»  بینین
بە راكردن بەرەو دواوە!
دڵسۆزحەمە



جوڵەو گۆڕانی بەردەوام یەكێكە لە پایە گرنگەكانی ژیان و بیركردنەوەی مرۆڤ، بەشێكە لە سروشتی ژیان و دیالكتی بوونی فیزیكی و رۆحی و مێژویی مرۆڤ، ئەو هەموو دەسكەوتە زانستی و سیاسی و هونەری و شارستانیانەی مرۆڤ بەدەستی هێناون بەرهەمی ئەو جوڵە مێژوویی و هزری و زانستیانەیە كە پێویستی گۆڕان لە ژیری و ژیانی مرۆڤدا بەرهەمیهێناوەو بەرهەمیشی دەهێنێتەوە.
هەمیشە لە تەنیشت جەنگ و ماڵوێرانی و مەینەتیەكانی دەستی مرۆڤدا، پانتاییەكیش بونی هەیە و هەبووە لە دەنگهەڵبڕین بۆ ئاشتی و دادپەروەری و ئاوەدانی، لەتەنیشت توندڕەوی وقین و بوغز و چەوساندنەوەدا،پانتاییەكیش هەبووە بۆ لێبوردەیی و خۆشەویستی و حەزی پێكەوەژیان و یەكتر قەبوڵكردن، لە تەنیشت خوێنڕشتن و دڵڕەقییەوە هەمیشە جێگایەكیش دەبێت هەبێت بۆ ئاشتبونەوەو لێبوردن و خۆشەویستی و رێزگرتن لە ژیان و كەرامەتی ئینسان! لەتەنیشت نادادوەریەوە دەبێت جێگایەك هەبێت بۆ دادپەروەری و رەوایی.
ئەوەی ئێستا لە جیهاندا رودەدات بەم كوردستانە بێناونیشان و بەدبەختەی خۆشمانەوە ساتەوەختێكی تاریك و پێچیدەیەكی هەستیاری مێژووییەوە بۆ مرۆڤایەتی بەگشتی چونكە ساتەوەختێكە كە هێزی رق وبوغز و نادادوەری ودڵڕەقی بە ناوی جیاوازو لە پنت و جێگاو گۆشەی جیاوازی دنیاوە، لە ژێر ئاڵاو دروشمی جیاوازەوە بەڕاستەوخۆو ناڕاستەوخۆ پەلاماری ژیان دەدەن.
ئەم چركەساتە مێژووییە تیرۆر لە سەردەمی زێڕینی خۆیدا دەژی، هەر ئەو تیرۆریستە نابێزم كە لە شەقامێكی پاریس یان لەندەن، یان بەسەنگەرێكی پێشمەرگەكاندا خۆی دەتەقێنێتەوە، بەڵكو هەموو ئەو جوڵەو هەڵسوكەوت و دنیابینی و ئاكتانەش دەگرێتەوە كە لە دواجاردا رق وكینەو جیاكاری و دابەشبوونی زیاتری ئینسان و كەوتنەوەی زیاتری خوێنڕشتن و شەڕوشۆڕ بەرهەمدێنێت!
كێ لەوباوەڕەدا بوو دوای ئەو هەموو هەنگاوە زانستی و مێژوویی و تەكنۆلۆژیانەی مرۆڤایەتی هەنگاوی نابوو و دەینا، كێ لەو باوەڕەدابوو دوای گەشتنی هۆشیاری مرۆڤ بە دابینكردنی سستەمی دیموكراسی (ئەگەر تەنها لە رۆژئاواشدا بێت) دوای جارنامەی مافەكانی مرۆڤ، دوای گەشتن بەم هەموو دەسكەوتە تەكنۆلۆژیە وكۆتاییهێنان بە جۆرێك لە كۆڵۆنیاڵی كلاسیكی ودەسگەشتن بەسەرچاوەكانی هۆشیاریدا، دوای گەشتن بە جۆرێك لە فەزیلەو ئەخلاقی دیموكراسی و پێكەوەژیان (ئەگەر لە سیستەمی سیاسیشدا پیادە نەكرابێت )ئەم هەموو قۆناغەی مێژووییە پڕ ئەزمون ودەرس وعیبرەتە تازە بەتازە كەسانێك پەیدا دەبن بەشانازییەكی بەربەڕی و ترسناكەوە سەری بڕدراوی ئینسانێكی تر دەگرێت بەدەستەوەو خۆی نیشانی دنیادەدات؟ تازە بەتازە گروپێك پەیدا دەبێت (سەبی) ژنان و كۆیلەكردنی غەیرە موسوڵمانی بەلاوە شەرعی و رەوایە! كەسانێك و بەهەزاران كەس پەیدا دەبن كە خۆدەتەقێننەوە، سەردەبڕن، خەڵك بە بارهەڵگر و ئۆتۆمبێل دەفلیقێننەوە، چەقۆ دەكەن بە لاشەی رێبواراندا، خەڵك دەسوتێنن و ژیان وێران دەكەن وەكو ئەوەی جامێك ئاو بخۆنەوە!
داعش وەكو بوونی سەربازی رەنگە لە موسڵ و ڕەققە كۆتاییان بێت، بەڵام داعشی راستەقینە ئەوەیە كە لەئەوروپاو ئەمەریكاو پاریس و كوردستان و پاكستان و قەتەرو سعودیەو میسرو یەمەن و ئەندۆنیسیاو هەولێرو سلێمانی كەسانێك هەبن و هەن و پەیدا بوونە كە باوەڕی تەواویان بەهەموو ئەو ئاكت و كردەوە ترسناكانە هەبێت، كەسانێك هەبن كە شەرعیەت بەهەموو ئەو كردەوانە بدات و دنیابینی تەواو لە خوێنڕشتن و رق و وێرانەكاری هەڵشابێت، ئەمە ئەو مەترسییە راستەقینەیەن كە جیهان تێیدا دەژی بە كوردستانیشەوە.
كێ لەو باوەڕەدا بوو كە دنیای عەرەبی بەو جۆرە نقومی تاریكستانی تیرۆر و هێزە كۆنەپەرستەكانی بێت، ئەڵێی رۆژێك لەڕۆژان هەوایەكی چەپگەرا، رۆشنبیرێكی مۆدێرن رووی لەم جیهانە نەكردووە، لەدنیای عەرەبدا نوزەیەكی ئومێد، نوزەیەكی عیلمانی و ژیاندۆستی لەم بەرەهوتەوە نایەت كە ناوی دنیای ئیسلام و عەرەبە هەر بۆیە لە ناچاریدا بۆ هەڵبژاردنی خراپ و خراپتر بەراوردی هێزە كۆنەپەرستەكان دەكرێت بەیەكتر!
كێ لەوباوەڕەدا بوو كوردی چەشەی ئەنفال و تەعریب و تەبعیس و تەهیجیر و كیمیاوی و سێدارەو هەموو جۆرەكانی زوڵم و زۆرو چەوساندنەوە كەچی كە دەبێتە دەسەڵات، تەبەقەی دەسەڵات دەبێتە مۆدێلێكی ناشرین بۆ دەسەڵاتێكی گەندەڵ نادادوەرو نابەرپرسیار لەلایەك جڤاتێكیش هەرچی وزەی ژیان و پیرۆزی و بەهاكانی خۆی هەیە لەدەستی داوە، چاوەڕێی گۆدۆیەكە رزگاری بكات، ئەو گۆدۆیانەی لە سەرزەمینی شیعەو سوننە وەكو یەك خۆیان دەتەقێننەوە!
مرۆڤایەتی بە ئێمەشەوە لە قۆناغی پاشەكشەیەكی قوڵ و مەترسیداردا دەژین، كە رەنگە سالانێكی درێژ بخایەنێت، ئاخۆ نوخبەی سیاسی و نوخبەی خوێندەواری كورد خۆی بۆ ئەم ساڵانە ئامادەكردووە یان چاوەڕێی كاراكردنەوەی پەرلەمانین!!

‌ 1696 جار بینراوه‌
6/10/2017 10:27:06 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
123
راپرسی
پێت وایە دۆخی ئێستای كوردستان بەچی چارەسەر ئەبێت؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved