم، بەڵام مانەوەی لە دوای نەخۆشكەوتنی مام جەلال، چەندە بۆ گۆڕان گرنگ بوو، ئەوەندەش بۆ یەكێتی گرنگ بوو، چونكە هەمیشە خێوی نەوشیروان رێگربوو، لەبەردەم سیاسەتە هەڵەكان و خەونە پاوانخوازییەكانی ژمارەیەك سەركردەی یەكێتی و راكێشانی بەلای پارتیدا، بەتایبەتی دوای دەركردنی سەرۆك پەرلەمان و وەزیرەكانی گۆڕان ئەویش گەیشتبووە ئەو بڕوایەی كە بۆ راستكردنەوەی باڵانسی هێز پێویستە رێكەوتننامەی سڕكراوی دەباشان كارابكرێتەوەو دژایەتیكردنی یەكێتی لەقازانجی كوردستاندا نییەو هەلومەرجەكە وا دەخوازێت قۆناغێكی نوێی كاری هاوبەش لە نێوان یەكێتی و گۆڕاندا دەستپێبكات.
ئەگەر تا جیابوونەوەی دووەمی كاك نەوشیروان، هەندێك بەرپرس و سەركردەی یەكێتی بەربەست بوونەو دژایەتی رێككەوتنی دەباشانیان دەكرد، ئەوە مەرگی كاك نەوشیروان، پەردەی لەسەر ئەو رەوتەی ناو بزووتنەوەكە هەڵدایەوە، كە هەستیرییانە دژی نزیكەبوونەوەی گۆڕان و یەكێتین و هەر لە پرسەكەدا بە لێدوانی ژەهراوی رق و كینەی خۆیان بەرانبەر یەكێتی و رێككەوتنی دەباشان هەڵڕژی، جا چ ئەوانە بن هەر لەسەرەتاوە بە بەرنامەی دیاریكراو خزاونەتە ناو گۆڕانەوە، یان ئەوانەی ترسی لەدەستدانی رۆڵ و پێگەی خۆیان هەیە لە ئەگەری نزیكبوونەوە یان یەكگرتنەوەی هەردولا.
قۆناغی دوای كاك نەوشیروان بۆ بزووتنەوەی گۆڕان و بۆ یەكێتیش زۆر سەخت دەبێت، بۆ گۆڕان یەكڕیزی و رێكخستنی لە ژێر هەڕەشەدایە، بۆ یەكێتیش سەقامگیری ناوچەی نفوز و بەهێزبوونی رەوتیكی نامۆ یان هەرزە لەناو گۆڕاندا زیانی راستەوخۆی بۆی هەیە،  ئەركی سەركردەو دامەزرێنەرانی بزووتنەوەكەش قورستر دەبێت، ئێستا ئەوان لەبەردەم بەرپرسیارێتییەكی مێژوویی هەستیاردان، كە چۆن بزووتنەكە لەدەستێكی ئەمیندا بهێڵنەوەو چۆنیش بتوانن ئایندەی گۆڕان و دەنگی لۆژیك و بەرژەوەندی ناوچەكە بخەنە لەپێشینەی كارەكانیان، هاوبار ئاراستەی ئەو گوتارە زبر و جنێوفرۆشەو دژە تەباییەی ناو گۆڕان بگۆڕن و بە ئاراستەی راستكردنەوەی هاوسەنگی سیاسی و ئەو پرۆژەیە تەواو بكەن  كاك نەوشیروان لەم دوو ساڵەی كۆتایی تەمەنیدا هەوڵی بۆ جێبەجێكردنی دەدا، بە هەمانشێوە یەكێتیش پێویستە لە دوایین هەنگاوی پاشەكشە نەكات، بەڵكو هەنگاوەكانی بەرەو ئاساییبوونەوە خێراتر بهاوێت، لەلایەك (دژە دەباشان)ـەكانی ناو ریزەكانی جڵەو بكات و لە لایەكی دیكەوە هاوكاری سەركردە خەمخۆرەكانی گۆڕان بێت و تا لەگەڵیاندا قۆناغێكی نوێی كاری پێكەوەیی دەستپێبكەن، چونكە بۆشایی نەخۆشكەوتنی مام جەلال و مەرگی كاك نەوشیروان، نە بە هەرزە سیاسی و نە بە سیاسی ئینبتاحی پڕ دەكرێتەوە، بەڵكو بە چاوتیژی هەڵۆكان و نەبەردی بەورەكانی ناو هەردوولا، دەتوانرێت ئەم قۆناغە هەستیارە تێپەڕێندرێت.

‌ 2761 جار بینراوه‌
5/27/2017 9:43:07 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
راپرسی
پێت وایە دۆخی ئێستای كوردستان بەچی چارەسەر ئەبێت؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved