»  راپۆرت
تائێستا هیچ دەرچەیەكی یاسایی بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم بوونی نییە
ئا / هێمن حەسیب




پرسی ریفراندۆم، یەكێكە لە دیارترین پرسە ناكۆكە لەسەرەكان لە نێوان لایەنە سیاسیەكان، كە تائێستا هیچ دەرچەیەك بەرەو كۆدەنگی سیاسی لەو پرسە دروست نەبووە.

لەئێستادا پرسی ئەنجامدانی ریفراندۆم كە وابڕیارە لە (25 / 9 / 2017) بەڕێوەبچێت، نەك كۆدەنگی سیاسی لەسەر دروست نەبووە، بەڵكو ئەو پرسە ناكۆكیەكانی هێندەی تر قولتر كردۆتەوە، بە جۆرێك شەقامی كوردی دوولەت كردووە.
جیاوازتر لە ناكۆكیە سیاسیەكان لە نێوان بەرەی پشتگیریكار و نەیاری ریفراندۆم، پرسی یاسایبوونی پرۆسەكەیە، كە تائێستا تەنها بڕیارێكی نیمجە سیاسیەو چوارچێوەی یاسایی وەرنەگرتووە.
بۆ دەرچواندنی یاسایەك بۆ ریفراندۆم تەنها رێگا پەرلەمانی كوردستانە، كە لەئێستادا بۆ ماوەی زیاتر لە دوو ساڵە لە كارخراوە و تائێستاش هیچ هەنگاوێكی جدی بۆ كاركردنەوەی لە ئارادا نییە.
لە لێدوانێكی پێشوویدا بۆ (هەواڵ)، شیڕوان زرار، وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی، ئەوەی راگەیاند؛ ئەوان وەك كۆمسیۆن تەواوی ئامادەسازییەكان دەكەن، تا ئەگەر لە حاڵەتێكدا بڕیار لەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمان و ریفراندۆم بە كۆتا گەیشت، ئەوان ئامادەسازییەكانیان كردبێت.
بەهۆی نەبوونی هیچ دەرچەیەك بۆ بە یاساییكردنی پرسی ریفراندۆم، پارتی دیموكراتی كوردستان وەك بەرەی پشتگیریكار تا هەنووكە پێداگری لەسەر بەڕێوەچوونی ریفراندۆم لە وادەی خۆیدا لە (25 / 9 / 2017) دەكات و ئیجماعی سیاسیش بۆ ریفراندۆم بە چارەسەر دەزانێت.
لەو چارچێوەیەشدا زیاتر لە جارێك بەرپرسانی پارتی رایانگەیاندووە، كە ئەنجامدانی ریفراندۆم پێویستی بە یاسا و پەرلەمان نییە.
لە بەرانبەریشدا لایەنەكانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی، بەڕێوەچوونی ریفراندۆم بەبێ‌ دەرچوواندنی یاسایەكی تایبەت بەو پرسە لەلایەن پەرلەمانەوە رەتدەكەنەوە.
كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێم، كە لەئێستادا ئەركی بەڕێوەبردنی ریفراندۆمی پێی سپێردراوە، هیچ هەڵوێستێكی روونی لەو بارەوە نییە.
ناروونی هەڵوێستی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن لە كاتێكدایە، بەپێی یاسایی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێم بە ژمارە (4) ساڵی (2014)، دەبێت ئەو پرسانەی كۆمسیۆن سەرپەرشتی دەكات، بە یاسا بڕیاری لەسەر درابێت.
(هەواڵ) بۆ وەرگرتنی زانیاریی لەسەر ئەو پرسە، پەیوەندی بە (شێروان زرار) وتەبێژی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی كرد، بەڵام ناوبراو ئامادەنەبوو هیچ لێدوانێك بدات، بە پاساوی ئەوەی بڕیارێكی گشتی لە كۆمسیۆن دەركراوە، كە لەسەر ئەو پرسە هیچ قسەیەك نەكرێت.
بەپێی زانیارییەكانی (هەواڵ)، كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی لەئێستادا كەوتۆتە دۆخێكی هەستیارەوە، بە جۆرێك لە حاڵەتی دەرنەچوواندنی یاسایەكی تایبەت بە ریفراندۆم، كۆمسیۆن چ هەنگاوێك بگرێتەبەر.
ئەگەرچی لەئێستادا پارتی دیموكراتی كوردستان لە مەرجەكانی بۆ كاركردنەوەی پەرلەمان پاشكەزبۆتەوە، ئەمەش لەلایەن بزوتنەوەی گۆڕان بە هەنگاوێكی پارتی بۆ دۆزینەوەی بەرگێكی یاسایی بۆ ریفراندۆم دادەنرێت.
فایەق مستەفا، پەرلەمانتاری بزوتنەوەی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان، لە لێدوانێكیدا بۆ (هەواڵ)، رایگەیاند:”ریفراندۆم بەبێ‌ یاسا ناكرێت و دەرچوواندنی یاساش تەنها لە دەسەڵاتی پەرلەمانی كوردستانە”، روونیشیكردەوە:”رازیبوونی پارتی بە كاراكردنەوەی پەرلەمان بە سەرۆكایەتیەكەی ئێستا جێی گومانە و تەنها بۆ ئەوەیە پەرلەمان كاراببێتەوە و یاسایەك بۆ ریفراندۆم دەربكات”.
ئەوەی جێی پرسیارە، ئایا كاراكردنەوەی پەرلەمان هیچ لە دۆخی بۆشایی یاسایی پرسی ریفراندۆم دەگۆڕێت، چونكە تەنها دوو مانگ لە بەردەم وادەی دیاریكراو بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم ماوە و تائێستاش ئاسۆی كاراكردنەوەی نادیارە.
بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، دەرچووانی هەر یاسایەك چەند قۆناغێك تێپەڕ دەبێت، لەوانە یەكەم؛ ئامادەكردنی راپۆرت لەلایەن لیژنە تایبەتمەندەكانەوە لەسەر پڕۆژە یاساكە و دووەم؛ خوێندنەوەی یەكەم و دووەم  و پەسەندكردن، ئەمەش پێویستی بە دوو وەرزی یاسا دانان هەیە.
بە بۆچوونی چاودێرانیش، لە حاڵەتی كاراكردنەوەی پەرلەمانیش، جیاوازی زۆری بۆچونەكان لەسەر ریفراندۆم ئاماژەیەكە بەوەی پەرلەمان ناتوانێت لەو ماوە كورتەدا یاسایەك بۆ ریفراندۆم دەربكات.

‌ 648 جار بینراوه‌
7/22/2017 10:39:51 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved