»  شەکری تاڵ
 سەندیكای رۆژنامەنووسان دیلێك بەدەست ئازاد و گرفتار بەدەست نەبوونی ئازادییەوە
بورهان حاجی سلێمان



لە سەندیكا ئیئتیلافییەكاندا پێویستە حیزبەكان بۆ گرەنتی سەركەوتنی ئەو سەندیكایەو هێشتنەوەی بە یەكگرتوویی، خەڵكی شیاوو و مەقبول و كەسانێك كە رێز لە رای بەرانبەر، كاندید بكەن.
سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان بە حوكمی ئەوەی پەیوەندی بە توێژێكی خاوەن مینبەر و كاریگەرەوە هەیە، یەكێكە لەو رێكخراوانەی كە دەبێت لە رووە نیشتمانییەكەیدا رۆڵی هەبێت لە دروستكردنی گوتارێك بە ئاراستەی ئاشتی و رێكخستنەوەی ماڵی كورد، لە ئەركە نیقابییەكەیشدا دەستەبەركردنی ئازادی مافی دەربڕین و داكۆكیكردن لە رۆژنامەنووسان دروشمی بێت، لە ئەركە پیشەییەكەیشیدا، دژایەتیكردنی گەندەڵی دیاردە سلبییەكانی سەرجەم جومگەو كایەكانی وڵات كاری لەپێشینەی بێت، هەر بۆیە لە دوای پرۆسەی ئازادی و قۆناغی نوێی خەباتی گەلی كورد، هەست بە زەرورەتی رێكخستنەوەی ماڵی پەرتەوازی رۆژنامەنووسان كراو هەنگاوی عەمەلی بۆنرا.
لە دوای یەكەم كۆنگرەی یەكگرتنەوەی رۆژنامەنووسانی زۆنی سەوزو دەڤەری زەرد لە مانگی 12ی ساڵی 2003، رەوشی سەندیكا تا رادەیەكی باش رۆیشت و بەرهەمەكانی چنییەوە، چونكە بوونی هاوسەنگی و كەسانی هەستكردوو بە بەرپرسیارێتی، سەندیكایەكی ئەكتیڤی بەرهەمهێنابوو، هەروەها لە رووی پیشەیشەوە توانی یاسایەكی وەك یاسای 35 بێنێتە بەرهەم، پارتیش لەو قۆناغە بۆ پۆستی نەقیب فەرهاد عەونی كاندید كردبوو كە كەسێكی هێمن بوو و بڕوای بە كاری پێكەوەیی و توانای مامەڵەكردنی تەندروستی لەگەڵ لایەنەكان هەبوو، هەر بۆیە كە لە كۆنگری دوو لە ساڵی 2007دا جارێكی دیكە هەڵبژێردرایەوە، رووبەڕووی رەخنەو دژایەتی كردنی لایەنەكان نەبووەوە، بەڵام كۆنگرەی سێ لە ساڵی 2011 سەرەتای داڕوخانی ئەو سەندیكایە بوو بەدەست كەسێكی وەكو حاكم ئازاد، كە هیچ كات نەیتوانییوە هاوسەنگی بپارێزێت، بەڵكو لە بری ئەوە هەر خەریكی نانەوەی دووبەرەكی بووە، كارو چالاكییەكانی سەندیكاش لە ئاست ئەو بودجە زەبەلاحە نەبووە لە چەند ساڵی رابردوودا هەیبووە، كەسێكە رێزی لە واژووەكانی خۆی لەمەر رێكەوتنەكان نەگرتووە.. ئایا ئەمە چ بۆچونێك سەبارەت بەو پیاوەمان لادروست دەكات، چ متمانەیەكی پێدەكرێت؟! نەقیبێك نەتوانێت پەیوەندییەكی تەندروست لەگەڵ ئەندامانی ئەنجومەن و لقەكانی سەندیكاكەی دروست بكات، ئیتر چی بۆ دەكرێت بۆ رۆژنامەنووسان؟! نەقیبێك بە ئاشكرا دژایەتی ژمارەیەك دەزگای سەر بە یەكێتی بكات و سیخوڕی بەسەریانەوە بكات، شوێنی سەندیكای رۆژنامەنووسانە یان دەزگایەكی سیخوڕی؟! ئایا نەقیبێك جیقڵدانەی ئەوەندە تەنگبێت كە بەرگەی رەخنەیەك نەگرێت، ئیتر چۆن رابەرایەتی توێژی رەخنەگران دەكات؟!
قسە زۆرە لەسەر ئازاد حەمەدەمین، وەلێ ئەمە دەستپێكە، بۆیە بە ژمارەیەك پرسیاری پەیوەندیدار بەیەكتر كۆتایی بەم وتارەم دێنم كە تاڕادەیەك عەیبەیە بۆ یەكێتی چونكە بەدەست تاكە كەسێكەوە گیری خواردووە:-
ئەگەر یەكێتی نەتوانێت باجێكی سەندیكا بۆ ئەندامێكی كارگێڕی لقێكی خۆی دەربكات كە ئازاد رێگری لێدەكات، ئیتر چۆن دەتوانێت لە سەندیكایەكی وادا خزمەت بە رۆژنامەنووسان بكات؟ بۆچی بە كاركردن لە سەندیكایەكی لەمجۆرە قایلەو كەسانی خۆی تووشی سەرئێشە دەكات.. ئایا ئەمەش ئارامگرتن و قوربانیدانە لە پێناو یەكڕیزی، یان مەسەلەكە لەدەستدانی ئیرادەی بڕیاردانە ؟!

ئیمزا
بورهان حاجی سلێمان

‌ 2410 جار بینراوه‌
5/27/2017 9:45:33 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved