»  راپۆرت
فەرمانبەران و كارمەندانی دەزگا ئەمنیەكان لە كەركوك شۆفێری تەكسی دەكەن
ئا / هاوار ستار


بەشێك لە كارمەندانی دەزگا ئەمنیەكانی كەركوك و فەرمانبەرانی بەڕێوەبەرایەتی و فەرمانگەكانی كەركوك، لە دوای تەواو بوونی دەوامی خۆیان كاری تەكسی بە ئۆتۆمبێلی تایبەت لە شارەكە دەكەن، ئەمەش شۆفێرانی تەكسی نیگەران كردووە.

لەگەڵ ئەوەی ئەو شۆفێرانەی بە ئۆتۆمبێلی تایبەت كاری تەكسیی ئەنجامەدەن بەشێكیان كارمەندی دەزگا ئەمنییەكانن و لە شوێنی بازاڕەكاندا دەوەستن و هاوكات بەشێوەی گروپ رێككەوتون كە تەنها خۆیان تەكسی بكەن و خەڵكی تر لایان نەوەستێت و تەكسی نەكات، ئەمەش لە نێو بازاڕی رەحیماوا و سەر بازاڕی شەقامی پزیشكان و بەردەم هەردوو نەخۆشخانەی ئازادی و كۆماری بەزەقی بەدیدەكرێت.
لەوبارەیەوە عەمید محەمەد تاهیر، بەرێوەبەری گشتی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هاتوچۆی كەركوك، بۆ (هەواڵ) رایگەیاند:"شۆفێرانی تەكسی بە شێوەی سیستەمێك رێككەوتون كە هەر یەكە و بەشێوەی گروپ لە ناوچەیەك دابەشبن و تەكسی بكەن و ئەمەش سەندیكا لێی ئاگادارە و لەگەڵ ئەوان رێككەوتون"، ئەوەشیخستەروو"لەڕووی ئەمنیەت و دروست نەبوونی كێشە كارێكی باشە كە هەر كەرتەو دابەشكرابێت بەسەر چەند شۆفێر تەكسیەكدا و هەمو یەكتر دەناسن و خەڵكی ناوچەكەش دەیانناسنەوە".
دەربارەی بوونی كارمەندی دەزگا ئەمنییەكانیش لەنێو ئەو شۆفێرانە، بەڕێوەبەری گشتی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هاتوچۆی كەركوك،  باسی لەوەكرد: "ئەنجامدانی كاری شۆفێریی تەكسی لە لایەن كارمەندی دەزگای ئەمنییەوە رێگە پێدراو نییە و هیچ یاسایەكیش نییە ئەوە قبوڵ بكات".
عەمید محەمەد وتیشی: “ئێمە هەوڵ دەدەین لەگەڵ پۆلیس و ئاسایش و دەزگا ئەمنیەكانی تر هەماهەنگی بكەین و ئەو شوێنانەی شۆفێری تەكسی لێدەوەستن لێیان بكۆڵینەوە و تەماشای ناسنامە و باجەكانیان بكەین ئەگەر كارمەندی حكومی و ئەمنی بوون ئەوا رێگەیان پێنادرێت ئەو كارەبكەن و ناوەكانیان دەدەین بە كاروباری ناوخۆ و ئەوانەشی ئاسایشن بە دەزگاكانی خۆیان تا لێكۆڵینەوەیان لەگەڵ بكرێت و موچەخۆری تریش بەهەمان شێوە".
سەندیكای گواستنەوەش نیگەرانن لەو دیاردەیە و باس لەوەدەكەن پێویستە لەلایەن ئیدارەی شارەكە و لایەنە پەیوەندیدارەكان لێكۆڵینەوە بكەن و ئیجرائات وەربگیرێت.
فەتحوڵا نەسرەدین سەرۆكی سەندیكای گواستنەوەی سەر بە سەندیكاكانی كرێكارانی هەرێمی كوردستان بۆ ئەم راپۆتەی (هەواڵ) وتی: " تەكسی گەرۆكی نێو شار سەر بە سەندیكای گواستنەوە نین و رێكخراو نیین چونكە لە نێو شارن و پەیوەندیان بە رێكخستنی سەندیكاوە نییە".
بەوتەی فەتحوڵا نەسرەدین ئەوان لیژنەیان هەیە و بەهاوكاری تیمە ئەمنیەكان مەفرەزە دەردەكەن و لێكۆڵینەوە لە تەكسی نایاسایی دەكەن، بەڵام ئەوانەی شۆفێریان سەر بە دەزگای ئەمنییە دەبینی بیانویان هەیە بەتایبەت ئەوانەی سەر بەهەرێمن كە موچەیان دوا دەكەوێت و بە ئاسانی موچەكەیان وەكو خۆی و لە كاتی خۆی وەرناگرن و ناتوانرێت لێپیچینەوەیان لەگەڵ بكرێت.
سەرۆكی سەندیكای گواستنەوە رونیشیكردەوە: "لەگەڵ بەڕێوەبەری پۆلیسی هاتوچۆ چەند جارێك دەربارەی ئەو تەكسیانەی لە نێو شارن گفتوگۆمان كردووە و پێمانوتوە خەڵك هەیە موچەخۆرە و تەكسی دەكات یان كارمەندی دەزگای ئەمنیە و رسقی خاوەن تەكسی تریان بڕیوەو پێویستە پارێزگای كەركوك و لیژنەی ئەمنی بەگشتی لیژنەو مەفارز دەركەن و لێپێچینەوە بكەن لە پێناو دانیشتوان و ئەو خەڵكەی شار".
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی كەركوكیش، دەڵێت شۆفێریكردنی كارمەندانی دەزگا ئەمنیەكان زیاتر پەیوەندی بە پۆلیسی هاتوچۆوە هەیەو ئەوانیش وەكو بەڕێوەبەرایەتی پۆلیس هاوكار دەبن لە لێكۆلینەوەكان و دەرچوونە هاوبەشەكان و پاشان لێكۆڵینەوە لەو كەسانەی كارمەندی پۆلیسن.
عەقید ئەفراسیاو كامیل، وتەبێژی فەرمی بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی كەركوك، تایبەت بەم راپۆرتەی (هەواڵ) وتی: “ یاساییەك نییە رێگە بە موچەخۆری حكومی بدات كە شۆفێریی تەكسی بكات جا چ كارمەندی ئەمنی و وەزارەتی ناوخۆ بێت”.
عەقید ئەفراسیاو ، ئەوەشی نەشاردەوە:”كەركوك بارودۆخی ئەوەندە ئالۆز و نا هەموارەو یەك كۆمەڵ دەزگای جۆراوجۆر لەم شارە هەیە، بۆیە ناتوانی لەهەمو شوێنێكدا ئیجرائاتی توند بكەیت و بابەتەكەش كاری سەرەكی پۆلیس نییە"
بەوتەی وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی كەركوك، بەشێك لەوانەی موچەخۆری دەوڵەتن و كارمەندی دەزگای ئەمنین جگە لە ئوتومبیلی تاكسی، ئوتومبیلی تایبەتیان پێیە و تاكسی پێدەكەن كە ئەمەش بە ئاسانی ناتوانین كۆنترۆڵی بكەین و لێپیچینەوەیان لەگەڵ بكەین.
لەبارەی هەوڵی كەمكردنەوەی ئەو حاڵەتانەش عەقید ئەفراسیاو وتی: “لەرێگەی مەفارزی تایبەت و بازگەی كاتیەوە بەردەوام هەوڵ دراوە كارە نایاساییەكان كەم بكرێتەوە و نەهێڵرێت و بۆ ئەم بابەتەش هەركات رێككەوتن كرا ئەوا ئێمەش بە ئەركی خۆمان هەڵدەستین و كەمتەرخەمی لێناكەین”.

‌ 446 جار بینراوه‌
9/9/2017 10:43:19 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved