»  راپۆرت
دەسەڵات و ئەمریكاو ئێران شیعەكانی عێراق پەرتەوازە دەكەن
ئا / هێمن حەسیب

لە پەرەسەندنەكانی گۆڕەپانی سیاسی عێراق و دەرهاویشتەكانی شەڕیب داعش و ململانێی دەسەڵاتدا هاوشێوەی هەر دوو پێكهاتەی كورد و سوننە، شیعەكانی عێراقیش رووبەرووی پەرتەوازیی ناخۆیی بونەتەوە، بە جۆرێك مەترسی لای كاربەدەستانی ئێران دروستكردووە، ئەگەر شیعەكان تا دوێنی گوێڕایەڵی تەواوەتی ئێران بوونە، ئەمڕۆ دۆخەكە تەواو پێچەوانە بۆتەوە، وەك ئەوەی زۆرێك لە شیعەكانی عێراق و هاوپەیمانەكانی دوێنێی تاران دژی دەستێوەردانی ئێرانن لە كاروباری ناوخۆی عێراق.


قۆناغی دوای (داعش)
مەترسیەكانی قۆناغی دوای رێكخراوی تێرۆرستی (داعش) هیچی كەمتر نابێت لە مەترسیەكانی قۆناغی سەردەمی (داعش)، چونكە ناكۆكیە سیاسیە ئاشكرا و خەفەكراوەكان پێدەنێتە قۆناغی ئاڵۆزتر و دژوارترەوە، ئەمە بە تایبەت بۆ شیعەكان كە پێَشتر یەكگرتوویان زامنی بەردەوام دەسەڵاتی رەهایان بووە لە دوای پرۆسەی ئازادیی عێراق و حوكمی سوننەوە.
لەم ڕووەوە، چاودێران و شارەزایان لە كارو باری سیاسی عێراق پێیانوایە، قۆناغی ئێستا كە سەرەتای قۆناعی دوای (داعش)، قۆناغی ململانیەكانە هەر لە ململانێ سیاسیەوە تا ململانێی چەكداری لەسەر ئاستی تەواوی پێكهاتە و مەزهەبەكان.
ئەوەی پاڵنەری پشت ئەم مەترسیانەیە، ناكۆكیە نێوخۆییەكانی لایەنە شیعەكان و زۆری میلیشیای چەكداری شیعە كە زیاتر لە 40 گروپ پێكدێت و فرەیی مەرجەعی بڕیاردانی شیعەكانە، كە هاوشێوەی پێكهاتە ومەزهەب و نەتەوەیەكی تری عێراق، ئەمڕۆ شیعەكانیش خاوەنی یەك مەرجەعی بڕیار نین و بەزەقی پەرتەوازەزیی و فرە گوتارییان پێوە دیارە.

سەركەوتنی سەربازی و شكستی سیاسی
گومانی تێدا نییە هێزە عێراقییەكان كە میلیشیا شیعەكان بڕبڕەی پشتی پێكدێنن سەركەوتنی سەربازی گەورەیان لە دژی داعش تۆمار كردووەو گەورە شارەكانییش لێسەندوونەوەوەو چارەنووسی ئەو رێكخراوەیان كە لەسەر پێكهاتەی سوننە حیسابە، بەرەو شكستی یەكجارەكی بردووە بەڵام لەبەرانبەردا بە هۆی پەرتەوازەیی و ململانێكی حیزب و لایەنە شیعییەكانەوە و شكستی سیاسی گەروە چاوەڕێیان دەكات ئەگەر تا هەڵبژاردەكان ماڵی پەرتەوازەیان یەكنەخەنەوەو لە نێوان ئێران و ئەمریكادا خۆیان ساغ نەكەنەوە، چونكە ئێستا رەوتێكی گەورە لە ناو شیعەكان پێیان وایە جگە لە تاران شیعە دەبێت لەگەڵ ئەمریكاو جیهانی عەرەبیشدا خۆی بگونجێنێت. 

خۆگونجاندن لەگەڵ سیاسەتی نوێی ئەمریكا
سەرهەڵدانی ئەم رەوتە لە بیركردنەوە لە ناو شیعەكان بەرانبەر بە هاوبیر و مەرجەعی تایفییان یەكەمجار دۆخی سیاسی عێراق لە ماوەی (14) ساڵی دوای رووخانی رژێمی بەعس دەگرێتەوە، وەلی بە بۆچوونی چاودێران، بێجگە لە شەڕی دەسەڵات و پاوانخوازی ئەم سیاسەتە نوێیە شیعەكان بۆ خۆگونجاندنە لەگەڵ سیاسەتی نوێی ویلایەتە یەكگرتووە ئەمریكا لە عێراق.
ئیدارەی ویلایەتە یەكگرتووە ئەمریكا لەگەڵ دەستبەكاربوونی دۆناڵد ترامپ، سیاسەتێكی جیاوازی لە عێراق خستۆتە بواری جێبەجێكردنەوە، كە بریتیە لە سیاسەتی كرانەوەی عێراق بەرانبەر بە وڵاتانی عەرەبی و دورخستنەوە لە ئێران.
لەو چوارچێوەیەدا ژمارەیەكی بەرچاو لە شیعەكان لەسەرووی هەمووشیانەوە رەوتی سەدر بە سەرۆكایەتی موقتەدا سەدڕ و حەیدەر عەبادی سەرۆكی وەزیرانی عێراق، گەیشتونەتە ئەو بڕواییەی خۆنەگونجاندن لەگەڵ سیاسەتی نوێی ویلایەتە یەكگرتووە ئەمریكا لە عێراق، زیان بە پێگەی شیعە لە عێراق دەگەیەنێت، هەر بۆیە بە رای ئەوان خۆگونجاندن و دوركەوتنەوە لە ئێران لە دۆخی ئێستا تاكە زامنی پاراستنی پێگەی شیعەیە لە عێراق.

كرانەوە بە رووی سعودیە 
كرانەوە بە رووی شانشینی سعودیە یەكێكە لەو هەنگاوانەی شیعەكانی عێراق، كە ئێرانی تەواو سەغڵەت كردووە، چونكە تاران، ریاز بە لەمپەری سەرەكی بەردەم هەژمونخوازی خۆی لە ناوچە دەبینێت، هەر بۆیە زیاد لە چەندجارێك ئێران بە شێوەی نهێنی هۆشداری داوەتەوە لایەنە شیعەكانی عێراق، بەوەی نابێت كرانەوەی عێراق لەگەڵ شانشینی سعودیەی سوننەو سەچاوەی وەهابیەت لەسەر حیسابی بەرژەوەندییەكانی عێراق ـ ئێران بێت.
لەم دۆخەدا ئەوەی پاڵپشتی یاخود یاوەری بوچوونەكانی حەیدەر عەبادی و رەوتی سەدڕ دەكات، ئایەتوڵا عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەكانە لە نەجەف، كە ئەمەی دواییان دەیەوێت شیعەكان لە رووی مەرجەعی مەزهەبیەوە لە ئێران داببڕێت و جڵ‌وەی شیعەكانی جیهانیشی لە بن دەست دەربێنێت.
لە بەرانبەر ئەم هەنگاوەدا، نوری مالێكی سەرۆكی حیزبی دەعوە و لیستی دەوڵەتی یاسا و رێكخراوی بەدر دوو هاوپەیمانی بەهێز و سەرسەختی ئێران، بەڵام بەهۆی ناكۆكی نێوان ئەم دوو لایەنە، تائێستا ئێران نەیتوانیوە پێش بە هەنگاوەكانی سەدر و عەبادی بگرێت.

ئێران و هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عێراق
ئەوەی زیاتر كۆماری ئیسلامی ئێرانی نیگەران كردووە، دژواری كاتەكەیە، كە عێراق لە هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی پارێزگاكان و ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق نزیك دەبێتەوە كە وابڕیارە لە مانگی نیسانی ساڵی داهاتوو بەڕێوەبچێت و نێوماڵی شیعەش بەم پەرتەوازەیە، ئەمەش بۆ ئێران جێگەی قەبوڵ نییە، چونكە تاران دەیەوێت لە یەكەم هەڵبژاردنی دوای قۆناغی داعش پێگەی خۆی لە عێراق بەهێزتر بكات.
ئەم خواستەی كە ئێران هەنگاوی بۆ دەنێت، لە كاتێكدایە موقتەدا سەدر، جیاواز لە پێشووی پشت لە ئێراو و رووەو وڵاتانی عەرەبی هەڵگەڕاوتەوە و خۆی لە هەژموونی تاران بەدوورگرتووە، هەرچی عەممار حەكیم دوای وازهێنانی لە ئەنجومەنی باڵای ئیسلامیی، رەوتێكی سیاسی نوێی بە ناوی رەوتی حكمە دروستكردووە، مالیكی و رێكخراوی بەدریش لە ناكۆكی قولدان و حەیدەر عەبادیش تا دێت هەوڵی بەدەستهێنانی پاڵپشتی زیاتری ئەمریكا دەدات.
ئەم دۆخە بۆ ئێران جیگەی نیگەرانیەكی زۆر قوڵە كە عێراق بە پردی پەڕینەوە بۆ شام دادەنێت و هەڵقەی بەستنەوەی هیلالی شیعیە، هەر بۆیە هەموو هەوڵەكانی تاران یەكخستنی شیعەكانی عێراقە بۆ هەڵبژاردن بە لیستێكی یەكگرتوو یاخود رازیكردنی هەموو شیعەكان بۆ یەكگرتن لە هاوپەیمانیەكی یەكگرتوودا لە دوای هەڵبژاردنەكان.

نێوەندگیری یەكەم هەنگاوی تارانە
لە ئێستادا ئێران بە تەواوی جموجۆڵەكانی بۆ پێشگرتن بە سیاسەتی نوێی ویلایەتە یەگترتووەكانی ئەمریكا و شانشینی سعودیە لە عێراق كردووە، لە چوارچێوەیەدا سەردانەكەی مەحموود هاشمی شاهرودی، سەرۆكی ئەنجوومەنی دەستنیشانكردنی بەرژەوەندییەكانی رژێمی ئێران بۆ عێراق، بە یەكەم هەنگاوی ئێران دێت.
مەحموود هاشمی شاهرودی، لەگەڵ سەركردە باڵاكانی شیعەكانی عێراق كۆبۆتەوە، تا بە راستەوخۆ تیڕوانینی ئێران بۆ ئایندەی عێراق لە هەڵبژاردنەكانی داهاتوو بگەیەنێتە حیزب و لایەنە شیعەكان.
بەپێی ئاژانسەكانی ئێران، مەحموود هاشمی شاهرودی، یە تایبەتی لەلایەن عەلی خامنەیی، رابەری شۆڕشی ئیسلامیی ئێران نێردراوە و ئەركی راسپێردراوی یەكخستنی حیزبە شیعەكان، ئەمەش وەك ئامادەكارییەك بۆ بەشداریكردنی شیعە بەیەك لیست لە هەڵبژاردنەكانی داهاتوودا.
ئەركی سەرەكی شاهرودی تواندنەوەی بەستەڵەكی ناكۆكیەكانی نێوان مالیكی و رێكخراوی بەدرە بە پلەی یەكەم، تا ئەگەر لەگەڵ لایەنەكانی تر نەگەیشتن بە رێككەوتن، ئەم دوو لایەنەی هاوپەیمانی ئێران سەركردایەتی بەرژەوەندییەكانی تاران لە عێراق بكەن.

ململانێی مەرجەعی
نا تەبایی شیعەكانی عێراق لەگەڵ ئێران بە تەنها كایەی سیاسی نەگرتۆتەوە، بەڵكو زەمەنێكی زۆرە بە شێوەی خەفەكراو ئەم ململانیە لەسەر مەرجەعیەتی مەزهەبی لە نێوان نەجەف و قومی ئێرانی درێژەی هەیە.
ئێران مەرجەعیەتی قوم بە مەرجەعی مەزهەبی هەموو شیعەكانی جیهان بە شیعەكانی عێراقیشەوە دادەنێت و لەو چوارچێوەیەدا تائێستا سەركەوتوو بووە، لە بەرانبەردا ویلایەتی فقهی لە عێراق دەیەوێت ئەم مەرجەعیبوونی مەزهەبیە بگێڕێتەوە بۆ نەجەف كە تەنانەت 14 ساڵ داڵدەی رابەری شۆڕشی ئێران ئایەتوڵا خومینیشی داوە.
لەم روەوە ویلایەتە ئەیكگرتووەكانی ئەمریكا و وڵاتانی عەرەبی سوننی پاڵپشت و هاوكارن بۆ گێڕانەوەی ویلایەتی فقهی بۆ نەجەف و دەرهێنانی لە ژێر دەستی ئێران بە مەبلەستی كەمكردنەوەی هەژموونی ئێران لە ناو پێكهاتەی شیعە لە ناو وڵاتەكانیان.
هەر ئەمەشە ناكوكی توندی لە نێوان عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەكانی عێراق و عەلی خامنەیی رابەری كۆماری ئیسلامی دروستكردووە، رەتكردنەوەی بینینی مەحموود هاشمی شاهرودی-ش، نوێنەری خامنەیی لەلایەن سیستانیەوە، لە چوارچێوەی ئەو ناكۆكیانەدا دێت، كە رەنگە لە نەخشەی هاوپەیمانییەتییەكانی هەڵبژاردنەكانی داهاتوودا رووتنر دەربكەوێت.


‌ 228 جار بینراوه‌
9/9/2017 10:45:58 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved