»  راپۆرت
مەترســی حـەویجـە بۆ ســــەر كـەركـوك
ئا/ سەنگەر كاكۆ

ئەنجامدانی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی كوردستان و ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی قەزای حەویجەو ناحییەكانی دەوروبەری لە تیرۆریستانی داعش، دوو پرسی گەرمی رۆژن و هەمووچاوەكان لەسەر ئاستی ناوخۆیی و هەرێمایەتی و تەنانەت نێوەدەوڵەتیش لەسەر ئەو دوو پرسەن.

ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی حەویجە
تائێستا شارۆچكەی حەویجە بە ناحیەكانی دەورووبەرییەوە، لەژێر چنگی داعش ماونەتەوە و رزگار نەكراون، سەرەڕای ئامادەسازییەكان لەلایەن حكومەتی عێراقەوە، بەڵام تا ئەم ساتە كاتی دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنەكە دیار نییە، لەگەڵ ئەوەشدا هەموو ئاماژەكان بۆ ئەوە دەچن، ئان و ساتی دەستپَكردنی ئۆپەراسیۆنەكە هاوكات یاخود چەند رۆژێك پێش ئەنجامدانی ریفراندۆم بێت، ئەمەش خۆی لە خۆیدا چەندین شیكاری سیاسی و سەربازی هەڵدەگرێت.

رووداوەكانی مەندەلی
رووداوەكانی چەند رۆژی رابردووی ناحیەی مەندەلی و هێنانە خوارەوەی ئاڵای كوردستان لەلایەن چەكدارانی عەسائیبی ئەهلی حەق و عەرەب و توركمانەكان لەو ناحیەیە، سەرەتای ئاماژەیەكی مەترسیدارن، كە بۆنی نانەوەی پشێوی و ئاژاوەی زیاتری لێ دەكرێت و ئەگەری هەیە ئەم كارە لە بەشێك لەناوچە داربڕێنراوەكانی تر دووبارە ببنەوەو گەلی كورد تووشی شەڕێكی تری نەخوازارو بكەنەوە.
 مەترسی حەویجە، لە رابردوو، ئێستاو ئایندە 
لە دوای پرۆسەی ئازادی عێراقەوە، شارۆچكەی حەویجە هەمیشە مەترسییەك بووە بۆسەر كەركوك، لەبەر ئەوەی كۆنە بەعسیییەكان لەو شارۆچكەیەوە پیلانی ژەهراویان دژ بە كەركوك دادەڕشت و رۆژانە كەركوكیان دەكردە ئامانجی كردەوە تیرۆریستییەكانیان، كەواتە هەمان بەعسییەكانی پێشوو دوای پرۆسەش حوكمی ئەو ناوچەیان دەكرد، بەڵام بە جلوبەرگێكی ترەوە.
لەگەڵ سەرهەڵدانی داعش لە عێراق و داگیركردنی موسڵ لەلایەن ئەو تاقمە تیرۆریستەو هەڵاتنی سوپا لەناوچەكانی باشورو خۆرئاوای كەركوك، جارێكی تر شارۆچكەی حەویجە بە خۆی و ناحییەكانی دەوروبەرییەوە كەوتنە ژێر چنگی داعش و جارێكی تریش كۆنە بەعسییەكان بە ریشێكی درێژەوە، كەوتنەوە پیلان دانان دژ بە كەركوك و كەركوكییەكان و تا ئەم ساتە داعش لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا دەیان هێرشی بۆسەر سەنگەرەكانی هێزی پێشمەرگە لە دەوروبەری كەركوك ئەنجامداوەو لەگەڵ دووجاریش دزەیان كردە نێو شارەكەوەـ، بەڵام هەمووجارەكان لەلایەن هێزەكانی پێشمەرگە، ئاسایش ، دژەتیرۆر، پۆلیس و هاوڵاتیانی قارەمانی شارەكەوە شكست بە پیلانەكانیان هێندراون.
ئێستاش جارێكی تر لەسەروبەندی دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی  قەزاكە  لە تیرۆریستان، دیسان حەویجە بووتەوە مایەی مەترسی و هەڕەشەیەكی گەورەتر بۆ سەر كەركوك و كوردو كوردستان، چونكە ئەنجامدانی كاتی ئۆپەراسیۆنەكە زۆر مەترسیدارترە لە مانەوەی داعش لە حەویجە، كە هیچ دوور نییە كاریگەری زۆر خراپ لەسەر ئەنجامدانی ریفراندۆم دروست بكات و حەشدی شەعبی و سوپای عێراق بە بیانووی ئەو ئۆپەراسیۆنەوە بیانەوێت جارێكی تر لە كەركوك نزیك ببنەوە، بە نزیكبوونەوەی سوپاو حەشدی شەعبی لە كەركوك، دۆخەكە زۆر خراپ دەبێت و ئەنجام و دوارۆژێكی باشی نابێت.

هاتنی ژمارەیەكی زۆری هێز
هاتنی هێزێكی (42) هەزار چەكداری سوپای عێراق حەشدی شەعبی بە تەواوی پێداویستییە جەنگییەكانەوە بۆ كۆنترۆڵكردنەوەی شارۆچكەی حەویجە، هێندەی تر گومان و مەترسییەكان لەسەر كەركوك و پرسی ریفراندۆم گەورەتر دەكاتەوە، كە ئەگەر لە حاڵەتی ئێستاشدا هیچ كارێك نەكات، ئاخۆ گرەنتی بۆ دوای كۆنترۆڵكردنەوەەی حەویجە لە چیدایە كە ئەو هێزە جارێكی تر پەڵپ و بەهانە نەگرێت  بە مەبەستی داواكردنەوەی ئەو شوێنانەی پێشتر لێی نیشتەجێبوو، كە لە ماوەیەی شەوو رۆژێكدا لە ترسی داعش بە بێ تەقاندنی تاكە گوللەیەك تەواوی شوێنەكانیان چۆڵكرد و هەڵاتن.


پیلانگێڕی ناوخۆیی و هەرێمایەتی
تائێستا بەشێكی زۆر لەسەر ئاستی ناوخۆیی و هەرێمایەتی، تەنانەت نێودەوڵەتیش وەك ئەوەی لە دژی ئەنجامدانی ریفراندۆمن بە تایبەتی لەناوچە داڕێنراوەكان، كەمن ئەوانەی كە هاوسۆزی میللەتی كوردن بۆ ئەوەی وەك تەواوی گەلانی دنیا بڕیار لەچارەنووس و ئایندەی خۆی بدات، ئەمەش وا دەكات لەم ماوەیەدا زۆرترین پیلانگێڕی دژی پرسی ریفراندۆم بە تایبەتی لە ناوچە داربڕێنراوەكان بدەن و دۆخەكە بەشێوەیەك بشڵەقێنن كە ئاساییوونەوەی كارێكی ئاسان نەبێت، هەربۆیە پێویستە هێزی پێشمەرگەی كوردستان لەسەنگەرەكان و ئاسایش و پۆلیس و لەناوشار بەوپەڕی وریاییەوە مامەڵە بكەن و هیچ درزو كەلێنێك بۆ تیرۆریستان و ناحەزان نەهێڵنەوە تا دۆخەكە بشێوێنن و هاوڵاتیانیش هاوكاری پێشمەرگەو دەزگا ئەمنییەكان بكەن لە لە رووی زانیاری و هەر دیاردەیەكی گوماناوی.

‌ 189 جار بینراوه‌
9/16/2017 10:18:34 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved