»  راپۆرت
خاوەندارێتی سەركەوتنەكان دیارترین ململانێكانی قۆناغی دوای داعشە



.

ململانێی لەسەر سەركەوتنەكان نوێترین گەمەی سیاسیەكانە لە قۆناغی دوای (داعش)، ئەمەش بە یەكێك لە سیماكانی گۆڕەپانی سیاسی قۆناغی نوێ دادەنرێت.

“بە ئامانجی دەستخستنی دەستكەوتی سیاسی بۆ قۆناغی دوای (داعش)، پیلانگێڕیی و سەودای سیاسی بۆ دزینی سەركەوتنەكانی گەلانی عێراق بە سەر (داعش) لە ئارادایە”، ئەمە وتەی ئیمام محەمەد موسا ئەلیەعقوبیە، كە یەكێكە لە دیارترین مەرجەعە ئاینیەكانی شیعە لە نەجەف.
هێشتا قۆناغی دوای (داعش)ـە پێنی نەناوەتە رۆژانی یەكەمیەوە، ململانێی سیاسیەكان لەسەر خۆ بەخاوەنكردنی سەركەوتنەكان سەریهەڵداوە، ئەمەش وایكردووە، كە وێستگەیەكی پڕ لە ململانێی سیاسی چاوەڕوانی عێراقیەكان بكات.
ململانێی لەسەر خاوەندارێتی سەركەوتنەكان تەنها یەك ناوەند یاخود شەقامی سیاسی نەگرتۆتەوە، بەڵكو لەسەر ئاستی شیعە و سوننە و ناوخۆیی شیعەكان سەریهەڵداوە، بە جۆرێك هەر لایەنە دەیەوێت بەشێك لە سەركەوتنەكان بەسەر (داعش) بۆ جێی پێی سیاسی خۆی لە قۆناغی نوێی بەكاربهێنێت.
محەمەد موسا ئەلیەعقوبی، یەكێك لە دیارترین مەرجەعە شیعەكانی عێراق، رایگەیاند:”دادپەروەری نییە، كەس و لایەنێك بەرهەمی سەركەوتنی عێراقیەكان بەسەر (داعش) بۆ بەرژەوەندی و پێگەی سیاسی خۆیان لە قۆناغی نوێی دوای (داعش) بەكاربهێنن”.
ئەم وتەیەی ئیمام محەمەد ئەلیەعقوبی دوای ئەو ململانێی توندە دێت، كە لەسەر خاوەندارێتی كردنی سەركەوتنەكانی حەشد شەعبی، لە نێوان لایەنگرانی نوری مالیكی سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق و لایەنگرانی عەلی سیستانی گەورە مەرجەعی ئاینی شیعەكان سەرهەڵداوە.
لە دوای راگەیاندنی سەركەوتنی رزگاركردنەوەی شاری موسڵ، هەڵمەتێكی راگەیاندنی توند لە نێوان لایەنگرانی نوری مالیكی و عەلی سیستانی لەسەر پرسی خاوەندارێتی كردنی سەركەوتنەكانی حەشد شەعبی هاتۆتە ئاراوە، بە جۆرێك لایەنگرانی عەلی سیستانی خۆیان بە خاوەنی سەركەوتنەكانی حەشدی شەعبی دەزانن و رایدەگەیەنن؛ كە حەشدی شەعبی لەسەر فەتوای عەلی سیستانی گەورە مەرجەعی شیعەكان دامەزراوە.
لە بەرانبەردا لایەنگرانی نوری مالیكی ئاماژە بەوە دەدەن، كە حكومەتی عێراق لەسەر دەستی نوری مالیكی هەستاوە بە دامەزراندنی حەشدی شەعبی و تەنها ناوەكەی لەسەر فەتوای عەلی سیستانی بووە.
ئەم ململانێە توندە تەنها لە نێوان لایەنگراندا خۆی نابینێتەوە، بەڵكو لە دیدارێكی تەلەفزیونیشدا، نوری مالیكی ئەوەی راگەیاند؛ كە ئەوان زۆر لە پێش مەرجەعیەتی شیعەكان بڕیاریان لەسەر دامەزراندنی سوپایەك بۆ روبەروبونەوەی داعش دەركرد، بەڵام لەسەر فەتوای مەرجەعیەت ناوی (حەشدی شەعبی)ـیان لێنا.
ئەوەی ئەم جۆرە ململانێیەی زیاتر تۆندتر كردۆتەوە، نزیكبونەوەیە لە هەڵبژاردنەكانی داهاتوو، كە وابڕیارە لە نیسانی ساڵی داهاتوو بەڕێوەبچێت، بۆیە هەر لایەن و كەسایەتی سیاسی دەیەوێت بەشێك لە سەركەوتنەكان بكاتە وێستگەی بانگەشەكانی لە هەڵبژاردنەكان داهاتوو.
شێخ عەبدولمهەدی كەربەلائی، نوێنەری عەلی سیستانی، گەورە مەرجەعی ئاینی شیعەكان، لە وتاری رۆژی هەینیدا، ئاشكرایكرد؛ كە مەرجەعیەتی ئاینی سەركەوتن بەسەر (داعش) بە موڵكی هەموو عێراقیەكان دادەنێت و رێگە بە خاواندارێتی سەركەوتنەكان لە پێناو سەركەوتن لە هەڵبژاردنەكانی داهاتوو نادات”.
ئەم جۆرە ململانێی تەنها ناوخۆی شیعەكان نەگرتۆتەوە، بەڵكو لەسەر ئاستی شیعە و سوننەش سەریهەڵداوە، بە جۆرێك لایەنە سوننەكان پشكی شێری سەركەوتن بەسەر (داعش) بە موڵكی سوپا و دەزگا ئەمنیەكان دادەنێن و لایەنە شیعەكانیش ئەو سەركەوتنە بە موڵكی حەشدی شەعبی ناو دەبەن.
لەو چوارچێوەیەدا سوننەكان پێیانوایە؛ هەر ناوچەیەك لەلایەن سوپاوە رزگاركرابێت، كەمترین ئازار بە دانیشتووانەكەی گەیەنراوە و هەرچی ئەو ناوچە سونیانەی لەلایەن حەشدەوە رزگار كراون، تێیدا ئازارێكی زۆری دانیشتوانەكەی دەدرێت.
بۆ ئەو مەبەستەش رزگاركردنەوەی شاری تكریت لەلایەن حەشدی شەعبیەوە و رزگاركردنەوەی شاری رومادی لەلایەن سوپاوە وەك نموونە دەهێننەوە، بەوەی شاری رومادی لەلایەن سوپاوە رزگاركرا و هیچ ئازارێكی دانیشتوانەكەی نەدراوە، بەڵام هەرچی شاری تكریتە لە دوای رزگاركردنی لەلایەن حەشدەوە، سەرەڕای ئازاردانی خەڵكەكەی، تائێستاش رێگە بە زۆرێك لە دانیشتونەكەی نادرێت بگەڕێنەوە ناوچەكانی خۆیان.
رەعد دەهالكی، پەرلەمانتاری سوننە لە ئەنجومەنی نوێنەران، رایگەیاند:”تائێستا حەشدی شەعبی رێگە بە زۆرێك لە دانیشتوانی ناوچەكانی تكریت نادات بگەڕێنەوە بۆ ناوچەكانیان”، روونیشیكردەوە:”بەشی زۆری دانیشتووانی رومادی كە لە دوای تكریت رزگار كرا، گەڕاونەتەوە ناوچەكانیان”.
لە بەرانبەردا لایەنە شیعەكان پێچەوانەی سوننەكان پێیانوایە، هەر ناوچەیەك لەلایەن حەشدەوە رزگار كرابێت، كەمترین زیانی پێگەیشتووە، بۆ ئەمەش نموونەی شاری رومادی دەهێننەوە، كە بەهۆی ئەوەی لەلایەن سوپای عێراقەوە، رزگار كرا، لە كاولكارییەك زیاتر، هیچی تر بەدەست نەهاتەوە.



‌ 452 جار بینراوه‌
7/22/2017 10:39:09 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved