»  راپۆرت
كۆڵانەكانی كەركوك لە خۆڵ و خاشاك پڕ دەبێت
ئا / هەواڵ


كەڵەكەبوونی خۆڵ و خاشاك لە كۆڵانەكانی كەركوك روو لە زیادبوون دەكات و هاوڵاتیان گلەیی لە پاك نەكردنەوە گەڕەكەكانیان لە خۆڵ و خاشاك لەلایەن شارەوانیەوە دەكەن.

بەهۆی خەرجنەكردنی بودجەی تایبەت بە گرێبەستی پاكردنەوەی شار لە خۆڵ و خاشاك، كۆمپانیای پەیوەندیدار كەمتر لە جاران گەڕەكەكان پاك دەكاتەوە، ئەمەش بۆتە هۆی زیادبوونی خۆڵ و خاشاك لە زۆربەی گەڕەكەكان.
بەڕێوەبەرایەتی شارەوانی كەركوك، وەك لایەنی حكومی پەیوەندیدار بە پاككردنەوەی گەڕەكەكان، كێشەی زیادبوونی پیسی و خاشاك زیاتر بۆ رۆژانی دوای جەژنی رەمەزان دەگەڕێنێتەوە و هاوكات نەبوونی بودجەش بە هۆكارێكی سەرەكی كەم توانایی تیمەكانی پاكردنەوەی شار دادەنێت.
سەردار عەلی بەڕێوەبەری شارەوانی كەركوك، تایبەت بەم راپۆرتەی (هەواڵ)، راگەیاند:"زۆربوونی پیسی و خۆڵ و خاشاك لە دوای جەژنی رەمەزانەوە زیادی كردووە و كۆڵانەكان و شۆستە و نێوەندی شەقامەكان پڕبوونە لە خاشاكی ماڵان و دوكان و ماركێتەكان". رونیشیكردەوە:"هۆكارەكان بۆ كەڵەكەبوونی خۆڵ و خاشاك زۆرن، بەڵام بە گشتی و بە پلەی یەكەم پەیوەندی بە خەرجنەكردنی بودجە هەیە و دووەمیش؛ بەهۆی كەموكوڕییەكانی كۆمپانیای پەیوەندارە بە پاكردنەوەی شاری كەركوك".
هاوكات بەڕێوەبەری شارەوانی، نایشارێتەوە:"هاوڵاتیانیش وەك پێویست هاوكار نین و خاشاك فڕێ دەدەنە شوێنی قەرەباڵغی و ئاوەدانی و چاوەڕێی تیمەكانی پاككردنەوە ناكەن".
بە وتەی سەردار عەلی، لەئێستادا شارەوانی كەركوك گرێبەستی تەنها لەگەڵ كۆمپانیای خالید شینگی هەیە بۆ پاككردنەوەی شار، وەك ئاماژەی پێیدا:"بەهۆی كێشەی داراییەوە كۆمپانیای خالید شینگی ناو بەناو كارمەندەكانیان كەم دەكەنەوە، چونكە ماوەی زیاتر لە حەوت مانگە موچەیان وەرنەگرتووە".
شاری كەركوك بەسەر شەش كەرتی شارەوانی دابەشكراوە تا لە رووی پاكردنەوە روماڵ بكرێت، بە جۆرێك سێ كەرتی بە بەری راستی خاسە و سێ كەرتیش بەری چەپ دیاریكراوە، پێنج لەو كەرتانە ئەركی پاكردنەوەی بە كۆمپانیای خالید شینكی راسپێردراوە و یەك كەرتیش شارەوانی كەركوك خۆی لە رێی تیمەكانییەوە ئەركی پاككردنەوەی گرتۆتە ئەستۆ.
بەپێی وتەی بەڕێوەبەری شارەوانی كەركوك بڕیارە بەپێی پلانێك دیسانەوە كەرتەكانی كەركوك رابگەیەنرێنەوە و ئەو كەرتەی سەر بە شارەوانییە ئەویش بدرێت بە كۆمپانیا.
كۆمپانیای خالید شینگی ماوەی چەند ساڵێكە گرێبەستی لەگەڵ كراوە بۆ پاكردنەوەی شاری كەركوك، بەڵام لەئێستادا بەهۆی خەرجنەكردنی بودجەی پاككردنەوە، روبەرووی قەیرانی دارایی بوەتەوە و ناچار ژمارەی كارمەندەكانی كەمكردۆتەوە.
قەحتان عەدنان؛ لێپرسراوی یەكێك لە كەرتەكانی پاكردنەوەی شاری كەركوك لە كۆمپانیای خالید شینگی، بۆ (هەواڵ)، وتی:"وەك كۆمپانیا ئەوەی پێمان دراوە ئەنجامی دەدەین و بەردەوام هەوڵی پاكردنەوە و هەڵگرتنەوەی خاشاك لەسەرجەم كەرتەكان دەدەین"، ئەوەشی نەشاردەوە:"فریای هەمو شار ناكەوین و خەڵكەكەش دڵسۆزانە مامەڵە لەگەڵ پاك و خاوێنی چواردەوری خۆیان و شار ناكەن".
رۆژانە كارمەندەكانمان كەمدەبنەوە"،
وەك ئەو لێپرسراوەی كۆمپانیای خالید شینگی، ئاماژەی پێیدا:"بەهۆی خەرجنەكردنی بودجە لەلایەن حكومەتەوە كرێكارەكان بۆ ماوەی زیاتر لە  (7) مانگە موچەیان وەرنەگرتووە و بەو هۆیەوە رۆژانە كرێكارەكان وازدەهێنن و ژمارەییان كەم دەبێتەوە".
سەبارەت بە رێگە چارەسەرەكان، قەحتان عەدنان، رایگەیاند:"تاكە چارەسەر بریتیە لەوەی حكومەت بودجەی پاككردنەوە خەرج بكات و هاوڵاتیانیش بە بەپرسیارێتیەوە مامەڵە بكەن و خۆڵ و خاشاك لە هەموو شوێنێك فڕی نەدەن".



‌ 165 جار بینراوه‌
9/9/2017 10:43:58 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved