»  وتاری هەفتە
با ئەم شەڕە یاساییەش ببەینەوە
بورهان حاجی سلێمان



هەرچەندە بەتوندی دژی ئەوەم پرسە نیشتیمانی و نەتەوەییەكان بۆ بەرژەوەندی كەسێك یان حیزبێك بقۆزرێتەوەو كراسی سەروەرییەكان كە شایستەی بوێری و قوربانی هەزاران رۆڵەی ئەم گەلەیە، بكاتەبەر تا كەسێك یان لایەنێك، لەگەڵ ئەوەش پێموایە، پێویستە لەسەر هەموو كوردێكی دڵسۆز بەدەر لە ئینتیمای سیاسی و ئایدۆلۆژی، پشتگیری رێبوار تاڵەبانی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بكەن، كە بە هۆی پرسی هەڵكردنی ئاڵای كوردستانەوە، لەسەر سكاڵای ئەردۆغانیست و شۆڤینیستەكان لە دادگای فیدراڵی عێراق رووبەڕووی دادگاییكردن بۆتەوە.
رەنگە من و كاك رێبوار لە رووی سیاسی و ئایدۆلۆژی و كوردبینیشەوە ئاسمان و رێسمانمان نێوان بێت و هەمیشە رەخنەم لە خۆی و ئەنجومەنە تەمەن درێژكراوەكەی گرتووە، وەلێ من لەم پرسەدا پشتگیری لێدەكەم، چونكە ئێستا ئەو لە بری منیش دادگایی دەكرێت و دۆڕانی ئەویش یەكسانە بە دۆڕانی من و هەموو كەركوكی و كوردستانییەك، چونكە بوێری و پشتگیری سەرۆكی ئەنجومەن لە بڕیارەكەی ئیدارەی پارێزگای كەركوك سەبارەت بە (بەیاساكردنی پرسی هەڵكردنی ئاڵای كوردستان لە دامودەزگا فەرمییەكانی پارێزگای كەركوك) و هاوكاری و تەبایی نێوان ئەو دوو دەزگا تەنفیزی و تەشریعییەی پارێزگاكە، گرەنتی سەركەوتنی ئەو بڕیارە بوو لە رووە پراكتیكییەكەیەوە، كە پێویستە بە سەركەوتنی یاسایی پشتەك بكرێت.
جگە لەو ئەركە ئەخلاقی و نیشتمانی و نەتەوەییەش، ئەوەی زیاتر وام لێدەكات لەم پرسەدا پشتگیری لە سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بكەم، جۆری ئەو شەڕەیە كە كورد لەم كەیسەدا پێویستە ژیرانە بیكات و بیباتەوە، ئەوەش شەڕی یاسایی و ناو هۆڵی دادگاكانە، چونكە ئێمە وەكو كورد بەوە ناسراوین جەولە سەربازییەكانی جەنگ دەبەینەوە، بەڵام دواتر لەسەر مێزی گفتوگۆو لە هۆڵی دادگاكان هەمووكات توشی نوشوستی هاتووین، مام جەلال-یش جوانترین دەربڕینی سەبارەت بەو دیارە هەیە كە دەڵێت "دۆزی كورد دۆزێكی رەوایە، بەڵام پارێزەرەكانی باش نەبوونە"، كوردیش بە هۆی ئەوەی دەزگای دادوەری تایبەتی بە وڵاتی خۆی نەبووەو هەمیشە لە دادگای دوژمندا نادادی بەرانبەر كراوە ویستوویەتی بە چەسپاندنی دیفاكتۆو بە هێزی بازوو ماف بسەنێت، ئەمەش هەموو جار لەگەڵ گۆڕانی تەرازووی هێزدا بە تراژیدیا كۆتاییهاتووە، لەو روانگەیەوە، پشتگیریكردن لە كەیسی هەڵكردنی ئاڵای كوردستان و بردنەوەی یاسایی ئەو دۆزە، پاڵپشتی سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستانە كە سێ ساڵە بوونەتە قەڵغانی كەركوك لەبەرانبەر دڕندانەترین هێزو بە خوێنی خۆیان شكستیان بە گەروەترین پیلانی هەرێمایەتی بۆ داگیركردنی شارەكە هێناوە.
پێویستە لەم شەڕە كەس بیر لە ئینتیمای سیاسی سەرۆكی ئەنجومەن نەكاتەوەو یەكگرتووی ئیسلامیش كەیسەكە بۆ مەبەستی حیزبی نەقۆزێتەوەو هەموو هەوڵەكان بە ئاراستەی بردنەوەی دادگاییەكەو شكستپَهێنان بەو پیلانە قانوونییە بێت كە هاوكاتە لەگەڵ پیلانی سیاسی و سەربازی و ئەمنی دژ بە شارەكە، تاكو سەركەوتنەكانی پێشمەرگەو دژە تێرۆرو خوێنی رژاوی شێركۆ شوانی و حوسێن مەنسوور و سەڵاح دیلمانی و سەرجەم شەهیدان لە سەنگەرەكانی بەرگری و ماندووبوون و شەونخوونی دەزگا ئەمنییەكان، بە نووكە قەڵەمێك نەدۆڕێنین.

‌ 2381 جار بینراوه‌
7/8/2017 8:45:39 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
راپرسی
کێ بەرپرسە لەم دۆخەی ئێستای کوردستان؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved