»  شەکری تاڵ
حوكمداری لەغیابی سیستەمدا




سیستەم ئەم چوارچێوە یاسایی یە كە بنەمایەكی زانستی و مەعریفی كاریگەری هەیە لە جێبەجێ كردنی رێكارە كارگێڕی و ئابوری و مرۆییەكاندا، لە هەمان كاتدا هەنگاوەكانی كۆمەڵگاشبەئاراستەی پێشكەوتن و بەجێهێشتنی كەلتورە سەقەت و نالەبارەكان خێراتر دەكات، نەبوونیشی بەمانای سەپاندنی كەلتوری خێڵ و پاشا گەردانی و ماڵ وێرانی دێت.
ئەوەتا لەو وڵاتانەی سیستەم بۆتە بنەما بۆ حوكم كردن و كاركردن، سەرەڕای ئەوەی یەكسانی و دادپەروەری بۆ كۆمەڵگا دابین كردووە پێشكەوتنێكی بەرچاویشی لە سەرجەم بوارەكاندا بەدی هێناوە بەجۆرێك بە كەمترین دەستمایە زۆرترین داهات دەستەبەر دەكەن.
بەڵام ئەو وڵاتانەی تاكو ئێستا دەستبەرداری شێوازی حوكمی خێڵەكی و تاكڕەوی نەبوینەو سیستەم تێكەڵ بە كارو گوزەرانیان نەبووە، نابەرابەری و نادادپەروەی لەسەرجەم كایە سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتیەكانیان نەك تەنها بە نەرێنی لەسەر كۆمەڵگا رەنگی داوەتەوە بەلكو بۆتە هۆكارێكی بنەڕەتیش بۆ جیاكاری جێندەری و جیاوازی چینایەتی. ئەمەش وای كردووە دام و دەزگاكان وەكو پێویست بەكاری خۆیان هەڵنەستن وكاروبارەكان بە رێچكەی ئاساییدا نەڕۆن و رێگا نزیكەكان دوور بكەونەوەو بەربەست بكەوێتە بەردەم سەرجەم هەنگاوە ئەرێنی یەكان.
سەیركەن لەم هەرێمە نامۆیەی ئێمەدا چونكە حكومەت لەسەر هیچ مەزهەبێكی فكری و فەلسەفی فرچكی نەگرتووە سەرەڕای ئەوەی نزیكەی سێ گرێ ساڵە بەڕێوەبردنی خۆسەریشمان هەیە، دەبینین بە هیچ بایێ كاوو دانی بۆ لەیەكتری جیناكرێتەوە هەنگاوەكانیشی سروشتی میزی حوشتریان هەیەو هەر لەپاشەكشەدایە. بڕوانن چەندین ساڵە دەستور قۆناغی پڕۆژەیی نەبڕیوە، یاساكان لە جیاتی سەرۆكەكان دەگۆڕدرێن، داخستنی پەرلەمان بە گێڕانەوەی شەرعیەت دادەنرێ، ئەركی دادوەرە سەردانی تۆمەتبار بكات، تەزكیەی حیزب مەرجی بنەڕەتیە بۆ بەدەست هێنانی بڕوانامە لە خوێندنی باڵا، هاوسەنگی لە نێوان بژێوی و موچە بە گرینگ نازاندرێ، سزاو پاداشت ئاڵوگۆڕ بە شوێنیان دەكرێ واتە پاداشت بەتاوانبارو سزاش بەبێ تاوان دەدرێ، لە بری سیڤی مەنسوبیەت و مەحسوبیەت خاڵی بەهێزی خستنە سەركارو پێدانی پلەیە، سوپا سالار بەرەی جەنگ نابینێ، نەوت بۆ بەرپرسان بە بۆڕیەو بۆ هاوڵاتیانیش بە دڵۆپە، هەڵتەكاندنی ژێرخانی ئابوری و بەسیكرابخانەكردنی نیشتمان لە رێگەی هێنانی كاڵای خراپ و كۆن و ماوە بەسەرچوو بەردەوامی هەیە، دابین نەكردنی ئاسایشی خۆراك و ئاوو پوكانەوەی كەرتەكانی كشتوكاڵ و كارەبا بۆتە ئەركێكی نیشتمانی، هێنانی دەرمان و خواردن و خواردنەوەو سوتەمەنی لە نزمترین ئاستی كوالێتی بە پیشەیی كردن و چەسپاندنی گەندەڵییە، ئەمانەو گەلێكیتریش لە ناشەفافی سیمای هەرێمەكەی من و هەموو ئەو وڵاتانەیە كە دامودەزگاكانیان بەسیستەماتیك بەڕێوە ناچن.

 ئیمزا
لوقمان رەئوف

‌ 1200 جار بینراوه‌
7/22/2017 11:59:22 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
راپرسی
پێت وایە دۆخی ئێستای كوردستان بەچی چارەسەر ئەبێت؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved