»  کوردستان
ئەمریكا رێگری لە رادەستبوونی چەكدارانی داعش بە پێشمەرگە دەكات
 رەوان تاڵیب



بەوتەی بەرپرسێكی یەكێتی لە مەخمور، مەبەست لە كردنەوەی سەربازگەیەكی ئەمریكی لە دەشتی قەراج دەگەڕێتەوە بۆ رێگرتن لە رادەستكردنی دیلەكانی داعش بە توركیاو سعودیە بە هاوشێوەی سەوداكەی تەلەعفەر.
رەشاد خدر گەڵاڵی لێپرسراوی كۆمیتەی مەخموری یەكێتی نیشیتمانی كوردستان، لە لێدوانێكیدا بۆ (هەواڵ) رایگەیاند:”ئەمریكا هەستی بە بوونی مەترسی كردووە لەكاتی كۆنترۆڵكردنەوەی قەزای حەویجە سیناریۆی تەلەعفەر دووبارە ببێتەوە بەمەش جارێكی دیكە سەركردەو ئەمیرەكانی داعش كە خۆیان رادەستی هێزەكانی پێشمەرگە دەكەن بدرێنەوە بە وڵاتانی توركیا و سعودیا”، روونشیكردەوە:”هۆكاری دانانی ئەو سەربازگە گەورەیەشی لە ناوچەی پونگینەی سەر بە قەراج دەگەڕێتەوە بۆ ئەو مەترسیە”.
بەوتەی لێپرسراوی كۆمیتەی مەخمور ، بەپێی ئەو بەرنامە و پلانانەی دانراوە ئەگەر رێكەوتن و هەماهەنگی بكرێت لە نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراقی بۆ كۆنترۆڵكردنەوەی حەویجە، ئەوە هێزی ئەمریكا هەماهەنگیان دەبێت لە رێگای وشكانی و ئاسمانیشەوە، باسی لەوەشكرد:”بەڵام ئەگەر رێكنەكەوتن ئەوە كارەكە قورس دەبێت و حكومەتی عێراقیش دوو رێگای لەبەر دەستدایە بۆ چوونە حەویجە ئەوانیش لە نزیك عەلەم و رۆژهەڵاتی شنگالە، ئەو بەشەشی دەمێنتەوە بەدەستی پێشمەرگەوە كە چواردەوری قەزای حەویجە داوە بەتایبەت لە ناوچەی زاب تا دەچێتە حەویجە”.
گەڵاڵی، ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد:”بەشداریپێكردنی پێشمەرگە گرنگە، چونكە لەكاتێكدا رێگری بكرێت لەبەشداریكردنیان ئەو سەربازگەیەی ئەمریكا دەچێتە پێش سەنگەرەكانی هێزكانی پێشمەرگە و بەتایبەت لە رۆژئاوای دووبز و تا دەگاتە باشوری رۆژئاوای موسڵ، ئەوەش رێگری دەكات لە خۆبەدەستەوەدانی دەسەڵاتدارانی داعش لە حەویجە”، ئەوەشی نەشاردەوە:”ئەمریكا باش دەزانێت كە پەیوەندیەكانی توركیا و سعودیا لەگەڵا هەرێمی كوردستان پتەوەو رۆڵشیان ئەبێت لە گواستنەوەی داعشەكان بۆ ئەو وڵاتانە، بۆیە دەیانەوێ‌ رێگری بكەن لە خۆبەدەستەوەدانی داعش بە پێشمەرگە”. 
لێپرسراوی كۆمیتەی مەخموری یەكێتی نیشیتمانی كوردستان”باسی ئەوەشیكرد:”ئەمریكا لەلای ئاساییە كە داعش خۆی رادەستی حكومەتی عێراق بكەن و لە ئێستاشدا عێراق بەرەسمی داوای ئەو دیلانەی كردوە كە لەكاتی كۆنترۆلكردنەوەی تەلەعفەر كەوتوونەتە دەستی هێزەكانی پێشمەرگە”.

‌ 457 جار بینراوه‌
9/16/2017 10:17:17 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved