»  بینین
مەرجەعمان كێیە؟
دڵسۆزحەمە




بە هەزاران هێزی مارێنز و لەشكرو سوپای دیموكراتیترین وڵاتی دنیا، بە هێنانی سەدان پڕۆژەو ئەزمونی دنیای رۆژئاوا بۆ ئەم ناوچەیەی خۆمان مەحاڵە پڕۆژەی دیموكراسی وكۆمەڵگای دیموكراسی سەركەوتوبێت و بگرە مۆدێلێكی دەسەڵات وكۆمەڵگای دیموكراسیش بەرهەم بێت، هیچ گومانی تێدا نیە كە لە عێراق و كوردستانیشدا تەنها یەك خاڵی لاوەكیمان لە پایەكانی دیموكراسی پەیڕەو كردووە كە ئەویش هەڵبژاردن و سندوقەكانی دانگدانەو هیچی تر.
خۆ ئەگەر دەنگدان و هەڵبژادنیش بەشێك نەبێت لە پڕۆژەیەكی دیموكراسی كامڵ وپێگەیشتوو لە پرۆسەیەكی مێژویی دورودرێژ دا ئەوا ناتوانێت بەتەنها دەنگدان گوزارشت بێت لە دیموكراسی بەڵكو لەم جۆرە كۆمەڵگایانەدا دەنگدان هەندێكجار بۆتە ئامڕازێك پەیژەیەك بۆ هاتنە پێشەوەی هێز وگروپ و خەڵكانێك كە لە بنەڕەتدا كەسان و هێزی سستەمكار و دژە دیموكراسی دژی پلۆرالیزمی سیاسی بوونە، هەڵبژاردن وەكو تاكە پایەیەكی دیموكراسی لەو جڤاتانەی كە ئەخلاق پەروەردەی دیموكراسی تێدا بینا نەكراوە بەهیچ جۆرێك ناكرێت ئامڕازێك بێت بۆ بیناكردنی دیموكراسی.
لە رۆژئاوادا جگە لە وەرچەرخانە گەورەكانی شۆڕشی پیشەسازی و سەردەمی رەوشنگەری وداڕشتنی سسیستەمی دیموكراسی زنجیرەیەكی چڕوپڕ گۆڕانی ریشەیی بەرهەم هێنا لە سیستەمی پەروەردەیی وسیستەمی بەرهەمهێنانی ئەخلاقی دیموكراسی و مرۆڤی نوێ پڕۆسەی پەروەردەیی سیستەمی دیموكراسی لە دایەنگا وخوێندنگە سەرەتاییەكانەوە دەستیپێكردوە هەتا ستراكتۆری دامودەزگا یاسایی و دەزگاكانی جێبەجێكارە هەربۆیە هەمیشە مەرجەع یاسایە، ئەو یاسایانەی كە دادوەری ویەكسانی ومافی هاوڵاتیبون دەپارێزێت وەكو یەك، هەربەو یاسانەش سنوری ماف وئەركەكانی تاك وەكو هاوڵاتیەكی سەربەخۆ لەیەك جیاكراوەتەوە.
لەم جڤاتانەی ئێمەدا كە هیچ دامودەزگایەكی دیموكراسی بەرهەم نەهێناوە (پەرلەمانی كوردستان بەدرێژایی 26ساڵی رابوردوو بێدەسەڵاتترین وپەڕاوێزخراوترین دەزگا بووە لەناو كۆی ستراكتۆری دەسەلاتی كوردستاندا!) ئێمە كە هێشتا كەلتوری ك قسەلێكراو قسەلێنەكراوی كۆمەڵایەتیمان نەك هەر نادیموكراسیە بەڵكو لێوانلێوە لە نەزعەی سستەمكارانەو توندوتیژی وكۆنەپەرستی، لێوان لێوە لە نادادوەری ودنیابینی نایەكسان،ئەم جڤاتە بە هیچ پڕۆسەیەكی پەروەردەیی دیموكراسیدا تێنەپەڕیوە، لە خەیاڵدانی هیچ هێزێكی سیاسیشدا تروسكەیەك نابینرێت بە ئاڕاستەی دیموكراتیزەكردنی كۆمەڵگا بەڵكو هەموو هێزەكانی ئێمە لە هەڵسوكەوتی سیاسی ودنیابینی خۆیاندا لەگەڵ پێدراوە جیاوازەكان وەكو یەك نادیموكراسین.
لەم جڤاتە نادیموكراسیانەدا زۆر جاران پڕۆسە دیموكراسیەكانی وەكو دەنگدان و ریفراندۆم وهەڵبژاردن وهەر پڕۆسیەكەی تر كە گوراشت بێت لە دیموكراسی توشی ئاستەنگ دەبێتەوە ( پارلەمانی كوردستان هەمیشە بەدەم كێشە سیاسیەكانەوە ناڵاندویەتی و بەردەوام كراوەتە قوربانی كێشەی نێوان هێزەكان، ئامڕازێك بۆ ئیدارەدانی ململانێكان)!!
هەربۆیە لە قۆناغە چارەنوسسازەكاندا، لە پڕۆژەیەكی مێژوویی وەكو جاڕدانی سەربەخۆیی، سازدانی ریفراندۆم، نوسینەوەی دەستور، كێشانی هێڵی سنورەكان، یەكلاكردنەوەی چارەنوسی سیاسی،مەرجەع رۆڵی گرنگی هەیە بۆ كۆكردەوەی هێز و ووزە و مۆبێلێزەكردنی خەڵكی، مەرجەع ئەو سەنەتەرە رۆحی وڕەمزیە گرنگ و بەهێزەیە كە ئاڕاستە و پانتایی و بینینە جیاوازەكان كۆدەكاتەوە ئەگەر جیاوازیش هەبێت لە نێوانیاندا!
مێژوو ئەوەمان پێدەڵێت كە هەمیشە دەوڵەت خێزانێك، پاشایەك، شۆڕەسوار وسەركردە وكەسایەتیەكی مێژویی بەهێز دروستی دەكات و دروستی كردووە،كەسایەتیەك مەرجەعی رەمزی و ڕۆحی هیز و گروپەجیاوازەكانی كۆمەڵگا بێت بەرەو داهاتوو!
لەمساتەوەختە مێژوییە گرنگەی كوردستاندا كە باسی ریفراندۆم و دەوڵەتی كوردستان تەواوی فەزای سیاسی كوردستانی پڕ كردووە، بۆ جڤاتێكی پەرشوبڵاو و پڕ كێشەو ناكۆكی و گرفتی قوڵ هەبونی مەرجەعێكی بەهێز، كەسایەتیەكی سپی و خۆنەویست كە بادینان وسۆران پێكەوە گرێبدات، كە خانەقین و زاخۆ، پارتی ویەكێتی، گۆڕان وپارتی وتەواوی ئەم جڤاتە بیمارە كۆكاتەوە و متمانەی پێ بكەن رەنگە لە پڕۆسی ریفراندۆم خۆی گرنگتر بێت بۆ كۆكردنەوەی هەموو ووزەی ئەم جڤاتە، ریفراندۆم دەریخست كە جڤاتی كوردی زۆر لەوە دابەش وپەرت وهەلاهەلاترە كە دەزانین كە بە دڵنیاییەوە هۆكارێكی گرنگی ئەم پاشاگەردانیە نەبوونی مەرجەعە!


‌ 2336 جار بینراوه‌
7/1/2017 12:56:00 PM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
123
راپرسی
پێت وایە دۆخی ئێستای كوردستان بەچی چارەسەر ئەبێت؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved