»  بینین
لە شاخدا پڵنگ بووین و رەشەبا بەڵام لەشار...؟؟
دڵسۆزحەمە



42 ساڵ بۆ تەمەنی مرۆڤ ئیدی قۆناغی كامڵ بوون و سەرەتای تەمەشاكردنی هاوسەنگ و ژیرانەیە بۆ ژیان، 40 بەرەوژوور پێیدەوترێت گەنجی پێگەشتوو بەمانای لەتەمەنی گەنجیدا، بەڵام ژیرانەتر لەگەڵ ژیاندا هەڵسوكەوت دەكەیت، ئەگەر 40 ساڵ بۆ تەمەنی مرۆڤ ژمارە بێت، ئەوا بۆ تەمەنی حیزب و رێكخراوە و ئەو دامەزراوانەی لە فەزای گشتیدا كار دەكەن و دروست دەبن و دەجوڵێنەوە تەمەنێكی زۆر نییە، بەڵام تەمەنێكە بەشی ئەوە دەكات كە هەڵسەنگاندن و شرۆڤەی بۆ بكرێت و ئەزمونەكەی رووبەڕووی بەرپرسیاری و رەخنەگرتن بكرێتەوە.
یەكێتی لە قۆناغیكدا خۆی راگەیاند كە جڤاتی كوردی بەسەر ئێسك و پروسك و پرسەی رووخان و توانەوەی تراژیدیانەی شۆڕشی ئەیلولدا رەشترین رۆژەكانی خۆی دەژیا، كاتێك دەستی دایەوە بەرگری و زیندوكردنەوەی شۆڕش كە بۆ خۆی شۆڕش و پێشمەرگەو بەرگری وەكو چەمك و وەكو ئاكتیش نەمانایان مابوو نەمتمانە، ئاخر توانەوەی شۆڕشی ئەیلول هەر شكستێكی سەربازی نەبوو بەڵكو شێوازی لەناوچوونی شۆڕشەكە خۆی گورزێكی مەعنەوەی كوشندە بوو لە مۆراڵ و باری دەرونی و ئینسانی كورد كە هەتا ئەم ساتەوەختەش كاریگەری خۆی داناوە!، یەكێتی لەم ساتەوەختەدا لەسەر دەستی دەستەبژێرێكی خوێندەوار و هۆشیار خۆی راگەیاند و بانگەشەی هەڵگیرسانەوەی شۆڕشی كرد.
دوو فاكتەری زۆر گرنگ یەكێتی جیادەكردەوە لەهەموو رێكخراوو شۆڕشەكانی تر لە كوردستاندا، یەكەم سەركردەكانی ئەم بزوتنەوەیە سەر بەخێڵ و درێژكراوەی بنەماڵەی ئایینی و خێڵەكی نەبوون، بەڵكو زۆرێك لە رابەرەكانی یەكێتی لە ناو چینە هەژارو چەوساوەو گومناوەكانی كۆمەڵگەوە هاتن و بوون بە رابەرو سەركردەی خۆشەویست و جێگای متمانەی خەڵك و شۆڕش، خاڵی دوەمیش دنیابینی یەكێتی لەو سەردەمەدا هەم دنیابینیەكی چەپگەراو مۆدێرن هەمیش نەتەوەیی و نیشتمانی، هەرچەندە پێكەوەگرێدانی ئەم دنیابینیانە لەو سەردەمەی كە هێشتا هەژمونی كۆمۆنیزم بەسەر ئەم ناوچەیەوە لەوپەڕی بەهێزیدا بوو كارێكی ئاسان نەبوو، بەڵام یەكێتی ئەمەی ئەزموون كرد و كێشەكانیشی تێپەڕاند، سەرەتای دروستبوونەوەی شۆڕشی چەكداری یەكێتی، باشترین سەركردەی سەربازی، باشترین سەركردەو پێشمەرگەی خۆنەویست، خوێندەوارانی شارو شاخ، بنەماڵە بەڕێزو بەناوبانگ و كەسایەتیە كۆمەڵایەتیەكان، هونەمەرمەندو شاعیرو نووسەران و ژنان و زۆربەی چینوتوێژە جیاوازەكانی كوردستان لە دەوری ئەم هێزە كۆبوونەوەو ئومێد و چاوەڕوانیەكی زۆریان لەسەر هەڵچنی، داستان و خۆڕاگری و ئازایەتی و دڕی و چاونەترسی پێشمەرگەكانی یەكێتی، ململانێێ فیكری و جیاوازی بیروڕاو بیركردنەوە ئەگەر هەندێك جاریش بەدیوێكدا هەم ئازاری خەڵك هەم ئازاری یەكێتی دابێت و خەڵكیشی تێدا كوژرابێت، بەڵام بەدیوەكەی تردا خاڵێكی زۆر بەهێزی جیاكردنەوەی یەكێتی بوو لە تەواوی هێزەكانی تر تایبەتی بۆ خەڵكی دەستەبژێرو خوێندەوار كە وزەیەكەی گرنگن لەناو هیزی سیاسیدا.
ئەوەندەی لەشاخ یەكێتی پرشنگدارترین رۆژەكانی خۆی ژیا، ئەوەندە لەشاردا ئەزمونی سەخت و گلۆربونەوەی خۆی دەبینێت، هەرچەندە ساڵ بەدوای ساڵ ماكی ئەم گلۆربونەوە جەماوەری وسیاسی و نزمبونەوەی ئاستی كواڵتی رێكخراوەیی و كاركردنی لێدەردەكەوێت، بەڵام بەهیچ شێوەیەك یەكێتی ناچێتە ژێرباری بەرپرسیاری ئەم دۆخەو دان بەو كێشانەدا بنێت، دوای 42ساڵ ئەزموون، یەكێتی وەكو حیزب و سەركردەكانی یەكێتی دەوڵەمەندن بەڵام ئامادەییان هەژارانەیە لە ژیانی خەڵكدا، پڕۆژەو ئەدای سیاسی یەكێتی نەك لە پارتی جیاواز نییە بەڵكو زۆر جاریش چۆتە ژێر سێبەرو هەژمونی پارتی ئەوەی زۆرێك لە خەڵكی خوێندەوارو هەوادارنی رۆژ بەڕۆژ لەم هێزە دوورخستەوە، یەكێتی خراپترین رۆژەكانی خۆی ئەزمون دەكات لە شاردا، دووركەوتنەوەی كادرە دڵسۆز و خوێندەوارەكانی، زیادبوونی بەرپرس و كەسانی خۆبەرەپێش و مشەخۆرو بەرژەوەندخواز، ئیعتباراتی بنەماڵەیی لەناو یەكێتیدا بۆتە دیاردەیەكی زەق، گەندەڵی و ململانێ لەسەر پارەو كۆمپانیاو عەقارات و بەرژەوەندی سیاسی لەناو سەركردەو دەزگاكانی ئەم هێزەدا گەشتۆتە ئاستی نانەوەی كێشەی ئاڵۆز و قوڵ و دڕدۆنگ كردنی خەڵك لەم هێزە، ئاستی ململانێ و شكاندن و هێرشی سەركردەو بەرپرسەكانی یەكێتی بۆسەر یەكتری هەموو سنورەكانی ئیلتیزامی رێكخراوەیی تێپەڕاندووە، یەكێتی بەدەست دەیان كێشەی قوڵەوە دەناڵێنێت، لەناوخەڵكیدا جێگای پرسیارە، مام نەخۆشەو رۆڵی سیاسی كۆتایی پێهاتووە، بەڵام كەس ناوێرێت باسی كۆنگرە بكات، هەریەك بە هۆكارێكی شەخسی نایەوێت گۆنگرە ببەسترێت.
جێگری سكرتێری یەكەم بەهێزترین فیگەری دوام مام بەخۆی و بەشیك كادرو هێزی یەكێتی لە یەكێتی جیابۆوە ئەم حیزبە رانەچڵەكی، مام نەخۆشەو دەڤەری سەوز لە كێشەی قوڵدایە یەكێتی باكی نییە، باس لە گەندەڵی ملیۆنەها دۆلار دەكرێت لەو دەڤەرە، لە كێشەی زەویوزار لە كێشەی خزمەتگوزاری لە دڕدۆنگی خەڵك و دۆڕاندنی متمانە بەم هێزە بەڵام یەكێتی نەك بەخۆدا ناچیتەوە بەڵكو كادرەكانی خۆی سزا دەدات، دەمكوتی ئەم و پەڕواێزی ئەودەخات، چاوەڕێی كاراكردنەوەی هاوپەیمانی پارتی و گۆڕانێكە لە ئاسمانەوە روبدات، یەكێتی پڵنگی شاخ وڕەشەبای دەشتەكان ئەمڕۆ لەشارداو لەئەزمونی حوكومڕانیدا جیاواز نییە لە هێزەكانی تر كە دوای 42 ساڵ ئەمە ئەو ساتەوەختەیە كە پێویستی بە شرۆڤەو هەڵسەنگاندن و رامانێكی قوڵە لە ئەزمونی ئێستاو داهاتوی خۆی.

‌ 2649 جار بینراوه‌
6/3/2017 10:35:14 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
123
راپرسی
?? ?????????? ??????? ???? ?? ??? ???? ??????

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved