»  وتاری هەفتە
كوا سەرۆك ؟!
بورهان حاجی سلێمان



دوو رۆژی تر (24ی تەمموزی 2014 بۆ 24ی تەمموزی 2017) سێ ساڵی رەبەق بەسەر دەستبەكاربوونی بەڕێز فوئاد مەعسوم وەكو دووەمین كوردو هەشتەمین سەرۆك كۆماری عێراق تێدەپەڕێت.
دیارە سێ ساڵ بە تایبەتی سێ ساڵی پڕ لە رووداوی خێرای سەر گۆڕەپانی سیاسی هەرێم و عێراق و ناوچەكە، ماوەیەكی كەم نییە بۆ ئەوەی هەر كەسێك لە هەر پۆست و پلەیەكدا بێت، بتوانێت بەرنامەی خۆی جێبەجێ بكات و جێی پەنجەی لەسەر رەوتی رووداوەكان بەجێبهێڵێت، بەتایبەتی بۆ پۆستێكی باڵای وەكو سەرۆك كۆمار، كە زۆربەی بڕیارە گرنگەكان بە واژووی ئەو دەبێت.
مام جەلال كە لە نیسانی ساڵی 2005ەوە بووە سەرۆك كۆمار (بە هەمان دەسەڵاتەكانی د. مەعسومەوە)، توانی ببێتە یاریكەرێكی سەرەكی سەر تەختەی شانۆی سیاسی عێراق و ناوچەكەو زۆرترین كاریگەری هەبێت، بەشێوەیەك كە لە ساڵی 2012 هێشتا دوو ساڵی ولایەتەكەی ماوبوو، نەخۆش كەوت، هیچ كەس جورئەتی ئەوەی نەبوو باس لە پڕكردنەوەی شوێنەكەی بكات، تا كۆتایی ماوەی ویلایەتەكەی، بەڵام چیرۆكی كورسیەكە لەگەڵ د.فوئاد تەواو جیاوازە، لە كاتێكدا گۆمی سیاسی عێراق تەواو شڵەقیوەو پەیوەندییەكانی هەرێم و ناوەند لە لێواری تەقینەوەن، رۆژ بە رۆژ پێگەی كورد لاوازتر دەبێت، حكومەتەكەی بەغدا زۆرترین دژایەتی ئەو ناوچانە دەكات كە لە ژێر دەسەڵاتی حیزبەكەی سەرۆكن، لە هەرێم و لەناو خودی حیزبەكە گەورەترین پیلانگێڕی دژی حیزبەكەی سەرۆك بەڕێوەدەچێت، قومار بەو دەستكەوتانەوە دەكرێت كە بە خوێنی شەهیدانی پێشمەرگەكانی حیزبەكەی سەرۆك بەدەستهاتوون، بەڵام لەگەڵ هەموو ئەمانەدا سەرۆك دیار نییەو وەك دەڵێن "مێش میوانی نییە"!
پۆستێكی بەغدا ئەگەر بۆ پاراستنی بەرژەوەندی نیشتمان و حیزب و نەتەوە و شكۆی كەسێتی خۆت و خزمەتی هاوڵاتیان و پرسی داكۆكیكردن لە كەركوك نەبێت، ئیتر دەبێت چ پەیامێكی لەدواوەبێت؟! حیكمەت لە وەرگرتنی چییە؟ بە پێچەوانەوە بوونی بەڕیز دكتۆر فوئاد، بۆتە هۆی نیشاندانی وێنەیەكی نەرێنی كەسایەتی سەركردەی كوردی، بەتایبەتی بۆ یەكێتی، لە راگەیاندنی عێراقیدا كە بەداخەوە زۆر بە بێ رێزی و بەگاڵتەجاڕییەوە باسی دەكەن.
یەكێتی چ سوودێكی لە بوونی دكتۆر فوئاد لە سەرۆكایەتی كۆمار بینیوە؟! بۆچی منەتباری عەرەبی عێراق بێت كە ئەو پۆستەی پێ بەخشیوە، بۆ قەرزارباری پارتی بێت كە پشتگیری وەرگرتنی ئەو پۆستەی كردووەو لەبەرانبەردا هەموو كوردستانی بۆ بەجێهێشتووە؟
باشترین چارەسەر ئێستا بۆ ئەوەی زەرەر لە نیوە بگەڕێتەوە، دەبێت یان یەكێتی دەستبەرداری ئەو پۆستە بێت و یانیش تیمێكی باش و راوێژكارانی شارەزا لە دەوری سەرۆك كۆمارەكەیان دابنێن لە بری ئەو كەسانەی نەك لەسەر بنەمای تواناو لێهاتوویی، بەڵكو لەبەر خزمخزمێنە لە كۆشك دانراون و تەنانەت لە ناردنی پرسەنامەدا بۆ كەسانی زیندوو، سەرۆكیان ئیحراج كردووە!
بێگومانم ئەگەر یەكێتی خەمێكی جدی لەو پرسە نەخوات، ئەوە لە قەلانی بەغداو كۆترانی هەرێمیش بێبەش دەبێت و كاتێك دەزانێت نە فەرشی سووری كۆشكەكەی ناوچەی سەوز و نە بەڕە شڕەكەی هەرێمی لە ژێر پێدا ماوە!!



‌ 2940 جار بینراوه‌
7/22/2017 10:10:24 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
راپرسی
پێت وایە دۆخی ئێستای كوردستان بەچی چارەسەر ئەبێت؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved