»  وتاری هەفتە
كات بۆ پێشنیاركردن نەماوە !
بورهان حاجی سلێمان




لەدرێژەی هەوڵەكانی پەیداكردنی پاڵپشتی بۆ ریفراندۆم كە بڕیارە 25 / 9 / 2017 ئەنجام بدرێت، كۆتایی هەفتەی پێشوو، مەسعود بارزانی وتارێكی لە رۆژنامەی واشنتۆن پۆست-ی ئەمریكی بڵاو كردەوەو بەگشتی باس لەسوودەكانی ئەنجامدانی ریفراندۆمەكە دەكات و هەموو لایەكیش دڵنیا دەكاتەوە كە هەموو هەنگاوێكی بە هەماهەنگی لەگەڵ بەغدا دەبێت و كوردستانێكی دیموكراسی و ئارامیش بۆ دراوسێكانی باشترین هاوبەش دەبێت.
بەگشتی وتارە كورتەكەی بارزانی بابەتێكی دیپلۆماتی روونەو بۆ تێگەیشتنی پێویست بە وەستان لەسەر بڕگەكان و شیتەڵكردنی رستەكانی ناكات، تەنها بڕگەیەكی نەبێت كە بۆ ئێمەی خەڵكی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم مایەی شۆكەو پێویستە وەكو زەنگێكی مەترسیدار هەڵوەستەی لەسەر بكەین و چیدی لە سایەی ریفراندۆمدا گەشبینانە نەڕوانینە ئایندەی ناوچە گڕگرتووەكەمان، چونكە سەبارەت بە بەشداریكردنی ناوچەكانی ماددەی 140ی دەستوری عێراق بارزانی بەمجۆرە باسی لێدەكات " پێشنیار دەكەین دەرفەتێكیش بدرێتە دانیشتووانی ناوچە ململانێ لەسەرەكان بۆ دیاریكردنی پاشەڕۆژیان بە شێوەیەكی دیموكراسی".
ئاشكرایە پرسی (پێشنیار)كردن بەر لە ئەنجامدانی هەر كارێك دێت بەواتای ئەوەی تا ئێستا هیچ كارو بەرنامەیەك بۆ بەشداریكردنی خەڵكی ناوچە دابڕێندراوەكان لە ئارادا نەبووە بۆ دیاریكردنی چارەنووسی ناوچەكانیان، ئەمەش  لە كاتێكدایە كەمتر لە سێ مانگ ماوە بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆمەكە، ئەوە گریمان (پێشنیار)ـەكەی بارزانی-یان قبوڵ كرد، بەم پلەپروزێیە كێ گرەنتی ئەرێنی ئەنجامەكەی دەكات؟.. لە باشترین حاڵدا رێژەی كورد لە كەركوك (52%)ـە، لە خورماتوو كەمتر  (35%)ـە، هەموومان حاڵی كورد لە جەلەولاو سەعدیە دەزانین كە ئێستا كەمتر لە سەردەمی بەعس كوردیان تیاداماوە، شەنگال-یش هێشتا لە شۆكی كارەساتەكەی نەبۆتەوە، ئەوەی متمانە بێت بە هەرێم لایان نەماوە، ئایا سەركێشیكردن بە پاشەڕۆژی ئەو ناوچانەوە قوماركردن نییە، ئایا كورد ئامادەیە ئەوەی پێشمەرگە بە خوێن پارێزگاری لێكردووە، بە نوكە قەڵەمێك بۆ هەتا هەتا لەدەستی بدات؟!  
رووداوگەلێكی ترسناكی زۆر  لەناوچەكە دەگوزەرێت: (هەڕەشەو پیلانەكانی سەر كەركوك، هاوپەیمانێتی نوێی نێوانی نەیارانی دوێنی ئەنقەرە – تاران  -  دۆحە، گرتنەوەی ئاوی زێی بچوك و تیرۆركردنی سروشت لەلایەن ئێرانەوە، هەڕەشەكانی ئەردۆغان و پیلانەكانی میت لە كەركوك و كلك بادانەكانی حەشدی شەعبی لە ناوچەكەو مەستبوونی بە سەركەوتنەكانی موسڵەوە، پەلامارە یەك لەدوای یەكەكانی ئەم دواییەی داعشی لە هەموو شوێن دۆڕاو)... ئەگەر هەموو ئەمانە لەگەڵ ئەو (پێشنیار)ـەدا ببەستینەوە، ئەوە لە باشترین دۆخدا نەخشەی دەوڵەتێكی كوردی پێكهاتوو لە هەولێرو سلێمانی و دهۆك و هەڵەبجەمان بە بێ كەركوك و ناوچەدابڕاوەكانی دیكە لەبەرچاو دەنەخشێندرێت، ئەو دەوڵەتۆكەی كە تەنانەت سەدام حوسێن-یش ئامادەبوو بیبەخشێت بە كوردو ئێستاش بێگومانم لە خوارووی حەمرینەوە تاكو فاو دەنگی بەڵێی عەرەبی سوننەو شیعە بەدەستدێنێت!
(پێشنیار) بەڵگەی ئەوەیە كە هێشتا هیچ نەكراوە، هاوكات خۆی لە خۆیدا ئەو شێوازە داواكردنە قابیلی رەتكردنەوەیە، بەواتایەكی دیكە دەستشۆردنە لەناوچە دابڕێندراوەكان، ئەگەر نا تو ویژدانتان كوا كاتی (پێشنیار) ماوە بۆ بەشداریكردنیان لە ریفراندۆمێك كە دوای كەمتر لە سێ مانگ چارەنووسی گەلێك دیاریدەكات؟ 

‌ 2675 جار بینراوه‌
7/1/2017 9:47:12 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved