»  وتاری هەفتە
چاوەڕوانی هەڵوەرینی زیاتر بن
بورهان حاجی سلێمان



وەنەبێت ناڕازییەكانی ناو یەكێتی تەنها هەر ئەو سەركردەو كادیرانە بوون، كە لەگەڵ جێگری ئەوكاتی سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان كۆچكردوو نەوشیروان مستەفادا رۆیشتن یان جەماوەری توڕەی یەكێتی تەنها هەر ئەوانە بن كە لە هەڵبژاردنەكەی 25 تەمموزی 2009ی پەرلەمانی كوردستان دەنگیان بە بزووتنەوەی گۆڕانی جیابوەوە لە یەكێتی دا، بەڵكو خەڵكێكی زۆر چ لە ناو كادیری حیزبی و چ لە ناو جەماوەردا، لەبەر خۆشەویستی مام جەلال و مێژووی پڕ سەروەری یەكێتی یان لە سۆنگەی ئەو راستییەی كە هەر جیابوونەوەیەك لە زۆنەكەدا بە زیانی هاوسەنگی سیاسی هەرێمی كوردستان دەشكێتـەوەو ئەوەندەی تر باڵانسەكە تێكدەدا، بەرداومبوونە لە كاركرن لەناو ریزەكانی یەكێتی یان دەنگدان بەو حیزبە لە پرۆسەكانی هەڵبژاردندا.
ئەو چانس و دەرفەتەی ئەو ناڕازییانەی كە لە ناو یەكێتی ماونەتەوە، جارێكی دیكە دایانەوە بە حیزبەكەیان، دەبوایە بۆ ریفۆرمێكی راستەقینەو ئاشتكردنەوەیەكی هەمیشەیی نەك كاتی نێوان یەكێتی و جەماوەر بقۆزرێتەوە، بۆ گێڕانەوەی پێگەو هێزی جەماوەریی یەكێتی و بەخشینی شەرعیەت و بوێری بۆ گۆڕانكاری سیاسەتی یەكێتی بخرایەتەگەڕ، بەڵام  لە بری ئەوە لە دوای نەخۆشكەوتنی مام جەلال و غیابی لە گۆڕەپانەكە، سەركردایەتی یەكێتی یان راستتر مەكتەبی سیاسی ئەو حیزبە لە بری ئەوەی ئەو راچەڵەكەینە گەورەیە بە ئاگایان بێنێـەوەو پشت بەستن بەو رەوتە ناڕازییە هەوڵی راستكردنەوەی سیاسەتی خۆیان بدەن و لە غیابی تاڵەبانیدا بە بەرپرسیارێتی سەرشانی خۆیان هەڵسن، دێن لە زنجیرە سیناریۆیەكی لێكچوودا، یاری بە هەستی ئەو خەڵكە ناڕازییەو سەرجەم یەكێتییە دڵسۆزەكان دەكەن و بۆ مەرامێكی تایبەت دەكەونە رەخنەگرتن لە سیاسەتەكانی حكومەتی هەرێم و پارتی و ئۆپۆزسیۆن ئاسا یەكێك باس لە پارەی سەفتەكراوی ژێرزەمین و زێرابەكان دەكات و یەكێكی دیكە بە سەندنەوەی چەند وردە پۆستێك لە پارتی و برادەرێكی دیكە بە لێدوانی ئاگرین دژ بە پارتی و سیاسەتەكەی تا ئەو كاتەی ئەو حیزبە ئاوڕیان لێدەداتەوەو مامەڵەی راستەخۆیان لەگەڵ دەكات، ئیتر دەبنە دۆستی ئەو حیزبەو جێبەجێكاری ئەجێنداو سیاسەتەكانی لە ناو یەكێتی، كە دوا جار بەسەرهەڵدانی كێشەو دووبەرەكییەكی دیكە كۆتایی دێت، چونكە ناكرێت تا دوێنێ خەڵكت لە دژ سیاسەتێك جۆش دەدا و ئێستا بێیت و  داوای لێ بكەیت تاكو لەگەڵ خۆتدا دوای بكەون!
ئەم دیاردە ناشرینە كە سوكایەتییەكی گەورەیە بە جەماوەر و هەڵگرانی بیری یەكێتی، هۆكارێكی سەرەكییە بۆ لەدەستدانی متمانەی هاوڵاتیان بەم سەركرادیەتییەی ئێستای یەكێتی، كە پێویستە حاڵی ببن سیاسەت بەو جۆرە ناكرێت و هەموو ئەزموونەكان ئەوە دەسەلمێنن كە سەركەوتن بە پەیژەی پارتیدا كەوتنی بەدواوەیە، ئێوەش زۆربەتان كەوتوونە، بۆیە ئەم مەكتەب سیاسیەی ئێستای یەكێتی لە هەموو كات زیاتر پێویستی بۆ هەڵوەشاندنەوەو سەر لەنوێ بونیادنانەوە لەسەر بنەمای ئەو ئامانج و دروشمانەی یەكێتی لە پێناویدا دروستبووەو رووبارێك خوێنی بۆ رشتووە، هەیە، ئەگەر نا هەڵوەرین لە جێگەی گەردەلوول بەردەوامی دەبێت.    



‌ 5020 جار بینراوه‌
9/23/2017 1:27:02 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
راپرسی
کێ بەرپرسە لەم دۆخەی ئێستای کوردستان؟

سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved