»  وتاری هەفتە
مانۆڕەكانی داعش لەدەوروبەری كەركوك چیمان پێدەڵێت؟
بورهان حاجی سلێمان



لەگەڵ نزیكبوونەوەی وادەی كۆتایی ئەركەكانی رێكخراوی تیرۆرستی داعش لە ناوچەكەو هەڵكشانی بەرەو قوڵاییەكانی ئاسیای ناوەڕاست بۆ جێبەجێكردنی ئەجێندایەكی نوێ، جموجۆڵەكانی ئەو چەتانە لە تخومەكانی شاری كەركوك زیادی كردووە، نموونەش رووداوەكانی چەند رۆژی رابردووی گوندی حلێوە لە قەزای خورماتووی باشوری كەركوك و قەزای دوبزی رۆژئاوای كەركوكە، كە هاوبارن لەگەڵ حاڵەتەكانی رفاندن و دزیكردن و كوشتن لەناو شارەكە.
ئەگەر خوێندنەوەیەكی ورد بۆ سەرجەم ئەو رووداوانە بكەین و پێكەوە گرێیان بدەین كە هاوكاتن لەگەڵ هەڵمەتێكی میدیایی بەتایبەتی لە سۆشیال میدیا بۆ لەقكردنی متمانەی هاوڵاتیانی كەركوك بە پێشمەرگەو دەزگا ئەمنیەكانی شارەكە، روخساری پیلانێكی نوێمان بۆ دەردەكەوێت پیلانێك درێژەپێدەری خەونی سێ ساڵەو مەبەستەكانی داعش و ئەو هێزانەی لە پشتیەوەن بۆ داگیركردنی شاری كەركوك، تەنانەت ئەگەر بۆ شەوو رۆژێكیش بێت، تاكو دوای ئەوە هێزگەلێكی جۆراوجۆر بە ناوی رزگاركردنی كەركوكەوە روو لە ناوچەكە بكەن و واقعێكی نوێی تیایدا بخوڵقێنن، لەپێناو دەرهێنانی لە چنگی كورد بە گشتی و یەكێتی بەتایبەتی كە لە سێ ساڵی رابردوودا هەزاران قوربانی بۆ پاراستنی داوە.
ئەوەی زیاتر ئەو مەترسییانە زیاددەكات و ئەگەرەكانیش بەهێزتر دەكات، ئەو نزیكبوونەوە هەرێمایەتیەیە كە لە نێوان ئەنقەرەو تاران و بەغدا هەیە بە تایبەت سەبارەت بە چارەنووسی كەركوك، لەهەمانكاتیشدا رێكخراوێكی نێودەوڵەتی وەك (یۆنامی) كە دەبێت وەكو دەزگایەكی بێلایەن لە پێناو ئاشتی و دژایەتیكردنی تێرۆر و توندوتیژی بجەنگێت و هاوكاری ئەو هێزانە بكات كە پێشیان بە تیرۆر گرتووە، بەڵام بە پێچەوانەی ئەوە جووڵەكانی ئەم دواییەی ئەو رێكخراوە دەچێـتە خانەی تەرەفگیری و نانەوەی كێشەو دووبەرەكی لە كەركوك.
هەموو ئەمانەش لە بەرپرسیارێتی هێزی پیشمەرگەو دەزگا ئەمنییەكان كەم ناكەنەوە، كە بەرپرسن لەوەی كەشتی كەركوك بگەیەننە كەناری ئارام، هەر كەموكوڕیەكیش لە سیستمی بەرگری كەركوك هەبێت، هەموومان باجەكەی دەدەینەوە، ئەو كەموكوڕیەش لە ئێستادا خۆی لە ساردبوونەوەو پشتێكردن لە بەرەكان دەبینێتەوە، چونكە بەڕاستی رووداوەكانی دوبز و خورماتوو خەرقێكی گەورە بوون، گرتنی بارەگای لیوایەك لە حلێوە بەو ئاسانییە لە لایەن داعشی شەكەت و ماندووەوە، هەروەها دزەكردنی لە هێڵی بەرگرییەوە بۆ دوبز، بوونی كەموكوڕیەكی گەورە دەسەلمێنن.
راستییەكی تاڵە كە رەنگە بەم سیستمە ئەمنی و سەربازییەوە لەم قۆناغە هەستیارەدا گرەنتی تەواو بۆ پاراستنی كەركوك بوونی نەبێت، بۆیە سیستمەكە پێویستی بە پێداچوونەوەی خێرا هەیە، لە هەموویشی گرنگتر مانەوەی سەركردە سەربازی و ئەمنییەكانە لە شارەكە بە تایبەتی لە رۆژانی هەینی كە تیایدا داعش پەلامارەكانی ئەنجامدەدا، ئاخر كارەساتە كە كەناڵێكی تەلەفزیۆنی لە شەوی پەلامارەكەی داعشی سەر گوندی حلێوە، بەرپرسێكی ئەمنی باڵای دەست نەكەوێت لێدوانی لێوەربگرێت، تاكو هیچ نەبێت ورەی خەڵك و پێشمەرگەو كارمەندە ئەمنییەكانی پێ بەرز بكاتەوە..
دەزانین پێشمەرگەو هیزە ئەمنیەكان لە شەڕی داعش قوربانی گەورەیان داوە، بەڵام زۆرمان بڕیوەو رێگەی سەركەوتنی یەكجارەكی كەمی ماوە، با خوێنی پێشمەرگەكان بە فیڕۆ نەچێت.
 
‌ 2688 جار بینراوه‌
6/3/2017 10:05:50 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
راپرسی
کێ بەرپرسە لەم دۆخەی ئێستای کوردستان؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved