»  وتاری هەفتە
بەڵێ بۆ سەربەخۆیی نەخێر بۆ ریفراندۆم
بورهان حاجی سلێمان




هاوشێوەی پرسەكانی پۆستی سەرۆكی هەرێم و پەكخستنی پەرلەمان و تاكڕەوی و سیاسەتی دەرەكی و قەیرانی دارایی، پرسی ریفراندۆمیش درزێكی دیكەی خستۆتە نێو ماڵی كوردەوەو كۆمەڵگەی كوردی كردۆتە دوو بەرەی سەرسەختی (دژەڕا)و (هاوڕا) بەجۆرێك تەخوینكردنی یەكتری بواری بۆ رایەكی هێمنانە نەهێشتۆتەوە، چونكە لە راستیدا نە بەرەی یەكەم بە رەهایی دژ بەو ئاواتەیەو نە سەرجەم دەنگەكانی بەرەی دووەمیش بڕوای تەواوی بەو مافە هەیە، بەڵكو تەنها وەكو دو شوێنكەوتووی حیزبی لەدووی كەوتوونەو هەر حیزبەكەیان رای بگۆڕێت، ئەوانیش بایدەدەنەوە! بە كورتی ئەو پرسە چارەنووسازە هیچ پەیوەندییەكی بە بیروباوەڕەوە نەماوەو تەنها بۆتە كارو كاردنەوەو رەتكردنەوەو نیگەرانی و ترس لە پاشەڕۆژێكی نادیاری ئەم وڵاتە.
مافی چارەی خۆنووسین و سەربەخۆیی، داهێنانێكی نوێ نییەو سەدەیەك دەبێت كۆمەڵەو حیزب و كەسایەتی و بزووتنەوەی رزگاری گەلی كورد وەك ئامانج و دروشم و پرەنسیپ خەباتی بۆ دەكەن، رەنگە پارتیش كە ئێستا دەیەوێت خاوەندارێتی ئەو پرسە بكات، دوا حیزب بێت لە چوارچێوەی دروشمی ئۆتۆنۆمی دەرچووبێت و بڕوای بە مافی چارەی خۆنووسین هێنابێت ، بۆیە هەموومان دەڵێین (بەڵی) بۆ سەربەخۆیی كوردستان خەونی لە مێژینەمان، بەڵام هەموومان ناڵێین (بەڵێ) بۆ ریفراندۆمێكی مەبەست نادیارو ئایندە تەمومژاوی و لەبری ئەوە دەڵێین (نەخێر) بۆ خستنە ژێر باری ویسایەی توركی، چونكە بەڵێی ریفراندۆمەكە پەیوەستە، بە گێرانەوەی شكۆی یاساو شەرعیەت و دیموكراسی و پیشاندانی نیازپاكی و ئاشتەوایی و باشكردنی بژێوی خەڵكی، دەبێت بەر لەوە دادی كۆمەڵایەتی دەستەبەر بكەن، مافی دزراوی خەڵك و متمانەی لەدەستچووی جەماوەر بگێڕننەوە، بنكە سەربازییەكانی توركی داگیركەر دەربكەن، هەژموونی سیاسی و ئابووری توركیاو ئێران كەمكەنەوە، چارەنووسی نادیاری كەركوكمان بۆ یەكلایی بكەنەوە، بە ئاشكرا نەك بە شەرمەوە بڵێن ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی كوردستانە نەك بۆ سەودای سیاسی و ئابووری لەگەڵ بەغدا.
ئەگەر جیادەبینەوە بۆ تائێستا شەڕی پۆستەكانی بەغدا دەكەن؟ بۆچی پەیوەندی پارتی بە حكومەتەكەی عەبادییەوە لە پەیوەندی لەگەڵ حیزبە كوردستانییەكان توندوتۆڵترە؟ ئەی فۆرم و سیستمی ئەو دەوڵەتە چۆنە كە گوایە دەیانەوێت؟
من پێموایە چ جەماوەری گۆڕان و چ جەماوەری پارتی و هاوپەیمانەكانی، كێشەیان لەگەڵ ریفراندۆم نییە، چونكە پێشوەخت بڕیاری خۆیان داوە، بەڵكو كێشە جەماوەری یەكێتییە، كە سەركردایەتییەكەی تووشی سەرلێشێوانی كردووەو دووڕایی كردۆتە نێوانیانەوە، چونكە راستە قاعیدەیەكی بەوەفایە بەڵام هاوكات جەماوەرێكی سەرسەختەو ئامادەنییە كوێرانە بڕیار لەسەر پرسەكان بدات، یەكێتیش قەرزارە بە روونكردنەوەیەك بۆیان بەوەی بۆچی سەركردەكانی دوو ساڵە بەبای گوێیاندا دەدەن كە جارێ كاتی ریفراندۆم نەهاتووە، بەڵام لە ناكاو وتیان سەهوو بووین زۆریش كاتەكەی نزیكە! چ حیكمەتێك لەم یاریكردنەدا هەیە، ئایا بۆ راكێشانی بەڕەكەیە لە ژێر پێی پارتی، كە هەندێك گومانی لێدەكەن بەو شێوە كاركردنە دوژمانكارییەی لەگەڵ خەڵك و حیزبەكان، دەیەوێت زۆرترین (نەخێر) بۆ ریفراندۆمەكە دەستەبەر بكات و لە كۆتاییدا خۆی بە نیشتمانپەروەرو لایەنەكانی دیكە بە خائین دەربكات، یان پرسەكە بەندە بە هاوكێشە ناوخۆییەكانی یەكێتیەوە؟!

‌ 2891 جار بینراوه‌
6/10/2017 9:52:33 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved