»  چاوپێکەوتن
ئیسماعیل حەدیدی؛ جێگری سەرۆك ئەنجومەنی عەرەبی لە شاری كەركوك: تۆڵەسەندنەوە و بە ئامانجكردنی یەكتر، گەورەترین مەترسییەكانی داهاتووی حەویجەن
ئا/ شاخەوان ناسیح



ئیسماعیل حەدیدی؛ جێگری سەرۆك ئەنجومەنی عەرەبی و جێگری پێشووی پارێزگای كەركوك و پەرلەمانتاری پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە دیدارێكیدا لەگەڵ (هەواڵ)، ئاماژە بەوە دەدات، لەلایەن سەرۆك هۆز و ئەنجومەنەكانەوە كارئاسانی و پێشوازی لە هاتنی (داعش) كراو هاوكات پێیوایە؛ سەرهەڵدانی دۆسیەی تۆڵەسەندنەوە و بە ئامانجكردنی یەكتر، گەورەترین مەترسین، كە رووبەڕووی ئایندەی حەویجە دەبێتەوە و ئەوەش رادەگەیەنێت:"وەك عەرەبی ناوەند ناتوانین واز لە كورد یان توركمان بهێنین ئەگەر داهاتووی كەركوك بەهەر شێوەیەك بێت، چونكە عەرەببوونمان لە داهاتووی كەركوكدایە".

* پەیوەندی نێوان هۆزە عەرەبیەكان لە دوای رزگاركردنەوەی حەویجە چۆن دەبێت؟
ــ من جەختدەكەمەوە لەوەی داعش كۆتایی پێهاتووەو هۆزە عەرەبیەكانیش بەشێوەیەكی بەرچاو لەم رێكخراوە دوركەوتونەتەوە، رەنگە ئەم رێكخراوە لە سەرەتادا خەڵكی بەوە راكێشابێت كە بریتیە لە پرۆژەیەك بۆ ئەنجامدانی گۆڕانكاری لە وڵاتدا، وەك ئەوەی لە دوای (2003)ـەوە بینیمان، كە هەر پرۆژەیەك یاخود رێكخراوێك سەریهەڵدەدا، عەرەب دەكەوتە دوایی و بە رێكخراوێكی كۆكەرەوە یاخود دەربازبوون یاخود پرۆژەیەكی نیشتمانی ئەژماری دەكرد، بۆیە لە سەرەتادا پێشوازییەكی گەورەش لە (داعش) كرا، چونكە بەهێزەوە دەركەوت و ئیش و كارئاسانی لەلایەن هۆزەكان و ئەنجومەنەكانەوە بۆ كرا، بەوەی پرۆژەیەكی نیشتمانیە و هەموو دۆخی سیاسی لە عێراق دەگۆڕێت و پاشان پارێزگاری و چاودێری وڵات دەكات، تەنانەت دەوترا پارێزگاری لە پەیوەندییەكانی كورد و عەرەبی و سوننە و شیعەش دەكات، تەنانەت بەشێوەیەك بڵاوكرایەوە، كە هاوكاری هەرێمی و نێودەوڵەتیشی هەیە.
* كێ بوون ئەوانەی كە ئەم پڕۆپاگەندانەیان بڵاودەكردەوە؟
ــ هەندێك لایەن هەبوون ئەم جۆرە قسانەیان بڵاودەكردەوە و ئێمەش گوێمان لێدەبوو، گوایە لە داهاتوودا گۆڕانكارییەك روودەدات و هێزێك لە گۆڕەپانەكەدا دەردەكەوێت بە ناوی عەرەب و هۆزەكانەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئێمە نزیك نەبووین لەو رێكخراوانەوە، هەموو بابەتەكەمان نەدەزانی، بەوەی كێی و چۆنە و كەی دێت.
* لە دوای نەهامەتیەكانی (داعش)، پێتواییە جارێكی دیكە عەرەبی سوننە لایەنگری دروستبوون و سەرهەڵدانی گروپێكی دیكە بكەن؟
ــ من پێموایە جارێكی دیكە عەرەبی دەوروبەر بەهیچ شێوەیەك پشتیوانی و پشتگیری لە رێكخراوی لەو شێوەیە ناكەن، لە چوارچێوەی چاوپێكەوتنەكانمان لەگەڵ ئاوارەكان، خەڵكێكی زۆر پەشیمانن و پەشیمانیەكی زۆر بە روخسار و قسەكانیانەوە دیارە، ئەمەش بەهۆی ئەو كاولكاریی و دەردەسەرییەی دووچاری بوون، ئێستا عەرەبی سوننە بێ پارە و بێ جوگرافیا و بێ هەموو شتێكن، بۆیە مەحاڵە جارێكی دیكە عەرەب بیر لە رێكخراوێكی دیكە بكاتەوە و بەتایبەتی دوای ئەوەی كە لەسەر دەستی (داعش) بەسەریاندا هات.
هاوكات ئێستا وشیارییەك لە نێو عەرەبی سوننەدا هەیە، بەوەی هەموو رێكخراو و گروبەكان تەنها ئەوان و ناوچانیانی كردە ئەمانج و ئەمڕۆ ئەوەی قوربانی دەستی ئەو رێكخراوانە بێت، تەنها عەرەبی سوننەیە.
* گەورەترین ئەو مەترسیانە چین؛ كە لە دوای رزگاركردنی حەویجە رووبەرووی عەرەب دەبێتەوە؟
ــ گەورەترین مەترسیەكان، كە زۆر لێی دەترسێین، بریتیە لە هەڵدانەوەی دۆسیەی تۆڵەسەندنەوە و بە ئامانجكردنی یەكتر، هەموو هەوڵێكی ئێمەش بۆ ئەوەیە ئەو كێشەیە لە ناو هاوڵاتیان سەرهەڵنەدات، مەترسیەكی دیكەش بریتیە لە نەگەڕانەوەی ئاوارەكان یاخود دواكەوتنی گەڕانەوەیان بۆ شوێنی خۆیان و ئاوەدان نەكردنەوەی ناوچەكانیان، چونكە ئێمە سورین لەسەر گەڕانەوەی ئاوارەكان بە هاوكاری حكومەت و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بۆ ئەمەش دەبێت ناوچەكانیان بە شێوەیەكی بە پەلە ئاوەدان بكرێتەوە.
* چون دەتوانرێت رێگری لە تۆڵەسەندنەوە و گەڕانەوەی كەسوكاری پلە یەكی داعش بۆ ناوچەی حەویجە بگیرێت؟
ــ ئێمە زۆر بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو بابەتە دەكەین و بەرنامەشمان بۆ داڕشتووە و چەندین خول لەلایەن پەیمانگا و رێكخراوەكانەوە بۆ ئەو بابەتە كراوەتەوە و تەنها عەرەبی باشوری كەركوك بەشداری لەو خولانە دەكەن، وەك ئەنجومەنی عەرەبیش پێناسەیەكمان بۆ تێوەگلاوان لەگەڵ (داعش) داناوە، بەوەی: یەكەم؛ داعش ئەو كەسەیە كە چەكی هەڵگرتووە و تاوانی ئەنجامدا، دووەم: هەموو بەرپرسیارێتیەك خودی كەسەكە یاخود داعشەكە دەیگرێتە ئەستۆ نەك كوڕی یاخود باوكی یان برا و كەسوكاری، سێیەم؛ تاوانبار ناتوانێت جارێكی دیكە لەو ناوچانە درێژە بە ژیانی ئاسایی بدات، بەڵام خێزانی و ماڵ و منداڵی پێویستە بەشێوازێكی دیكە مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت.
بەڵام هەموو ئەمە پێویستی بە بوونی حكومەت لە ناوچەكە هەیە، بۆیە نابێت دوای ئازادكردنی راستەوخۆ ئەو ناوچانە بەجێبهێڵێت، چونكە بەجێهێشتن و پشتگوێخستنی ناوچەكە، كێشەو گرفتەكان لە خواری كەركوك گەورەتر دەكات كە دواجار كاردانەوەی لەسەر دۆخی كەركوك بە گشتی دەبێت.
