»  بینین
پارتی لە مەرگ و ژیانی نەوشیرواندا
دڵسۆزحەمە


 
لە قۆناغی دوای شۆڕشی ئەیلول و هەڵگیرسانەوەی شۆڕشی نوێ لە پەنجا ساڵی رابردوودا،سێ ناوی گرنگ وەكو سەركردەی مێژوویی و رابەری ئەو قۆناغە مێژووییە نوێنەرایەتی ئەم قۆناغەو خەڵك بە رەمز وسەركردەو رابەری خۆیانی زانیون، مام زەعیمی بێ ركابەری دوای بارزانی باوك، ئینجا كاك نەوشیروان و بەڕێز مەسعود بارزانی، ئەم سێ فیگەرە، ئەم سێ سەركردەیە گەمەكەری سەرەكی و كاریگەری بەهێزی سیاسەت و رووداوەكان بوون لە پێش راپەڕین و دوای راپەڕین، لەدەرەوەی ئەم سێ كاراكتەرە بەهێزە هیچ كەسێكی تر گۆڕانكاری گەورەی پێناكرێت لە ئاڕاستەكردنی رووداوەكاندا، هەربۆیە نەخۆشكەوتن، مردن، خەمساردی و هەڵنەگرتنی بەرپرسیاری مێژوویی هەریەك لەمانە كاریگەری راستەوخۆی دەبێت بەسەر ژیانی گشتی و چارەنوسی پرسە سیاسی و ئیدارییەكانی شێوازی حوكمڕانی لە كوردستان، ئەمانە ئەو فیگەرە مێژوییانەن كە خەڵك متمانەیان پێكردوون و راستەخۆ بەقسەشیان دەكەن.
هەربۆیە مەرگی كاك نەوشیروان لە ئێستادا برینێكی دەرونی و رۆحی نەك هەر لە ناو هوڵسوڕاوانی بزوتنەوەی گۆڕاندا دروستكردووە، بەڵكو بۆشاییەكی سیاسی و مەعنەوی گەورەی لە ژیانی سیاسی و مێژویی كوردستاندا بەجێهێشتووە كە كاریگەرییەكانی لە ئێستاو داهاتووشدا درێژەی دەبێت، لەبەرئەوەی مامیش سالانێكە رۆڵی سیاسی كۆتایی هاتووە، هەربۆیە بۆشاییەكە هێندە ترسناك و گەورەیە كە پێدەچیت خەڵك لە ناخودئاگای گشتیدا دەرك بەم دۆخە مەترسیدارەی تێكچونی بەڵانسی سەركردایەتی و مەترسی ئەو بۆشاییە بكات كە لە غیابی ئەم دوو فیگەرەدا هەیە، هەربۆیە مەرگی كاك نەوشیروان كوردستان و بەتایبەت ئەم دەڤەرەی خستۆتە ماتەمینی گشتی قوڵەوە، ماتەمینیەك لێوانلێو لە ترس و لە كارەساتی لە دەستچوونی فیگەرێك جیاواز لەو مۆدێلەی بەرپرس و سەركردەی سیاسی لە كوردستان هەیەتی و بەرهەمی هێناوە.
لەوە گەڕێین كە كاك نەوشیروان چۆن فیگەرێكی تەواو جیاواز بوو لەو مۆدێلە ناشیرینەی دنیای سیاسەت لە كوردستاندا بەرهەمی هێناوە، رای ئێمە هەرچیەك بێت لەسەر مێژووی سیاسی ئەم پیاوە، لەو راستیە ناگۆڕێت كە نمونەی دەستپاكی و خاكەڕایی و راستگۆیی و نزیكی خەڵك بوو، لەو سەركردە زۆردەگمەن و رابەرە بەهێزانە بوو كە جیاواز لە هەموو ئەوانەی كە هەن پارە و پول و پشكی نەوت و پاڵاوگەو بازرگانی و باخ وڤێللا و عەقارات وئەو پۆخڵەواتەی بەرپرسی پێدا دەناسرێتەوە ئەم رابەرەی كەمەنكیش نەكرد بۆ خۆی ئەو هەتا هەینی رابردوو وەكو زاهیدێك ژیاو لەگەڵ قسەكانی خۆی كۆك بوو، تاكە سەر بوو لە ئاپۆڕای سەرە گەندەڵەكاندا خەڵكی چاوی ئومێدیان تێبڕیبێت، هەربۆیە مردنی ئەو شۆكێكی گەورەی نائومێدبوون بوو بۆ خەڵكی!
باسی مێژووی خوێناوی پەنجاساڵی رابردی پارتی ویەكێتی و ئەوانی تر ناكەم تەنها ئەو چەند ساڵە كورتەی دروستوبی بزوتنەوەی گۆڕان كە دەكرا پارتی و كاك مەسعود بەتایبەتی كەڵكی زۆر لە ئەزمونی كاك نەوشیروان وەربگرێت بۆ بنەبڕكردنی یان كەمكردنەوەی گەندەڵی و بەدامەزراوەییكردنی سیستەمی حوكومڕانی، بەهێزكردنی دامودەزگاكان و بوژانەوەی ئابوری كوردستان بەتایبەتی دوای نەخۆشكەوتن و دووركەوتنەوەی مام، بەڵام پارتی گۆڕانی بە كەوش وكڵاشەوە لە هەولێردەركرد، مانای دەركردنی نەوشیروان!
مەرگی نەوشیروان نیشانی داین كە ئەو چەند كەسێكی زیندووە لە ویژدانی خەڵكدا، بەڵام كاردنەوەی پارتی هەڵسوكەوتی بارزانی لەگەڵ مردنی هاوپیشەكەی خۆیدا زۆر نابەرپرسیارانە بوو، شەرمەزارییە كە هەوڵی بچوككردنەوەی سەركردەیەك بدرێت بەو شێوازە فاشیلەی كە پارتی كردی، شەرمەزاریە كە ماتەمینی گشتی بەفەرمی رانەگەیەنرا وئاڵاكان نەهاتنە خوارەوە، لە كاتێدا خەڵك لە كۆستێكی وەها گەورەدایە، دەكرا كاك مەسعود ژیرانەتر، حەكیمانەتر، دووربینتر وەبەرهێنانی سیاسی و مەعنەوەی لەم مردنەدا بكردایە بۆ ئاشتەوایی سیاسی، بۆ نزیككردنەوەی دەڤەرەكان، بۆ گەورەتركردنی خۆی، بۆ زەمینەسازی نزیكبونەوە، بۆ هێوركردنەوەی دڵەكان و پڕكردنەوەی چاوەڕوانی خەڵك، دەبو كاك مەسعود خۆی وەكو سەرۆكی هەموو كوردستان سەرەخۆشی لە هەموومان كردبا نەك رووداوێك و كەسێك بچوك كاتەوە كە لەئێستا ودوورمەودادا رێك پێچەوانە دەشكێتەوە!

‌ 2821 جار بینراوه‌
5/27/2017 9:43:39 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
123
راپرسی
کێ بەرپرسە لەم دۆخەی ئێستای کوردستان؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved