»  شەکری تاڵ
مونەزیرەكانی ریفراندۆم






لەوەتەی چاوم كردۆتەوەو راست و چەپی خۆم دەناسم، هەندێك كەس و خێزان دەبینم لە هەموو سەردەمەكاندا هەمیشە لەبەرەی دژە گەل بووینەو راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لایەنگرو پشتگیری دەسەڵاتیان كردووەو لەخەونی شەوانیشدا بەلای شۆڕش و كوردایەتیدا نەڕۆیشتونە، تەنانەت پێشیان وابووە ئەوانەی تێكەڵ بە شۆڕش خەبات بووینە خەڵكی شێت و ساویلكەو بێ ئەزمونن.
ئەم قسەیە رەنگە لە سەرێكەوە تاڕادەیەك راستی تێدا بێت ,هەر وەكو چۆن لە رابردوودا بینیمان خەڵكە رووت و رەجاڵ و زەحمەت كێشەكە بێ دابڕان تێكۆشانیان كردو هەورازو نشێوەی رۆژگاریان لە نێو دوكەڵی ناپاڵم و درزی گوللەو شەوی نوتەكەچاودا بەڕێ كردو بەگڕترین سوتەمەنی شۆڕش بوون، لە كۆتاییەكەشدا مایە پوچ و بێ دەستمایە لێهاتنە دەرێ، لەولاشەوە كۆمەڵێ بەرپرسی نابەرپرس بە رۆژی روناك و بێ سڵەمینەوە كەوتونەتە وێزەی ئەو میللەتە خێر لەخۆنەدیوەو بەڕاست و چەپ پەلدەهاوێن و خەریكی كۆكردنەوەی سامان و پاراستنی بەرژەوەندیە كەسیەكانی خۆیانن و دوورو نزیك بەلای بەرژەوەندیە باڵاكانی گەلدا ناچن.
هەمان قسە لە سەرەكەیتردا سیماو هەڵسوكەوتی خودی كەسە خۆپەرست و بەرژەوەندخواز و چاوچنۆكەكان دەردەخات ئەوانەی تاكو ئێستا بەردی ساردو گەرم نەهاتۆتە رێیان و هەمیشە لە ناوەڕاستێ دەخۆن و لە پەڕگەش دەخەون، بەڵام بەهۆی هەستكردنیان بە كەموكورتی لە وابەستەییان بە خاك و نیشتمان و پشت ئەستور بە رووی قەیمیان، لە بۆنەو رۆژە نیشتمانیەكان بەجۆرێك سینگی خۆیان دەردەپەڕێنن كە جیانەكرێنەوە لە كەسانی دڵسۆزو نیشتمان پەروەر، بەڵام بۆ جیاكردنەوەی میتاڵی ساختە لە راستەقینە بەرگەنەگرتنیەتی لە ئاست فشارە دەرەكیەكان و كاڵ بوونەوەیەتی تا دەچێتەوە سەر پلێتی خۆی یان بە دیوێكی تر ئەمانە مەبدەئی نین و لە ستڵێك ئاو مەلە دەكەن.
 ئەوەتا هەر لەگەڵ هاتنە پێشی پرسی ریفراندۆم، موهەڕیجەكان بەبێ ئەوەی چاوەڕوانبن كۆدەنگی نیشتمانی بەپێی بەرژەوەندیە باڵاكانی كۆمەڵگا دروست ببێ و لە رێگای یاساوە رێكارەكانی ریفراندۆم دەستنیشان بكرێ، بەبێ ئەوەی شیكارێكی زانستیانەو خوێندنەوەیەكی بابەتیانە بۆ ریفراندۆم بكرێ، بێ ئەوەی لێكدانەوە بۆ دەرەنجامی دەنگدانەكە كرابێ، بێ گوێدان بە چارەنوسی كۆمەڵگا لە ئەگەری رەتكردنەوەی لەلایەن خەڵك یان ئامادەكاری بۆ رووبەڕوو بوونەوەی نەیاران لەئەگەری ریزنەگرتن لە ئەنجامەكەی، وەك ئەوەی پرێمز لەژێریان هەڵكرابێ وەكو پیشەی هەمیشەیی خۆیان هاوشان لەگەڵ زوڕنا ژەنە پسپۆڕەكانی حیزب دەستیان بە كوتانی دەهۆڵ كرد، وەك ئەوەی ئەوان هەڵگیرسێنەری شۆڕش بوبن و تاڵی و سوێری دونیایان لەسەر كوردایەتی چەشتبێ و لە ئەگەری ئەنجام نەدانی ریفراندۆم ماڵ وێران ببن و رەنجی دەیان ساڵەی پڕ لە كوێرەوەریان لەم هەردو كێوانە بەخەسار بچێ، هێندە بەحەماس پشتگیریان بۆ ریفراندۆم راگەیاند بە جۆرێك ئەوانەی هەموو تەمەنی جوانیان دێوانەی شاخ یان رەنگ پەڕیوی زیندان بوون لە ئەگەری رەتكردنەوەی ریفراندۆم بە هەر بیانوویەك یان بە موزایەدە بینینی ئەو پرسە لە كاتی ئێستادا شەرمەزار كران و خرانە خانەی خۆفرۆشی و خیانەتكاریەوە، بەخۆشیان سەرەڕای پاشەڵی پیس و مێژووی بەتاڵیان تاجی شۆڕشگێڕی و كۆڵنەدانیان خستە سەرسەری خۆیان و حیزبە ئەستەویرەكانیان و پارتی پێشڕەوو خەڵكی دڵسۆزیش بە چەواشەكارو دەست و پێ سپی ناونران.

ئیمزا
لوقمان رەوئوف

‌ 1981 جار بینراوه‌
7/1/2017 1:48:02 PM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
راپرسی
پێت وایە دۆخی ئێستای كوردستان بەچی چارەسەر ئەبێت؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved