»  راپۆرت
ریـفـرانـدۆم بـەنـزیـنـخانــەكانی كـەركــوك قــەرەباڵغ دەكـــات
ئا / هەواڵ

چەند رۆژێكە بەهۆی نزیكبوونەوەی وادەی ئەنجامدانی ریفراندۆم، بەنزینخانەكانی كەركوك قەرەباڵغییەكی زۆریان پێوەدیارەو بەڕێوەبەری دابەشكردنی بەرهەمە نەوتییەكانیش دڵنیایی دەداتە هاوڵاتیان و شۆفێران كە مەترسی لەسەر كەمبوونەوەی بەنزین نییەو بەنزینخانەكانیش بەردەوام  بە رووی شوفێراندا كراوە دەبن.
لەگەڵ هەر پێشهات و بۆنەو رووداوێكدا، داواكاری لەسەر خۆراك و سوتەمەنی زیاد دەكات و بەهۆی نەبوونی متمانە بە حكومەت لەلایەن هاوڵاتیان و نەبوونی بەرنامەو پلانی گونجاوەوە لە لایەن حكومەتەوە، لە ئێستاشدا كەركوك بەدەر نییە لەو دیاردەیەو لەگەڵ نزیكبوونەوەی وادەی ریفراندۆمەكەی هەرێمی كوردستاندا كە بڕیارە دوو رۆژی دیكە بەڕیوەبچێت و هاوكات لەگەڵ هەڕەشەكاندا، قەیرانی سووتەمەنی بەشگتی و بەنزین بە تایبەتی لە شاری كەركوك سەریهەڵداوە.  
مستەفا رەشید، بەڕێوەبەری دابەشكردنی بەرهەمە نەوتییەكانی كەركوك لە لێدوانێكیدا بۆ (هەواڵ) رایگەیاند:" هیچ مەترسییەك لەسەر كەمبوونەوەی بەنزین و نەوت و گاز لە شارەكە نییەو بۆ رۆژانی داهاتووش بەهەمانشێوەی ئاسایی بەنزین لە بەنزینخانەكان دابەش دەكرێن".
بەڕێوەبەری دابەشكردنی بەرهەمە نەوتییەكانی كەركوك  وتی:"  ئەو قەرەباڵغییەی لە چەند رۆژی رابردوودا  لە هەندێك لە بەنزیخانەكان دروست بووە، هۆكارەكەی نزیكبوونەوەی وادەی ئەنجامدانی ریفراندۆم بووە، كە بەشێك  لە شوفێران و هاوڵاتیان روویان لە بەنزینخانەكان كردووە بۆ ئەوەی بەنزینی زیاتر وەربگرن  ئەوەش بووەتە هۆكاری قەرەباڵغی".
بەڕێوەبەری دابەشكردنی بەرهەمە نەوتییەكان وتیشی:" دڵنیایی تەواو دەدەینە هاوڵاتیان و شوفێران كە هیچ قەیرانێكی بەنزین لە ئارادانییەو بەردەوامیش بەنزینخانەكان كراوە دەبن".
ئاشكراشیكرد:" بەرهەمەكانی نەوت و گاز لە كەركوك دابین دەكرێن و بەنزینیش لە كۆمپانیاكانی قەیوان دابین دەكرێت، بۆیە هیچ مەترسییەك لەسەر كەمبوونەوەیان نییە".
ئاماژەی بەوەشكرد:" رۆژانە بڕی (600) هەزار لیتر بەنزین بۆ كەركوك دابین دەكرێت  بۆ پڕكردنەوەی پێداویستییەكانی شارەكە ".
نەشیشاردەوە:" زۆرجار هاوڵاتیان و شوفێران خۆیان دەبنە هۆكاری ئەوەی قەیران دروست بكەن، لە كاتێكدا هیچ قەیرانێك لە ئارادانییە".
هەر لەو بارەیەوە ئەحمەد عەسكەری سەرۆكی لیژنەی نەوت و وزە لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، بۆ (هەواڵ) رایگەیاند:"  زۆرجار شوفێران و هاوڵاتیان خۆیان قەرەباڵغی لە بەنزینخانەكان دروست دەكەن، چونكە وادەزانن بەنزین نامێنێت".
سەرۆكی لیژنەی نەوت و وزە لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك وتیشی:" ئەو بڕە بەنزینەی بۆ كەركوك دێت وەكو رۆژانی تر دابەش دەكرێت و هیچ مەترسییەك لەسەر كەمبوونەوەی بەنزین نییەو بەردەوامیش بەنزینخانەكان بەڕووی شوفێران و هاوڵاتیان كراوە دەبن".
ئەحمەد عەسكەری  وتیشی:" پێویست ناكات هاوڵاتیان شوفێران، نیگەرانی ئەوە بن كە بەنزین كەمدەبێتەوە، چونكە تائێستا هیچ مەترسییەك لەو رووەوە نییە".



‌ 533 جار بینراوه‌
9/23/2017 1:28:23 AM
Print Friendly and PDF
بابەتی زیاتر ...
سەرەکی  |    دەربارە  |    پەیوەندی  |    ئەرشیف
© 2015 HewalNews.com, All Rights Reserved