* پێشبینیتان بۆ داهاتووی حەویجە لە رووی ئەمنیەوە؟ ئایا كێ جڵەوی دەسەڵات دەگرێتە ئەستۆ؟
ــ ئێمە هەواڵ دەدەین پاراستنی حەویجە بدرێتە دەستی پۆلیسی ناخۆ و ئەو فەوجانەی لە دوای داعشدا دروستكران و راستەوخۆ لە ژێر فەرمانی فەرماندەیی پۆلیسی كەركوكدا بێت، جگە لەمەش چەندین فەوج پێكهاتووە و هەروەها حەشدی عەشایەری دروستكراوە و وئەم حەشەدەش دەتوانێت پاراستنی حەویجە بگرێتە ئەستۆ، بەڵام ئێمە ویستمان پەیوەندیكردن بە حەشدی عەشایری كراوە بێت بۆ هەموو كەس نەك لەسەر بنەمای ئینتمای كەسی بێت، تا كەسایەتیەكان خۆیان نەكەنە خاوەنی ئەو چەكدارانە، بەڵكو حەشدی عەشایری بۆ هەموان بێت و ئەركی پاراستنی ئەو ناوچانە بگرێتە ئەستۆ، نایشارمەوە، لە دوای رزگاركردنی حەویجە و دەوروبەری پێویستمان بە مانەوەی هێزێك هەیە، جا چ پێشمەرگە بێت یاخود سوپا یان پۆلیسی ئیتیحادی، تا دڵنیا دەبین لەوی هێزەكانی پۆلیس و حەشدی عەشایری توانای پاراستنی خاكەكەیان هەیە.
* لە دوای داگیركاری (داعش) بۆ حەویجە، زۆرێك لە سیاسیە سوننەكان ونبوون، ئەمە بۆچی؟
ــ چەند نوێنەرێكی عەرەب هەبوو وەك عومەر جبوری ـ یاسین ئەلعوبیدی ـ عەبدوڵڵا غەرب و ... هتد، دوای داعش ناوچەكانی خۆیان جێهێشت و نیشتەجێی بەغدا بوون، یاسین ئەلعبیدی ئێستا گەڕاوەتەوە كەركوك و لە ئەنجومەنی عەرەبی لەگەڵماندایە و هەندێكی دیكەشیان لەبەغدا و عەمانن و لەم قۆناغەدا هیچ رۆڵێكیان نەبوو و تەنانەت لە راگەیاندنەكانیشەوە نەبینراون، ئەمەش مایەی قبوڵ كردن نییە، چونكە منیش ماوەیەك نوێنەری عەرەب بووم لە بەغدا و ئێستاش لە كەركوكم و چەند جارێكیش لەگەڵ كەسوكار و هاوڕێكانم شان بەشانی هێزەكانی پێشمەرگە بەشداری هەندێك شەڕانەمان لە دژی (داعش) كردووە، كە منیان دەبینی دەموت؛ من ئێستا ئیسماعیل حەدیدی نیم بەڵكو من پێشمەرگەم.
* بۆ چی تائێستا عەرەبی ناوەند لە عەرەبی دەرەوە جیانەكراوەتەوە؟ ئایە هیچ هاوبەشی و لێكچوونێك لە نێوان داواكارییەكانی عەرەبی لە ناوەند و دەرەوە هەیە؟
ــ زۆر بەدەست ئەم بابەتە دەناڵێنین، پرسی عەرەبی ناوەندی كەركوك و عەرەبی دەرەوە، ئێمە عەرەبی دەرەوە بە بناغە و مەرجەعی خۆمانی دادەنێین و دەزانین ئەو ناوچانە هەمووی ناوچەیەكی عەرەبنشینە و بەردەوام لە هەڵبژاردنەكاندا بەهۆی ئەوەی زۆرینەن، بردنەوە بەدەست دەهێنن و هەموو دەنگەكان بۆ نوێنەرەكانی دەرەوە دەروات، بەڵام ئێمە بەردەوام بێكەوە كاردەكەین و لەیەك شت هەموان یەكدەگرینەوە؛ ئەویش بەرژەوەندی عێراق و كەركوكە.
لایەنێكی تر، بریتیە لەوەی پەیوەندییەكانی عەرەبی ناوەند لەگەڵ كورد و توركمان جیاوازی هەیە لەگەڵ پەیوەندیەكانی عەرەبی دەرەوەی لەگەڵ كورد وتوركمان، بۆ نموونە ئێمەی عەرەبی ناوەند بەهەر هۆیەك بێت، ناتوانین واز لە كورد یان توركمان بهێنین ئەگەر داهاتووی كەركوك بەهەر شێوەیەك بێت، چونكە عەرەببوونمان لە داهاتووی كەركوكدایە و ناتوانین شارەكە جێبهێڵن و روو لە حەویجە یان ریاز و ناوچەكانی دیكە بكەن، بەڵام برا عەرەبەكانی دەرەوە هەموو شتێكیان لە دەرەوەیە، هاوكات عەرەبی ناوەندی كەركوك دووربوون لەو كێشانەی عەرەبی دەرەوە تێوەیگلا، وەك سەرهەڵدانی گروپ و رێكخراوەكان.
* بەردەوام عەرەبی سوننە دەزگا ئەمنیەكانی بە غەدركردن لە سوننە تۆمەتبار دەكرد، ئێستا لە دوای سەرهەڵدانی (داعش)، هەمان تۆمەت دەدەنە پاڵ دەزگا ئەمنیەكان؟
ــ دەزگا ئەمنیەكان بەهیچ شێوەیەك بەبێ هۆكار كەسیان دەستگیر نەكردووە، بەڵام لەم نێوانەدا كەسێك هەیە، ئەویش (مخبر السری)ـیە، ئەم كەسە زۆربەی كاتەكان بەبێ هۆكار خەڵكی بێگوناحی تاوانبار دەكرد و بە دەستگیركردنی دەدا، ئیدی لەسەر پارە یاخود ژن یان دوژمنداری نێوانیان یان كێشەیەكی تر بێت، من ناڵێم هەڵمەتی دەزگا ئەمنیەكان هەڵە بووە، بەڵام لەلایەن (المخبر السری)ـیەوە هەندێكیان بەهەڵەدا بران، بۆ نموونە، رۆژێك نەمانبینی دەزگا ئەمنیەكان گەڕەكی حەدیدیەكان بپشكنن جگە لە یەكجار نەبێت، ئەویش زانیاریەكی راستەقینە هەبوو، ئەمەش بەلای ئێمەوە زۆر ئاسایی بوو.
* بە بۆچوونی ئێوە، باشترین چارەسەری سیاسی و ئیداری بۆ داهاتووی كەركوك و ناوچە كێشە لەسەرەكان چییە؟
ــ بە بروای من كەركوك بكرێتە هەرێمێكی سەربەخۆ، چونكە بژاردەی هەرێمی سەربەخۆ لەم كاتەدا تاكە بژاردەیە لەسەری بوەستین و رازیبین، لەبەر ئەوەی تا ئەمڕۆ هیچ ئارەزوویەك لای عەرەب و توركمان بۆ گەڕانەوەی كەركوك بۆ سەر هەرێمی كوردستان دروست نەبووە، رەنگە ریفراندۆم شتێك بێت و رێكەوتن شتێكی دیكە بێت، من پیموایە لە كۆتایدا بژاردەی ریفراندۆم باشترین شتە، بەڵام لە قۆناغی ئێستادا نا، چونكە لەم قوناغەدا ناكرێت تۆ ریفراندۆم ئەنجام بدەیت و هەندێك ناوچەت لەلایەن داعشەوە داگیركرابێت، بەڵكو بۆ ماوەیەك كەركوك هەرێمێكی سەربەخۆ بێت و پاشان ریفراندومێكی راستەقینە ئەنجام بدەین و هەموان تێیدا بەشداربین بۆ دیاریكردنی چارەنووسی كەركوك، ئێمە نامانەوێت بڵێین عەرەب دژی ریفراندۆمە یاخود هەر پێشنیارێك دەكرێت عەرەب دژی دەوەستێت، بەڵام با كەركوك بۆ ماوەیەك سەربەخۆ بێت، ئەگەر مەسەلەكە ریفراندۆمە ئەوا ئێمە پشتگیری دەكەین و هیچ كێشەیەكمان لەگەڵیدا نییە، بەڵام كاتێكی بۆ تەرخان بكرێت.
* عەرەبی سوننە چون دەڕوانێتە پرۆسەی ریفراندۆم كە وابڕیارە لە هەرێمی كوردستان و كەركوك ئەنجام بدرێت؟
ــ ئەگەر ریفراندۆم بۆ لكاندنی كەركوك بە هەرێمی كوردستانەوە بێت، ئەو نەخێر، ئێمە بە قۆناغێكدا تێپەڕین و مادەی (140)ـیش جێبەجێنەكراوە و تائێستا هیچ شتێك یەكلایی نەكراوەتەوە، بۆیە پێویستمان بەخولێك یان دوو خول هەیە و پاش ئەو كاتەش هیچ پێویست بە سەرژمێری یاخود شتی دیكە ناكات، بۆیە پێویستە ئێمە ئەم قۆناغە تێپەڕێنین بۆ ئەوەی كەس تۆمەتبار نەكرێت بەوەی بەرامبەر بەم پڕۆژەیە و ئامانجی كورد وەستاوەتەوە، دواتر بە ئازادكردنی ناوچەكان وگەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ ناوچەكانی خۆیان، زۆربەی ئەو كێشانە كۆتایی پێدێت.
* ئەگەر هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و پارێزگاكان ئەنجام بدرێت، شێوازی بەشداریكردنی عەرەبی سوننەی كەركوك لەو هەڵبژاردنانە چۆن دەبێت؟ ئایا عەرەب بەنیازە گۆڕانكاری لە نوێنەرەكانی خۆیدا بكات؟ چ ئیداری بێت یاخود پەرلەمانی؟
ــ ئەگەر هەڵبژاردن ئەنجامبدرێت ئەوا هەڵبژاردنێكی بەهێزدەبێت، چونكە عەرەب ئیرادە و نیەتی بۆ گۆڕانكاری لە هەموو دەموچاوەكان هەیە، چونكە ئەزموونەكانی پێشوو زۆر گرنگ بوو و لەئێستادا عەرەب جەخت لەسەر هەڵبژاردن دەكەنەوە، بەڵام بەم شێوەیە نا و لەناو كەمپدا نا، بەڵكو كە كەشێكی ئارام و گونجاوییان بۆ رەخسا، ئەو كات بەشدارییەكی بەهێز دەكەن جا چ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران بێت یاخود ئەنجومەنی پارێزگاكان، بەتایبەتی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان، چونكە عەرەب دەیەوێت رۆڵی هەبێت لە بەشداریكردن لەگەڵ برا كورد و توركمان ومەسیحیەكان لە ئیدارەدانی شارەكە.
بەڵام زۆر قورسە هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت، چونكە هەتا ئاوارە و كەمپ هەبێت، بەشداریكردن لە هەڵبژاردن قورسە و ئەوەی بەشداریش لە هەڵبژاردن بكات، تەنها بۆ پێگەیاندنی خۆیەتی و لە خەمخۆری بۆ پێكهاتەی عەرەبی نییە.
* چۆن پێشوازیكردنی هەرێمی كوردستان و پارێزگای كەركوك لە ئاوارەی عەرەب چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
ــ بۆ مێژوو دەیڵێم هەرێمی كوردستان و شاری كەركوك هەموو دەرگاكانی بە رووی ئاوارەكان واڵاكرد، لە سەرەتادا سەرجەم كەسایەتی و سەرۆك هۆزەكان و خێزانە ناودارەكان رویانكردە هەولێر و سلێمانی لە هەرێمی كوردستان وتائێستاش لەو ناوچانە ماونەتەوە و زۆر بەڕێزەوە ژیانی ئاسایی خۆیان بەسەر دەبەن، بەهەمان شێوە شاری كەركوك، كە بەهیچ شێوەیەك لەبروایەدا نەبوین بەم شێوەیە ئاوارە روو لە كەركوك بكات، راستە هەندێك رەخنە لە پرۆسەكە گیرا؛ بەڵام تواناكە هەر ئەوەندە بوو.

‌ 2355 جار بینراوه‌
6/10/2017 10:23:31 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
راپرسی
کێ بەرپرسە لەم دۆخەی ئێستای کوردستان؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved