»  بینین
لە جەباری حاجی رەشیدەوە بۆ ئەوانی تر
دڵسۆزحەمە



داواكردنی دەوڵەت بۆ گەلی كوردستان، بوونی قەوارەیەكی سیاسی و ئیداری سەربەخۆ مافی هەموو نەتەوەیەكە بە گەلی كوردستانیشەوە، ئەگەر بۆ گەلانی وەكو سلۆڤینیا و ئۆكرانیاو چیك و سرب و كیوبیك و ئیرلەندیەكان پێویستییەكی مێژوویی و سیاسی و نەتەوەیی بێت، ئەوا بۆ نەتەوەیەكی وەكو كورد كە زەبری گەورەی زوڵم و زۆر وچەوساندنەوەو جینۆسایدو توانەوەی بەركەوتووەو بەری دەكەوێت، كە بەرەنگاری دڵڕەقترین شێوازەكانی لەناوبردن و كوشتن و بڕین و ئەنفال و نكوڵیلێكردن و وێرانكردنی رۆحی و فیزیكی بەرفراوان بۆتەوە، تەنها داگیركەرێكی نییە، بەڵكو چوار داگیركەرە و هەمیشە بۆتە قوربانییەكی گوماناوی بێبەهای گەمە ئیقلیمی و نێودەوڵەتیەكان، بۆ ئەم نەتەوەیە بوونی دەوڵەت و قەوارەیەكی سیاسی و یاسایی دانپێدانراوی سەربەخۆ رەنگە تاكە رێگاچارەو چارەنوسی ئەم نەتەوەیە بێت، كە تاڕادەیەك سنورێك بۆ ئەو هەموو مەینەتی و زوڵم وسستەمە دادەنێت كە بەدرێژایی مێژوو لەلایەن دەوڵەتە داگیركارەكانەوە دووچاری بۆتەوە، دەوڵەتی سەربەخۆ بۆ ئێمە نەك پێداویستییەكی مێژوویی و سیاسی، بەڵكو پێداویستییەكی رۆحی و ئینسانی و ئەخلاقی و جوگرافی و فیزیكیشە!، نوقتە سەری دێڕ!
بێگومانم كە هیچ هێزێك لە كوردستاندا بە پارتیشەوە كە ئێستا بۆتە عەررابی دروستكردنی دەوڵەتی كوردی  هیچ هێزێك لە خەیاڵی سیاسی و ستراتیژی خۆیدا هەڵگری پڕۆژەی دەوڵەتی كوردی نیەو نەبووە، چونكە بەپیرەوەچوونی پڕۆژەیەكی مێژوویی وەكو بیناكردنی دەوڵەت پێش هەڵڵاو تەپڵ و هاواری ریفراندۆم بریتییە لە كۆكردنەوەی هەموو خەیاڵەجیاوازەكان، مۆبێلێزەكردنی وزەی گشتی كۆمەڵگا لەناو پڕۆژەیەكی باڵای نیشتمانی و نەتەوەیی كە سەرووتر لە جیاوازیەكان، سازكردنی زەمینەیەكی دەروونی وڕۆحی و كۆمەڵایەتی و سیاسی كە زۆربەی چینوتوێژو پێكهاتە جیاوازەكان لەو پڕۆژەیەدا جێگایان بێتەوە، بریتییە لە سەرمایەگوزاری سیاسی و مەعنەوی هەم لە مەینەتی و ئازارە هاوبەشەكاندا هەمیش لە رەمزە مێژوویی و نەتەوەییەكانماندا، دروستكردنی دەوڵەت بە خیتابی هاوبەش و پڕۆژەی هاوبەشدا تێدەپەڕێت!
جیاواز لەوەی ئینسانی كورد بونەوەرێكی نائامادەیە، جیاواز لەوەی ئەم نەتەوەیە لە بونیای رۆحی و فیزیكی خۆیدا گرفتی وجودی قوڵی هەیەو كۆكردنەوەی لە پڕۆژەیەكدا ئاسان نییە، بەڵام ئەم هێزانەش ئەوەندەی تر ئەم بونیادە كوردیەیان وێران كردووە! وێرانكردنی سیستەماتیكی ئەمجارە ئەو شێوازە ترسناكەیە كە هێزەكانی دژەپارتی بەكاری دەهێنن بۆ وێرانتركردنی ئینسانی ئێمە!
دژایەتی پارتی و هەر هیزێكی تر دەشێت و ڕەوایە،بەڵام سوك و ڕیسواكردنی خەونی دەوڵەت كوفرێكی مێژوویی گەورەیە!، رەوایە بە هەڵڵاكەی پارتی بڵێیت درۆ، بەڵام ناكرێت خەڵك مۆبێلێزە بكرێت دژی خەونێكی مێژوویی، پیادەی خەڵك بكرێت بۆ هاتنە خوارەوە لە مافەكانیان لە بۆ پلەو ئاستی خواتر، ئاخر نامۆراڵترین شێوازی سیاسەتكردن بەكارهێنانی عەوامە لە ململانێ سیاسییەكاندا، ئاخر چۆن دەكرێت ئینسانی كورد ئاڕاستە بكرێت دەوڵەت و ئازادی و مافی مێژوویی خۆی بگۆڕێتەوە بۆ نان و پیاز!
كەی رەوایە خەڵك مۆبێلێزە بكرێت،هان بدرێت، لەمێدیاكانەوە هاوار بكات،كە كارەباو ئاو گرنگترە لە دەوڵەتی كوردی، دەوڵەتم بۆچیە كارەبام نەبێت، ئاوم نەبێت، موچەم نەبێت ؟؟! ئەم شێوازەی بەكارهێنانی خەڵك بۆ ململانێی سیاسی لەگەڵ پارتی بێمۆراڵترین شێوازی ململانێێ سیاسییە لەسەر حیسابی خەڵكی كوردستان!
دەشێت و دەكرێت ودەبێت رەخنەی قوڵ لە پڕۆژەكانی پارتی بگرین، پەردە هەڵماڵین لەسەر ئەو هەرەمە گەندەڵكارەی بە مۆخ و ئێسكی سیستەمی سیاسی كوردستان وپارتیدا چۆتە خوارە كە وای كردووە خەڵكی متمانە بەدەوڵەتێك نەكات لەسەر ئەم شێوازە گەندەڵەو بەدەستی ئەو فیگەرە گەندەڵانە، بەڵام ناشێت بەهۆی ئەمانەوە لە خەونی دەوڵەت و پڕۆژەی دەوڵەت و پیرۆزییەكانی ئینسانی كورد بدەین!!
زۆر مایەی ئازارە كە هێزە سیاسییەكانی ئێمە وزەی بەرەنگاری و شكۆمەندی لە ئینسانی ئێمەدا خامۆش دەكەن، گۆڕینەوەی پڕۆژەی دەوڵەت بۆ ئاوو كارەبا، هاندانی خەڵك بۆ گازەندەو كوڕوزانەوەو دەستپانكردنەوەی بەردەوام، بۆ هەڵپەو هاوارو جنێودان و ناڕەزایی و داواكردنی بەردەوام بە بێ گەورەكردنی هەستی بەرپرسیاری و هەستی ئینتیماو بەشداریكردن مەترسیدارترین هەڵسوكەوتی سیاسییە كە هێزەكانی كوردستان و مێدیاكان پێوەی سەرقاڵن كە دواجار بە لاوازكردنی ناوەكی ئەم جڤاتە دەكەوێتەوەو كەوتۆتەوە!
ئازادی شكۆی ئینسانە، نان پێداویستی ژیانە، پێش راپەڕین شكۆمەندیی و گیانی بەرەنگاربونەوەی ئینسانی كورد زۆر بەرزو پیرۆز بوو، نان و ئاوو كارەباو موچە و ڕەفاهیەت تەنانەت ژیان و ژن و منداڵەكان گرنگتر نەبوون لە ئازادی و كەرامەت، هەربۆیە نەمرێكی وەكو (جەباری حاجی رەشید) خۆی كردە قوربانی ئازادی و پرسی رزگاری نەتەوەیەك!
من ئەم شەهیدەم بۆیە بە نمونە هێنایەوە چونكە شەهید جەبار هەموو ئەو شتانەی بۆ ژیان و بەختەوەری ژیان پێویستە هەیبوو، كوڕی یەكێك لە دەوڵەمەندترین و خانەدانترین خێزانەكانی كوردستان، پارە، كۆشك، هاوسەری جوان، منداڵ لە كوڕو كچ، دەستی لەمانە هەمووی بەرداو ژیانی كردە قوربانی ئازادی! ئازادی بە مانای شكۆو ناموسی ئینسان!
جێگای خەم و ئازارێكی قوڵە كە ئێستا، دوای چارەكە سەدەیەك لە راپەڕین هێزی سیاسی وەها پەیدا بوون كە رێك پێچەوانەی پەیام و رێگا و ئامانجی خوێنی شەهید جەبار و هەزاران شەهیدی تر ململانێ سیاسییەكانی خۆیان ئیدارە دەكەن!!

‌ 1645 جار بینراوه‌
7/8/2017 9:03:23 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
123
راپرسی
کێ بەرپرسە لەم دۆخەی ئێستای کوردستان؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved