»  شەکری تاڵ
لۆبی موەلیدەكان




ماوەیەك پێش ئێستا لەسەر زاری چەند هاوڕێیەكم لە كاتی وتوێژ و قسەكردن، گوێبیستی ئەوە بووم، كە پەنابەرێكی كورد لە كاتی لێكۆڵینەوە لەگەڵیدا، سەبارەت بە هۆكاری جێهێشتنی وڵات و رووكردنە ئەوروپا، لە بەردەم لیژنەكە هەستاوە و چەندجارێك دوگمەی گوڵپەكەی كوژاندۆتەوە و هەڵیكردۆتەوە، وەك هێمایەك بۆ ئەوەی كە لە دەستی خراپی كەرتی كارەبای وڵاتەكەی سەری خۆی هەڵگرتووە!
ئەم رووداوە تەنزئامێزە راستەقینە بێت یاخود دروستكراو، لە حەقیقەتدا گوزارشت لە راستی دۆخی ژیانی هاونیشتمانی ئەم وڵاتە دەكات، چونكە زەمەنێكی زۆرە هەمووان بە دەست كێشەی كارەبا لەم وڵاتە ئاخ و داخ دەكەین، وەلێ‌تائێستاش هیچ ئاسۆیەك بۆ چارەسەركردنی بەدی ناكرێت.
ئەوەی مەبەستمە لێرەدا قسەی لەسەر بكەم، دۆسیەی پڕۆژەی (خصخصە)ـە یان پێدانی كارەبای نیشتمانیە بە كەرتی تایبەت و رەتكردنەوەی لەلایەن ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكەوە، كە تا هەنووكە نازانین ناوەڕۆكی پڕۆژەكە چییە و بۆچی رەتكراوەتەوە، تەنها ئەوە نەبێت، كە لەسەر زاری ئەندامانی ئەنجومەنەكەوە دەوترێت؛ نرخی كارەبا زۆر لەسەر هاوڵاتیان دەكەوێت، بەڵام ئەوەی ناڕوونە، تائێستا بەشێوەیەكی زانستی و ماتماتیكی روون نەكراوەتەوە؛ بەوەی چۆن نرخی كارەبا بە گران لەسەر هاوڵاتیان دەكەوێت؟ بۆ نموونە:
نەجات حوسێن، ئەندامی لیژنەی نەوت و وزە لە ئەنجومەنی پارێزگا، لە لێدوانێكی بۆ ئەم ژمارەیەی (هەواڵ)، رایگەیاندووە:"ئەگەر هەر ماڵێك سەرجەم ئامێرە كارەباییەكانیان جگە لە ئامێری سبلیت كار پێبكەن، مانگانە نزیكەی (10) هەزار دینار خەرجی كارەبای بۆ دێتەوە و لە حاڵەتی پێكردنی یەك ئامێری سبلیتیش لەگەڵ ئامێرەكانی تر، نرخەكە دەبێت (17) هەزار دینار"، بەپێی ئەم لیدوانە، هەر خێزانێك بۆ بەكارهێنانی نزیكەی (25) ئەمپێر به شێوەی مانگه، دەبێت له ساڵێكدا نزیكەی (250) هەزار دینار بدات بە كۆمپانیای خاوەن پڕۆژەكە.
ئەگەر گریمانەیەكی بچووك بكەین و دۆخی ماڵی خۆم وەك نموونەیەك بۆ بەراوردكاری لەگەڵ نرخی دیاریكراوە لە پڕۆژەی (خصخصە)ـی كارەبا بهێنمەوە، بەم شێوەیەیە: ساڵانە نزیكەی (150 ـ 180) هەزار دینار بەرانبەر بە بەكارهێنانی كەمتر لە (25) ئەمپێر كارەبای نیشتمانی دەدەم و نزیكەی (300 ـ 350) هەزار دیناریش بۆ بەركارهێنانی (6) ئەمپێر كارەبای موەلیدە دەدەم، كە كۆی گشتی دەكاتە نزیكەی (450 ـ 530) هەزار دینار.
بە لێكدانەوەی هەر دوو برگەی سەرەوه و جیاوازی نرخەكانیان، دەردەكەوێت (خصخصە)ـی كارەبا بە نزیكەی (300) هەزار دینار كەمتر لەسەر بەندە وەك نموونە دەكەوێت، لە كاتێكدا ئێستا بە نزیكەی (300) هەزار دینار زیاتر، ئەوسا بە دوو كەرتی مولیدە و حكومی؛ كارەبایەكی (24) كاتژمێریی بی بڕان دەستەبەر ناكەم، ئەمە جیاواز لەوەی (خصخصه)ـی کارەبا یاخود پێدانی کارەبا بە کەرتی تایبەت، دەبێتە ھۆی ئەوەی:
* هاوڵاتی كارەبای كەمتر بەكاربهێنێت لە پێناو خەرجی كارەبای كەمتر.
* هاوڵاتی پابەند بە دەستگرتن بە بەكارهێنانی كارەبا و بەفێڕۆنەدانی كارەبا دەكرێت.
* لە سنوری كەركوك زیاتر لە هەزار موەلیدە بوونی نامێنێت، كە سەرچاوەیەكی سەرەكییە بۆ پیسبوونی گەشوهەوا و ناشرینی دیمەنی شار و ژاوەژاوی شار.
* حكومەت لە كڕینی كارەبا بە پارەی بودجەی تەرخانکراو بۆ پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان رزگاری دەبێت.
* حكومەت لە دابینكردنی هەزاران ملیۆن لیتر گازوایل بۆ موەلیدەكان رزگاری دەبێت و چیتر ئەو سامانە گرنگە بە فێڕۆنادات.
راستە جۆرێك لە نرخی زیاتر لەسەر خێزانەكانی سەرووی هێڵی مام ناوەند دەكەوێت، بەڵام دواجار هاوڵاتی بە بەكارهێنانی كارەبای كەمتر؛ دەتوانێت پارەی كەمتر بدات، بەڵام كڕۆكی مەسەلەكە و رەتكردنەوەی پڕۆژەكە جیاوازە و پەیوەندی بە خەمی هاوڵاتیانەوە نییە، بەڵكو پەیوەندی بەو لۆبییە بەهێزەی خاوەن مولیدەكان هەیە، كە لە نێو جومگەی حكومڕانی ئەم شارە دروستیان كردووە و بوار بە هیچ بڕیارێك لە بەرژەوەندی هاوڵاتیان لە كەرتی كارەبا نادەن، ئەمەش بە پشتبەستن بە چەند بەڵگە و نموونەیەك:
یەكەم؛ بەپێی ئامارێكی فەرمانگەی كارەبا كە بە شێوەیەكی نهێنی و رانەگەیاندراو ئەنجامدراوە، ساڵانە هاوڵاتیان نزیكەی (55) ملیار دینار واتا نزیكەی (45) ملیۆن دۆلار پارە بە موەلیدەی ئەهلی گەڕەكەكان دەدەن و لە بەرانبەردا هاوڵاتیان نزیكەی (15) ملیار دینار واتا نزیكەی (12) ملیۆن دۆلار پارەی كارەبای نیشتمانی بە حكومەت دەدەن.
دووەم؛ زیاتر لە دوو ساڵە بڕیارەكانی لیژنەی موەلیدەكان بە سەرۆكایەتی جێگری پارێزگار، لە بەرژەوەندی خاوەن موەلیدەكانە، هەر لە كاتەكانی ئیش پێكردن تا دەگاتە نرخەكانیان، بۆ بەرچاوڕوونی؛ جیاواز لە هەموو ساڵانی رابردوو، لە رەمەزانی ئەمساڵدا موەلیدەكان لە كارپێكردن لە كاتژمێر (6)ـی بەیانی تا (10) بەیانی بوراون، لە كاتێكدا ساڵانی پێشتر پابەند بە (24) كاتژمێر كارپێكردن لە حاڵەتی بڕانی كارەبای نیشتمانی دەكران.
سێیەم؛ ئەمە جاری یەكەم نییە پڕۆژەی (خصخصە)ـی كارەبا لە كەركوك رەتدەكرێتەوە، پێشتریش كۆمپانیایەكی ئیتاڵی لە ساڵی (2008) هەمان پڕۆژەی پێشنیار كرد، بەڵام ئەو كاتیش لە ژێر فشاری خاوەن موەلیدەكان، حكومەتی خۆجێی ئەوسا وئەنجومەنی ئەو كاتی ویلایەت درێژكراو بۆ ئێستا، پڕۆژەكەیان رەتكردەوە، كە ئەو كات دۆخی كارەبا لە خراپترین ئاستدا بوو.
بە رەچاوكردن و لێكدانەوەی ژمارە و نرخ و داتا ئاماژە بۆكراوەكانی سەرەوە و خاوەندارێتی بەشێكی موەلیدەكان بۆ فەریكەگەلێكی بەرپرس، دەگەینە ئەو راستیەیەی كە لۆبی موەلیدەكان بە تەواوەتی كاریگەری لەسەر بڕیارەكانی حكومەت و دەزگا تەشریعیەكانی شارەكە دروستكردووه.


ئیمزا
هێمن حەسیب

‌ 1918 جار بینراوه‌
6/10/2017 11:13:17 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved